رۆژنامه‌ی الصباح: سبەینێ تێپەڕاندنی بودجە بە دەنگی زۆرینە یەکێکە لە بژاردەکان
  2023-06-07       451       

دوای ئەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممەی وەک وادەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دیاریی کرد، هێشتا پرسی گۆڕانکارییەکانی بڕگەی 13 و 14ی تایبەت بە هەرێم هەر وەک خۆی ماوەتەوە، لایەنەکان لێدوانی جیاواز دەدەن، رۆژنامەی الصباح-ی نیمچه‌ فه‌رمی عێراقیش لە ژمارەی ئەمڕۆیدا، ئاماژەی بەوە داوە کە هێشتا هەوڵەکان بۆ سازان لەسەر بڕگە جێناکۆکەکان لەئارادایە و هێشتا هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی نەکراوە و تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکەش بە دەنگی زۆرینە، یەکێکە لە بژاردەکان.

ئاوێنە: فەیسەڵ نائیلی، پەرلەمانتاری عێراق بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە لیژنەی دارایی ئامادەیە بۆ ئەوەی ئەو بڕگانەی ماون گفتوگۆیان لەبارەوە بکات، نائیلی وتووشیەتی: "هێشتا دیار نییە پرۆژەیاساکە بە دەنگی زۆرینە تێدەپەڕێنرێت یان بە سازانی لایەنەکان، چونکە هیچکام لە کوتلەکان لەوبارەیەوە هیچ زانیارییەکیان رانەگەیاندووە".

جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، بە هەمان رۆژنامەی وتووە؛ لیژنەی دارایی سەبارەت بە دوا دانیشتنەکانی پێش ناردنی پرۆژەیاساکە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بێدەنگە، کۆچەر جەختیشی کردوه‌تەوە "لیژنەکە بۆ دواهەمینجار کۆ دەبێتەوە بۆ ئەوەی بگاتە رێککەوتنێکی سیاسیی لەپێناو تێپەڕاندنی بودجە".

ئەو پەرلەمانتارە کوردە بە (الصباح)یشی وتووە، "سەرۆکی فراکسیۆنەکان دەربارەی پرۆژەیاسای بودجە کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی تێیپەڕێنن، پێشبینییش دەکەم پرۆژەیاساکە بە رێککەوتن تێپەڕێنرێت و لە چرکەساتەکانی کۆتاییدا پرسەکە چارەسەر ببێت، بەتایبەتیی کە کۆبوونەوەکانی (هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت) لەمبارەیەوە هێشتا بەردەوامن".

تورکی ئەلعەتبی، سەرکردە لە (چوارچێوەی هەماهەنگی)ـی شیعەکانیش بە رۆژنامە عێراقییەکەی راگەیاندووە "نەوەد لە سەدی ناکۆکییەکانی تایبەت بە پرۆژەیاسای بودجە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان یەکلایی کراونەتەوە"، ئەلعەتبی وتووشیەتی: "هێشتا کۆبوونەوەکان بەردەوامن، بەڵام ئەگەر پارتیی هەر سووربێت لەسەر پرسی فرۆشتنی نەوت و پێداگریی بکات لەسەر داواکارییەکانی، ئەوا تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکە بە دەنگی زۆرینە یەکێکە لە بژاردەکان".

رۆژنامەی (الصباح) لە درێژەی راپۆرتەکەدا ئاماژەی بە ناکۆکیی لایەنە کوردییەکان کردووە سەبارەت بە پرۆژەیاساکە، پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەکەی وتووە، "لە حاڵی رێکنەکەوتنی هەرێم و بەغدا؛ فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی دانیشتنی سبەینێ دەکات"، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە داوە هێشتا هەوڵەکان بەردەوامن لەلایەن هەردوو لاوە بۆ گەیشتنە رێککەوتن پێش ئەوەی پرۆژەکە بنێردرێتە پەرلەمان.

وەفا محەممەد کەریم، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە هەمان رۆژنامەی وتووە، "ئێستا تەنیا یەک خاڵی ناکۆکیی لەنێوان پارتیی و چوارچێوەی هەماهەنگییدا ماوە"، وەفا وتووشیەتی: "سێ لەو خاڵانەی رێکكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا (کە لە لیژنەی دارایی گۆڕانکارییان تێدا کراوە) لەبارەیانەوە رێککەوتووین و تەنیا یەک خاڵ ماوە یەکلایی بکرێتەوە".

لەبەرانبەر ئەم ناڕەزایی و رەتکردنەوانەی پارتیی، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جەخت لە تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکە دەکاتەوە، بورهان شێخ رەئووف بە رۆژنامەکەی وتووە: "هیچ پاساوێک لەئارادا نییە بۆ ئەوەی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە پەک بخرێت، یەکێتیی هەر لە یەکەم چرکەساتەوە لەگەڵ تێپەڕاندنی بودجەدا بووە لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵک".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×