سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان جەختدەكاتەوە كە "هیچ بڕیارێكی یاسایی و دەستوری و پەیڕەوی نییە بەناوی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە، بڵاوبونەوەی هەر شتێكیش لەو بارەیەوە لە رۆژنامەی وەقایع جارێكی دیكە یاسا شكێنییە". دەشڵێت:"یەكێتی پابەندی بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن نابێت."
ئاوێنە: لەبارەی بڵاوكردنەوەی بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمسیۆن لە رۆژنامەی وەقایعی هەرێمی كوردستان زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سایتی رەسمی حزبەكەی راگەیاند: "هیچ بڕیارێكی یاسایی و دەستوری و پەیڕەوی نییە بەناوی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە، بڵاوبونەوەی هەر شتێكیش لەو بارەیەوە لە رۆژنامەی وەقایع جارێكی دیكە یاسا شكێنییە".
جەختیشی كردۆتەوە كە "یەكێتی پابەندی بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن نابێت، چونكە تەواوی ئەو پڕۆسەیە نایاسایی بو، بۆیە ئێمە كارێك ناكەین كە دژی یاسا بێت."
هاوكات لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە سایتی رەسمی حزبەكەی وتوە "بڵاوكردنەوەی بەنایاسایی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە رۆژنامەی وەقایع، نایاساییەكی دیكەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەرێی وەزیری دادەوە پەنای بۆ بردوە، لەكاتێكدا چەندین یاسا هەن كە لە پەرلەمانەوە دەرچون و تا ئێستا رۆژنامەكە بڵاوی نەكردونەتەوە".
وتوشیەتی"یاسای كار و یاسای پەروەردە یەكێكن لەو یاسایانەی كە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگی زۆریان هەیە لەگەڵ ئەوەی ماوەی دو مانگ زیاترە لەپەرلەمانی كوردستان دەرچوێندراون، بەڵام تائێستا رۆژنامەی وەقایع ئامادەنەبوە بڵاویان بكاتەوە."