دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی هێرشكردنە سەر تیمی كەی ئێن ئێن لە هەولێر دەكات
  2023-04-17       327       

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ئیدانەی هێرشکردنە سەر تیمی کەناڵی كەی ئێن ئێن لە هەولێر دەکات و دەڵێت، تاوان و پێشێلكارلاییەكان زیادیان كردوەو داواش دەكات سنورێک بۆ ئەو هێرش و پێشێلکاریانە دابنرێت.

ئاوێنە: دەستەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئەمڕۆ دوشەممە، تیمێکی کەناڵی كەی ئێن ئێن، لەناو بازاڕی شاری هەولێر خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک بون بۆ کارێکی ڕۆژنامەوانی، بەڵام لەلایەن دو کەسەوە لەناکاو هێرش دەکرێتە سەریان و پەیامنێری کەناڵەکە زامدار دەکرێ، جوێن قسەی نەشیاویان پێ دەڵێن کە دور بوە لەبەهاو عورف و یاسا.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەوەشی خستۆتەڕو، ئێمە ئیدانەی ئەو هێرش و پێشێلکارییە دەکەین و نیگەرانی خۆشمان لەزیادبونی تاوان و پێشێلکارییەکان دەردەبڕین و پێویستە دەزگا ئەمنییەکان چاوکراوەتربن و سنورێک بۆ ئەو خەڵکانە دابنێن کە ئارامی و ئاسایشی شارو ژیانی خەڵک تێکدەدەن و خەڵک توشی دڵەڕاوکێ دەکەن تاوان و پێشێلکاری ئەنجام دەدەن.

جەختیشی كردۆتەوە كە نابێ هیچ کەس پارێزراوو خاوەن پارێزبەندی بێت و پێویستە هەمو ئەو خەڵکانە ڕوبەڕوی یاسا بکرێنەوەو بەتوندترین شێوە سزای خۆیان وەربگرن و پەنا بۆ سوڵحی کۆمەڵایەتی نەبردرێ و یاسا سەروەر بێت لەپێناو پاراستنی مافی هاوڵاتیان بەگشتی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×