ئاسایشی هەولێر: "زیرەك عەلی" بەهۆی وەستانی دڵییەوە گیانی لەدەستداوە
  2023-06-07       357       

ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، هاوڵاتییەك بەناوی "زیرەك عەلی" دوای ئەوەی لەسەر كێشەیەك بانگ كراوە بۆ ئاسایش لەوێ باری تەندروستی تێكچوەو لەلایەن تیمەکانمانەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام گیانی لەدەستداوە. دەشڵێت، بەپێی راپۆرتی پزیشكی دادی، دەركەوت ئەو هاوڵاتییە بەهۆی وەستانی دڵ گیانی لەدەستداوەو هیچ ئاسەوارێكی لێدان و ئەشكەنجەدان بەسەر جەستەیەوە نییە.

ئاوێنە: ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، رۆژی 5ی ئەم مانگە ئاگاداركراونەتەوە كە زیرەك عەلی محەمەد "هێرشی كردوەتە سەر كۆمپانیایەك و ویستویەتی بەزۆر پارە لەو كۆمپانیایە وەربگرێت، بۆیە بە پێویستمان زانیوە لە لامان ئامادە بێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو كە"لە یەكێك لە بنكەكانی ئاسایشی ناوشار كە سەربە بەڕێوەبەرایەتییەكەمانە، بەشێوەیەكی مەدەنییانە و بەبێ بەكارهێنانی هیچ توندوتیژییەك، لە ڕۆژی 6ی 6ی 2023 كەسی ناوبراو ئامادە کراوە، دوای لێكۆڵینەوەیەكی سەرەتایی، دەرفەتی ئەوەی پێ دراوە كە پەیوەندیی بە كەسوكاریەوە بكات تاوەكو شوێنی زانراوبێت. دواتر لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ناوشارباشور، هاوڵاتی (زیرەک عەلی) باری تەندروستیی تێکچوە، دەست بەجێ لە لایەن تیمەکانمانەوە بەپەلە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام گیانی لەدەست داوە، لە هەمان كاتدا خانەوادە بەڕێزەكەیان لە گیان لەدەستدانی كوڕەكەیان ئاگادار كراونەتەوە."

بەپێی راگەیەندراوەكەی ئاسایشی هەولێر "تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراوە، دواتر لەسەر داوای خانەوادەی کۆچکردو، تێمێکی پزیشکی دادی لە شاری سلێمانییەوە هاتن و بەشداربون لە  توێکاری و هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی. لەدەرئەنجامی ڕاپۆرتی پزیشکی دادی، دەرکەوت کە هاوڵاتی (زیرەک عەلی) بە هۆکاری (وەستانی دڵ/ الجلطة القلبية) گیانی لەدەست داوە و هیچ ئاسەوارێکی لێدان و ئەشکنجەدان بەسەر لاشەکەیەوە نیە."

ئاسایشی هەولێر داوای لە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان كردوە "بەبێ بونی زانیاری هیچ زانیاریەکی نادروست لەپێناو بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی بلاونەکەنەوە و پێش پرۆسەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان نەکەون و هەر داواکارییەکیان هەیە بەرێگای داداگاوە ئەتوانن پێشکەشی بکەن و بەرگری نەکەن لە ئەندامەکانیان کە کارێکی نایاسایی ئەنجام دەدەن."

دەقی راگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێر

دوای ئەوەی لە ڕۆژی 5ی 6ی 2023 ئاگادار کراینەوە کە هاوڵاتییەك بە ناوی (زیرەک عەلی محەمەد)، نیشتەجێی گەڕەكی (سێتاقان)، هێرشی كردوەتە سەر كۆمپانیایەك و ویستویەتی بەزۆر پارە لەو كۆمپانیایە وەربگرێت، بۆیە بە پێویستمان زانیوە لە لامان ئامادە بێت.

لەم چوارچێوەیەدا، لە یەكێك لە بنكەكانی ئاسایشی ناوشار كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەمانە، بە شێوەیەكی مەدەنییانە و بەبێ بەكارهێنانی هیچ توندوتیژییەك، لە ڕۆژی 6ی 6ی 2023 كەسی ناوبراو ئامادە کراوە، دوای لێكۆڵینەوەیەكی سەرەتایی، دەرفەتی ئەوەی پێ دراوە كە پەیوەندیی بە كەسوكاریەوە بكات تاوەكو شوێنی زانراوبێت. دواتر لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ناوشارباشور، هاوڵاتی (زیرەک عەلی) باری تەندروستیی تێک چوە، دەست بەجێ لە لایەن تیمەکانمانەوە بەپەلە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام گیانی لەدەست داوە، لە هەمان كاتدا خانەوادە بەڕێزەكەیان لە گیان لەدەستدانی كوڕەكەیان ئاگادار كراونەتەوە.

تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراوە، دواتر لەسەر داوای خانەوادەی کۆچکردو، تێمێکی پزیشکی دادی لە شاری سلێمانییەوە هاتن و بەشداربون لە  توێکاری و هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی. لەدەرئەنجامی ڕاپۆرتی پزیشکی دادی، دەرکەوت کە هاوڵاتی (زیرەک عەلی) بە هۆکاری (وەستانی دڵ/ الجلطة القلبية) گیانی لەدەست داوە و هیچ ئاسەوارێکی لێدان و ئەشکنجەدان بەسەر لاشەکەیەوە نیە.

وێڕای ئەوەی ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، ئامادەین هاوکاریی تەواوی خانەوادەی کۆچکرد و هەر لایەنێک و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بکەین، ئەگەر بیانەوێت بەشداریی پرۆسەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بکەن، لە چۆنیەتیی گیان لەدەستدانی کۆچکردو.

 بەڵام بەداخەوە چەند کەناڵێكی ڕاگەیاندن و لایەنێک، دەیانەوێت کەیسی گیان لەدەستدانی ئەم هاوڵاتییە بۆ مەرامی تایبەتیی خۆیان بەكار بهێنن و تۆمەتی بێ بنەما و دور لە ڕاستی بڵاو دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی ڕاستی و دروستیی ڕوداوەکان وەک خۆی بزانن.

لێرەوە داوا لە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان دەكەین، بەبێ بونی زانیاری هیچ زانیاریەکی نادروست لەپێناو بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی بلاو نەکەنەوە و پێش پرۆسەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان نەکەون و هەرداواکاری یەکیان هەیە بەرێگای داداگاوە ئەتوانن پێشکەشی بکەن و بەرگری نەکەن لە ئەندامەکانیان  کە کارێکی نایاسایی ئەنجام دەدەن، چونکە ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر ئەرکی سەرشانی هەمو لایەکمانە، بە پێچەوانەوە هەر کەسێک کارێکی نایاسایی ئەنجام بدات، بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین ڕوبەڕوی یاسای بکەینەوە.

بۆیە ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، دوپاتی دەکەینەوە كە هیچ جۆرە شێوازیک لەم تۆمەتە بێ بنەمایانەی کە بۆ مەرامی تایبەت ئاراستەمان دەكرێن، لە ئەرکی خۆمان ساردمان ناکاتەوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە مكوڕترمان دەکات لە جێبەجێ کردنی ئەرکەکانمان، چونکە پارێزگاریكردن لە سەروماڵی هاوڵاتیان و دانیشتوانی بەڕێزی شاری هەولێر و دەوروبەری، بە ئەركی سەرشانی خۆمان دەزانین، لەم پێناوەشدا بەبێ هیچ جیاوازییەك یاسا لەسەر هەمو تاکێکی كۆمەڵگەدا جێبەجێ دەكرێت و هیچ کەسێکیش لە سەروی یاساوە نییە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر

7ـی حوزەیرانی 2023

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×