ئاسایشی هەولێر: ئەو كەسەی پەلاماری پەیامنێرەكەی كەی ئێن ئێنی دا دەستگیركرا
  2023-04-17       1109       
پەیامنێری كەی ئێن ئێن كە ئەمڕۆ لە هەولێر هێرشی كرایە سەر

ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە، لەناو بازاڕی شاری هەولێر، كەسێك پەلاماری پەیامنێری كەناڵی "كەی ئێن ئێن"ی داوەو كەسەكەش دەستگیركراوە. دەشڵێت: میدیاكان لە هەولێر ئازادانە كاردەكەن و میدیاو میدیاكارانیش پارێزراون.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"دوای ئەوەی ئەمڕۆ دوشەممە 17ی نیسانی 2023، هەواڵێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبویەوە گوایە لەناو بازاڕی شاری هەولێر هێرشکراوەتە سەر ڕۆژنامەوانێک، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکەو لێکۆڵینەوەیان لەوبارەوە دەستپێکردو دەرکەوت، هاوڵاتییەک بەناوی (ک. س. ع.) پەلاماری رۆژنامەوانێکی داوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبار دەستیگرکراو پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کرایەوەو رەوانەی بەردەم دادوەر کرا.

جەختیشی كردۆتەوە كە "شاری هەولێر وێڕای ئەوەی شاری ئاشتی و پێکەوەژیانە، ناوەندێکە کە تێیدا میدیای ئازاد و سەربەخۆ ئازادانە کار دەکەن و میدیاو میدیاکارانیش وەک تەواوی چین و توێژەکانی تر پارێزراون و دەپارێزرێن. هاوڵاتییانی بەڕێزو هاوشارییانی خۆشەویستیش دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی سەروماڵی هاوشارییان و ئاسایش و ئارامیی شاری هەولێر ئەرکێکەو بەزاندنیان لەلایەن هەر کەس و گروپێکەوە بێت هێڵی سورەو تۆمەتباران و تاوانباران لە هەر شوێنێک بن دەستگیردەکرێن و ڕاپێچی بەردەم دادگایان دەکەین".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×