تاران نیگەرانە و باڵیۆزی عێراق لە ئێران بانگهێشت دەکات
  2023-05-14       562       

ناڕەزایەتی ئێران لەبارەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا باڵیۆزی عێراق لە ئێران بانگهێشتکرا، دوای ئەوەی بەرپرسانی هێزەکانی رۆژهەڵات بەشداری مەراسیمی کردنەوەی "یادگەی نیشتمانیی بارزانی" دەکەن.

ئاوێنە: بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی، پاش بانگهێشتکردنی فەرمی سەکردە و ئەندامانی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕێورەسمێکی فەرمی لە هەرێمی کوردستان، تاران باڵیۆزی عێراق لە ئێرانی بانگهێشتکرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناڕەزایەتی خۆی لە جوڵەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوری ئێران و هەرێمی کوردستان و بانگکردنیان بۆ رێوڕەسمی فەرمی هەرێم بە باڵیۆزی عێراق ڕاگەیاندوە.

وەزارەتەکە هاوکات ناڕەزایی توندی تارانی بە باڵیۆزی عێراق گەیاندوە و باسی لەوەکردوە، "ئەم کارانە دژی رێککەوتننامەی ئەمنی ئەم دواییەی ئێران و عێراقە".

11ی ئەم مانگە، مەراسیمی کردنەوەی "یادگەی نیشتمانیی بارزانی" لە بارزان، بە ئامادەبونی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتان بەڕێوەچو، کە تیایدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی هێزەکانی رۆژهەڵات ئامادەی بون، ئەوەش نیگەرانی لای ئێران دروستکردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×