ئەمریکا لە نێوان بەکارهێنانی هێزی ڕەق (Hard Power)و هێزی نەرم (Soft Power)دا
  2019-07-22       1975       

کارۆخ خۆشناو

سەرۆکی ئینستیتوتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی



لە سەرەتای سەرهەڵدانی شارستانیەتی ئەمریکا لە کۆتایی سەدەی پازدەهەمەوە تاکو ئێستا دروستکەرانی بڕیاری ئەمریکا بۆ داکوتانی ڕەگ و ڕیشە و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا پشتیان بەستووە بە بەکارهێنانی هەردوو هێزی ڕەق و نەرم لە هەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا.



پرۆفیسۆر (جۆزیف نای- .Joseph S. Nye, Jr) ئەکادیمیست و ڕاوێژکاری ئیدارەی ئۆباما لە کتێبە بەناوبانگەکەی (هێزی نەرم، ڕێگەیەک بۆ سەرکەوتن لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا) ئاماژە بەوە دەکات کە لە ململانێکاندا بۆ سەرکەوتن بەسەر نەیارەکاندا پێویستە لە پاڵ هێزی ڕەق هێزی نەرمیش بەکار بهێنین.


جۆزیف نای بەم شێوەیە پێناسە و پۆڵینی هێزی ڕەق و نەرم دەکات:
 "هێزی ڕەق بریتیە لە هێزی سەربازی و فشاری ئابووری توند، هەروەها هێزی نەرمیش بریتیە لە دیپلۆماسی گشتی و تێکەڵبوونی کلتوری و هاوکاری مرۆیی و بەیەکگەیاندن و میدیا و...هتد.


ئەگەر بە خێرایی چاوێک بە مێژووی ئەمریکادا بخشێنین بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە "سەنگی مەحەک" لە سیاسەتکردنی ئەمریکادا پاراستنی بەرژەوەندیەکانیەتی لە ڕێگای بەکارهێنانی هەردوو هێزی نەرم و ڕەق (بە گوێرەی پێویست). 


کاتێک (کریستۆفەر کۆڵۆمبس) لەژێر فەرمانڕەوایی پاشای ئیسپانیا لە ساڵی ۱٤۹۲ بەرەو هیندستان بەڕێدەکەوێت، دوای ئەوەی کەشتیە چارۆگەدارەکەی ڕێڕەوی خۆی دەگۆڕێت و لە دۆرگەکانی کارائیب لە کیشوەری ئەمریکای باکور دەگیرسێتەوە، ئەوروپیەکان کاتێک دەگەنە کیشوەری ئەمریکا بۆ یەکەمجار هێزی ڕەق واتە هێزی سەربازی یان هارد پاوەر دژی هیندیە سورکان (ئەمریکیە ڕەسەکان) بەکار دەهێنن و دەست دەکەن بە داگیرکردنی خاکەیان و کوشتوبڕین و جینۆسایدکردنی خەڵکە ڕەسەنەکان کە بە هیندیە سورەکان ناسراون.


ئەمریکا لە تەمەنی (۲٤۳)ساڵی سەربەخۆیی خۆیدا بە قۆناغی جیا جیادا گوزەری کردووە، لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەهەم ئەمریکا بە (۱۳) ولایەت و لەسەر بنەمای دەستورێکی (۷) مادەیی لە دایک دەبێت، دواتر بە پشت بەستن بە هێزی نەرم و هێزی ڕەق ژمارەی ولایەتەکانی زیاد دەکات بۆ (٥۰) ولایەت، ئەمریکای ئێستا لە دوای کۆمەڵێک هەڵبەز و دابەز و هەوراز و نشێو و شەڕی ناخۆی سەردەمی (ئەبراهام لینکۆڵن)دا کە (٦۲۰) هەزار قوربانی لێکەوتۆتەوە، دواتر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ئەمریکایەکی توکمە دروست دەبێت و بە هێزێکی زەبەلاحی ڕەق و نەرمەوە دێتە سەر شانۆی سیاسی جیهان.


ئەمریکا بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لەجیهاندا زۆربەی کات پەنا دەباتە بەر هێزی نەرم  (دیبلۆماسیەت) بەڵام هەندێک جاریش کاتێک هێزی نەرم دەگاتە بنبەست، سڵی نەکردۆتەوە لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق یان هێزی سەربازی.


ئەمریکا گرنگیەکی تایبەت بە سێکتەری سەربازی یان هێزی ڕەق (هارد پاوەر) دەدات بە جۆرێک ساڵانە بوجیەکی زەبەلاحی بۆ تەرخان دەکات بۆ نموونە ساڵی ۲۰۱۹ (۷۱٦) ملیار دۆلاری بۆ تەرخان کردووە و بۆ ساڵی ۲۰۲۰ (۷۳۳) ملیاری بۆ تەرخان دەکات.


لە ئاستی دەرەکیدا ئەمریکا لەسەرتای سەدەی بیستەمەوە بە شێوەیەکی پاڕالێل گرنگی داوە بە هێزی نەرم و هێزی ڕەق، بە جۆرێک هەر کاتێک هێزی نەرم و دیبلۆماسیەت نەیتوانیبێت ئامانجەکان بپێکێت، هێزی ڕەق یان هێزی سەربازیان بەکارهێناوە بۆ نموونە لە شەڕەکانی جیهانی یەکەم و دووەم، ئەگەرچی سەرەتا ئەمریکا بێلایەن دەبێت بەڵام دواتر بەشداری دەکات و پارسەنگی هێز بەلای هاوپەیمانەکاندا دەشکێنەتەوە، بەواتایەکی تر کاتێک هێزی نەرم و دیبلۆماسیەت شکست دەهێنێت و بە هێزی ڕەق و هێزی سەربازی ململانێکانی یەکلاکردۆتەوە، مەرجیش نیە هەموو کات ئەمریکا سەرکەوتنی بەدەست هێنا بێت لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق و هێزی نەرمدا.


هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەم و دوای جەنگی جیهانی یەکەم ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق و پشت بەستن بە هێزی نەرم و دیبلۆماسیەت (کۆمەڵەی گەلان) دروست دەکەن، دوای جەنگی جیهانی دووەمیش (نەتەوە یەکگرتووەکان) دروست دەکەن، ئەمریکا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بەتایبەتی لە کۆتاییی ساڵەکانی جەنگی ساردەوە تا ئێستا، بە شێوەیەکی ستراتیژی هەردوو هێزی نەرم و ڕەقی بۆ یەکلاییکردنەوەی بەرژەوەندییەکانیان و فراوانکردنی هەژموونی سیاسی و ئابووری و هزریی خۆیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خستۆتە گەڕ.


لە ئێستادا تڕەمپ پشتی بەستووە بە هێزی نەرم (دانیشتنی بێ مەرج) و هێزی ڕەق (ئابڵوقەی ئابووری توند) بۆ بەچۆکدادانی ئێران و ڕاکێشانی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، ترەمپ بەهەمان ستایل و پێودانگ مامەڵەی لەگەڵ کۆریای باکور کردووە، لە داهاتووشدا بەهەمان ریتم بەڵام تۆزێک نەرمتر مامەڵە لەگەڵ تورکیا دەکات بۆ دەرهێنانی لە باوەشی ڕوسیا.


لە کۆتاییدا دەمەوێت لە ڕێگای ورووژاندنی چەند پرسیارێکەوە ئاماژەیەکی کورت بەوە بکەم ئایا ئێمەی کورد وەک (ئەکتەرێکی نا دەوڵەتی) تاچەند توانیومانە بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی لە هێزی ڕەق و نەرم بگەین؟


چۆن و بە چ میکانیزمێک دەتوانین هێزی ڕەقی کوردی (هێزی پێشمەرگە) یەک بخرێت و لە ژێر چەپۆکی حیزبی کوردی دەربهێنرێت و  بخرێتە ژێر چەتری حکومەت؟


چۆن و بە چ میکانیزمێک بتوانین هێزی نەرم (دیپلۆماسیەتی کوردی) لە دەرەوە بە هێز بکەین و لە ڕێگای نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم پرۆسەی لۆبیکردن بە شێوازە تەندروستیەکەی ئەنجامبدرێت؟

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×