به‌بێ جێگیرکردنی بڕگەی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی موچە، به‌ئاماده‌بونی 241 په‌رله‌مانتار كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ په‌سه‌ندكردنی مادده‌كانی پرۆژه‌یاسای بودجه ده‌ستیپێكردو مادده‌ی 14 له‌پرۆژه‌یاسای بودجه په‌سه‌ندكرا. به‌ڵام به‌هۆی په‌سه‌ندكردنی بڕگەی 8ی ماددەكه، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق‌و فراكسیۆنی پارتی دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مانیان جێهێشت‌و به‌و هۆیه‌وه دانیشتنه‌كه ڕاگیرا.
ئاوێنه: دوای ئەوەی بڕیاربو کاتژمێر 5ی ئێواره‌ی ئه‌مرۆ دانیشتنی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی پرۆژه‌یاسای بودجه دەستپێبکات، بەهۆی تەواونەکردنی رێژەی یاسایی‌و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان دواخرا.
دواتر‌و كاتژمێر 11ی ئه‌مشه‌و كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق به‌ئاماده‌بونی 241 په‌رله‌مانتار بۆ په‌سه‌ندكردنی مادده‌كانی پرۆژه‌یاسای بودجه ده‌ستیپێكردو مادده‌ی 14 له‌پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024، 2025 په‌سه‌ندكرا.
مادەی 14ی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق کە بەهۆی ناکۆکییەوە لەسەری له‌كۆبونه‌وه‌ی شه‌وی ڕابردوی په‌رله‌مان په‌سه‌ندنه‌كراو بۆ ئه‌مڕۆ دواخرا، تایبەتە بەداهاتی نەوت، هەژماری بانکیی، دەسەڵاتی خەرجکردن، کێڵگەکانی نەوتی کەرکوک‌و نەینەواو پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هه‌رێم. هەروەها لەبڕگەیەکی دیکەی مادەکەدا باس لەبەڕێوەبردنی دەروازەکان‌و مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
به‌هۆی په‌سه‌ندكردنی بڕگەی 8 لەماددەی 14ی پرۆژەیاسای بودجە، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق‌و فراكسیۆنی پارتی دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مانیان جێهێشت‌و به‌و هۆیه‌وه دانیشتنه‌كه ڕاگیرا.
له‌بڕگەی 8ی ماددەی 14دا هاتووه:
أ- حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە كه بەر لەهەر خەرجییەک پێویستە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم‌و خانەنشینان خه‌رجبكات، لەگەڵ پابەندبون بەخەرجکردنی شایستەکانی وەبەرهێنان بۆ پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو پێوەرانەی لەم یاسایەدا دانراون.
ب - بەپێچەوانەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕگەی (یـ)، بەتەمویلکردنیشەوە.
لای خۆیه‌وه، سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی ده‌ڵێت، یەکێتی بەهاوکاری لەگەڵ شیعەکان بڕگەی 8ی لەمادەی 14 پەسه‌ندکرد کە تایبەتە بەوەی بەغدا مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگایه‌كه‌ی هەرێمی کوردستان بکات ئەگەر شایستە داراییەکانیان دواکەوت.
ئه‌وه‌شی وت، "زۆر هەوڵماندا رێگری لێ بکرێت، به‌ڵام یەکێتی هەستا بەقوربانیدان بەپاشەکەوتی مووچە".
له‌باره‌ی بڕگه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌مادده‌ی 14دا، ئومێد محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت، بەهۆی سڕینەوەی بڕگەی پاشکەوتی موچە لەپڕۆژە یاسای بودجەی عێراق گرژی لەپەرلەمان دروستبوو دانیشتنەکەیان راگرت.
ئاماژەی بەوەشکرد، فشاریان دروستکردووە بڕگەی گەڕاندنەوەی پاشکەوتی موچە بخرێتەوە پڕۆژە یاسای بودجەوە، چونکە ماوەی دو مانگە هەوڵیان بۆ داوەو لەئێستادا هەوڵدرا ئەو بڕگەیە پشتگوێ بخرێت، بەڵام ئەوان رێگرییان کردووە.
ئەوەشی خستەڕو، ئەگەر حکومەتی عێراق یاخود حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم پابەندنەبون بەگەڕاندنەوەی پاشکەوتی موچە ئەوا پەنا دەبەنە دادگای فیدڕاڵی‌و سکاڵا لەو بارەیەوە بەزر دەکەنەوە.
هه‌روه‌ها عومەر کۆچەر، پەرلەمانتاری یەکگرتو لەپەرلەمانی عێراق له‌باره‌ی بڕگه‌ی پاشكه‌وتی موچه‌وه رايگەیاند، بابەتی پەیوەست بەپاشەکەوتی موچە هەر نەخوێندرایەوە. وتیشی، "مادەی 14 گەلێک شتی خراپی تێدایە."
بڕگه‌كانی ماددەی 14ی پرۆژەیاسای بودجە:
بڕگه‌ی یه‌كه‌م،
گشت داهاتی نه‌وتی فرۆشراوی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان له‌هه‌ژمارێكی بانكیدا كۆده‌كرێنه‌وه‌و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان سه‌رپشك ده‌كرێت به‌خه‌رجكردنی ئه‌و داهاته‌و له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵه‌وه چاودێری ده‌كرێت و گشت ئه‌و ئه‌ژمارانه‌ی دیكه داده‌خرێن كه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كراونه‌ته‌وه.
بڕگەی دووەم،
دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی کوردستان‌و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵی و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وردبینی له‌ژمارەکان ده‌كه‌ن و چاودێری ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ش ده‌كرێت كه له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌م بواره واژۆكراون له‌باره‌ی ده‌رهێنان و گواستنه‌وه‌و هه‌نارده‌ی نه‌وتەوە، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوریی حکومەتی هه‌رێمی کوردستانیش هه‌ڵده‌ستێت به‌پێداچونه‌وه‌ی مانگانەو ره‌وانه‌ی فه‌رمانگه‌ی ژمێریاری لەوه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی ده‌کات.
بڕگەی سێیەم،
ئەو هەژمارە بانکییەی کە لە بڕگەی (یەکەم)ی سەرەوەدا ئاماژەی پێکراوە، لەگەڵ سەرجەم زانیارییەکانی ناوەوەو بەرهەمەکانی لەلایەن کۆمپانیای وردبینی نێودەوڵەتییەوە وردبینی دەکرێت و راپۆرتی خولیی پێشکەش بەدیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی کوردستان دەکرێت.
بڕگەی چوارەم،
بەیاننامەی دارایی ساڵانەو نیوە ساڵانە بەواژۆی وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وردبینیکەری سەربەخۆ (کۆمپانیای نێودەوڵەتی) پێشکەش دەکرێت و کۆپییەکی پەسەندکراوی دەدرێتە وەزارەتی دارایی فیدراڵی.
بڕگەی پێنجه‌م،
لیژنەیەکی هاوبەش لەهەردولا -هه‌رێم‌و به‌غدا- پێکدەهێندرێت بۆ ئەنجامدانی پێداچونەوەی هەمەلایەنە به‌هه‌مو ئه‌و پرسانه‌ی پەیوەندی بەکەرتی نەوت و گازەوە هەیە لەهەرێم و پەیوەندی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و هەرێم.
بڕگەی شەشەم،
دوای چونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە، بڕگەکانی ئەم مادەیە (یه‌كه‌م، دووه‌م، سێیه‌م، چواره‌م، پێنجه‌م) جێبەجێ دەکرێن و تا ده‌رچونی یاسای نه‌وت و گاز كاری پێده‌كرێت.
بڕگەی حەوتەم،
کاتێک هەر جیاوازییەک لەدیدگاکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت سەبارەت بەمافەکان، ئەو پابەندبون و میکانیزمانەی لەبڕگەکانی ئەم یاسایەدا هاتووە، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردو لایەن پێکدەهێنن بۆ رەچاوکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەوادەی پێکهێنانییەوە تا پەرلەمانی عێراق بڕیاری گونجاو بدات کە لەماوەی 30 رۆژدا راسپاردەکانی پێشکەشدەکات.
بڕگەی هەشته‌م،
لەکاتی بونی کێشە لەنێوان هەردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی بەهۆی پابەندنەبوون یان جێبەجێنەکردنی بڕگەکانی سەرەوەی ماددەکە، ئەوا پارێزگاکانی هەرێم دەتوانن راستەوخۆ داوای شایستە داراییەکانیان بکەن لەحکومەتی عێراق.