فایلە دەنگیەكانی دوا گفتوگۆی قاسملو لەگەڵ بكوژەكانی پێش تیرۆركردنی بڵاودەكرێتەوە
  2019-07-17       6636       

ئا: ئاوێنە



پاش تێپەڕینی سی ساڵ بەسەر تیرۆركردنیدا، دوا گفتوگۆی قاسملو لەگەڵ بكوژەكانی پێش تیرۆر كردنی بؤ یەکەمجار بڵاودەكرێتەوە.



بەشی فارسی بی بی سی لەڕێگەی چەند كەناڵێكی نافەرمییەوە سێ‌ كاسێتی دەنگی دەستكەوتوە كە تا ئێستا لەهیچ میدیایەكەوە بڵاونەكراوەتەوەو دەنگی دوا كاتژمێری تەمەنی عەبدولرەحمانی قاسملوی تیادا تۆمار كراوە كە خەریكی گفتوگۆ بوە لەگەڵ نوێنەرانی كۆماری ئیسلامی ئێران.

بی بی سی ئاماژە بەوە دەكات كە گومان دەكرێ‌ عەبدولرەحمانی قاسملو بەنهێنی ئەم گفتوگۆیانەی تۆمار كردبێ‌‌و پاش تیرۆر كردنی كاسێتەكان دەست پۆلیس كەوتبن.


ئەم كاسێتانە دەنگی سێهەمین خولی گفتوگۆ نهێنیەكانی قاسملوە لەگەڵ محەمەد جەعفەری سەحرارودی، بەرپرسی تیمی كۆماری ئیسلامی ئێران لەڤێنا. كە جگە لەدەنگی سەحرارودی‌و قاسملو، دەنگی مستەفا ئاجودی، ئەندامی تیمی گفتوگۆی ئێرانیشی تیا دەبیسترێ‌.


لەم كاسێتانەدا سەحرارودی بەگشتی قسە دەكاو ئەوەی خۆی لەقەرەی نادا كێشەی كوردە، لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسیش دەریانخستوە كاتی ئەم گفتوگۆیانە کە قاسملو بەپەرۆشییەوە قسەی کردوە جەعفەری سەحرارودی خەریكی وێنەكێشان بوە لەسەر كاغەزەكەی بەردەمی. بەڵام لەوبەری مێزەكەوە قاسملو خەریكی شیكاری‌و شرۆڤە كردنی كێشەكان بوەەو دەربارەی مێژو، فەلسەفەی حزبەكەی‌و خواستەكانی كوردو "خودموختاری" بەرۆشنی‌و راشكاوانە دواوە.


لەبەشێك لەم گفتوگۆیانەدا، دكتۆر قاسملو بەلایەنی ئێرانی دەڵێت "ئێمە خەڵكێكی ماكسیمالیست‌و ئاكسترمیست نین"، واپێدەچێ‌ پاسدارە ئێرانیەكان لەمە تێنەگەن‌، بۆیە دەڵێت "ئێمە زیادەخوازو توندڕەو نین، چاوەڕوانی ئەوەش ناكەین هەمو خواستەكانی ئێمە بەجارێك بەدیبهێنرێن".


پاشان دەڵێت "هیچ كاتێك بەڵێنی ئەوەمان نەداوە كە كۆماری ئیسلامی دەڕوخێ‌ یان هەرەسدەهێنێ‌، ئێمە واقیعبینانە مەسەلەكان شیكاری‌و شرۆڤە دەكەین".


دەشڵێت "هەمو داخوازییەكانمان لەچوارچێوەی سنوری ئێراندایەو ئەم داخوازیانەی ئێمە ئەگەر بەدیبهێنرێن بچوكترین زیان بەیەكپارچەیی خاك‌و سەربەخۆیی ئێران ناگەیەنێت، بەپێچەوانەوە ئاسایش بۆ 900 هەزار كیلۆمەتر سنوری ئێران بەدیدەهێنێ‌‌و كوردەكانی عێراق‌و توركیاش بەرەو لای ئێران رادەكێشێن".


 قاسملو لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەغت لەوە دەكات كە "هیچ كەسێك لەئێمە ئێرانیتر نییە"‌و خوازیاری ئەوەیە لەناوچەی خودموختاری كوردستاندا، كوردی لەدوای زمانی فارسی ببێتە زمانی فەرمی‌و هێزی پێشمەرگە وەك پۆلیسی ئەم ئوستانە دابمەزرێندرێن.


لەم كاسێتانەدا، دەنگی محەمەد جەعفەری سەحرارودی دەبیسترێ‌ كە ئاماژە بەكۆچی دوایی ئایەتوڵا خومەینی دەكات، 6 هەفتە بەر لەو دانیشتنە رویداوە‌و باس لەوەسیەتنامەكەی دەكاو چەند شتێكی بێ‌ بایەخ دەكاو وەڵامی خواستەكانی كورد ناداتەوە.


بی بی سی ئاماژە بەوە دەكات، ئەم گفتوگۆیانە بەپێشنیاری جەلال تاڵەبانی سكرتێری ئەوكاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پشتیوانی ئەحمەد بن بلا سەرۆك كۆماری پێشوی جەزائیر ئەنجامدراوە، كە هەردوكیان هاوڕێی نزیكی قاسملو بون، هەردوكیشیان پەیوەندییەكی نزیكیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هەبوە.


لەخولی یەكەم‌و دوەمی گفتوگۆكاندا تاڵەبانی ئامادە بوە‌، لەخولی دوەمدا نەوشیروان مستەفاش ئامادە بوە. بەرپرسی تیمی ئێرانیش لەهەر سێ‌ خولەكەدا، محەمەدی جەعفەری سەحرارودی بوە كە لەفەرماندەكانی سوپای پاسداران بوە‌و مەڵبەندی سەرەكی چالاكییەكانیشی لەكوردستانی ئێران‌و عێراق بوە‌و پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ كوردەكانی عێراق بەگشتی‌و جەلال تاڵەبانی بەتایبەتی هەبوە.


كۆماری ئیسلامی خوازیاری ئەوە بوە خولی سێهەمی گفتوگۆكان بەنهێنی بەڕێوەبچێت‌و لەم كاسێتانەدا، سەحرارودی دەڵێت لەبەرئەوە نەمانویستوە تاڵەبانی لەدانیشتنەكەدا ئامادە بێت، چونكە ئەو لەهەمو شوێنێك باسی دەكات، "لەبەر ئەم خەسڵەتەی تاڵەبانی هەیەتی بیرمان كردەوە نەبێ‌ باشترە".


خەسرەوی بەهرامی، نوێنەری حزبی دیموكرات لەڤێنا، بەبی بی سی راگەیاندوە "بڵاوكردنەوەی پاگەندەی گفتوگۆكان لەلایەن خودی ئێرانیەكانەوە بوە، چونکە دەیانویست بیكەن بەبیانو بۆ ئەوەی جەلال تاڵەبانی ئامادە نەبێ‌، رەنگە نەیانویستبێ‌ ئەو بكوژن، یان دەیانزانی ئەگەر ئەو ئامادەی دانیشتنەكە بێ، وەك دانیشتنەكانی پێشو پێشمەرگەی یەكێتی دەیپارێزن‌و بەئەنجام گەیاندنی پیلانی تیرۆركردنەكە قورس دەبێ‌".


بەهرامی دەڵێت "كاتژمێر پێنجی بەیانی رۆژی دوای تیرۆركردنەكە، جەلال تاڵەبانی لەتارانەوە پەیوەندی پێوە كرد‌م‌و بەگریانەوە وتی: قاسملو وەك برام وابو. وتیشی: سەحرارودی بەرپرسی ئەم تیرۆركردنەیە. بەڵام زۆر بەلامەوە سەیر بو هەر هەمان رۆژ كاتژمێر چوار حزبەكەی جەلال تاڵەبانی لەراگەیاندراوێكدا حكومەتی بەعسی عێراقی بە بەرپرسی ئەم تیرۆركردنانەی ڤێنا تاوانبار كرد".

سەحرارودی سڵاو لەتاڵەبانی دەکات

بارزانی پێشوازی لەسەحرارودی دەکات

سەحرارودی‌و نێچیرڤان

سەحرارودی‌و د.بەرهەم ساڵح

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×