لەنەخشەڕێگایەكدا بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق كورد داوای داننان بە "بەڕێوەبەریی خۆسەریی"دا دەكات
  2019-01-18       1726       

رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" بڵاویكردەوە بەپێی ئەو "نەخشەڕێگایە"ی كە بەرپرسانی كوردی رۆژئاوا خستویانەتە بەردەم روسیا بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق، داوایان كردوە سوریا دان بە بەڕێوەبەریی خۆسەریی باكورو رۆژهەڵاتی سوریادا بنێت و دەستوری نوێی وڵات دەستەبەری پشكیان لەسامانە سروشتییەكان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێكارانەدا بكات كە دەبنە مایەی جیاكاری، لەبەرامبەردا ئەمانیش دان بە "بەشار ئەسەد"دا وەك سەرۆكێكی هەڵبژێردراو و هەروەها بە مەركەزیەتی دەوڵەت و سنورو ئاڵاو سوپاكەیدا دەنێن.   

ئاوێنە: رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" لە ژمارەی ئەمڕۆیدا لەزاری سەركردەیەكی كوردی رۆژئاواوە بڵاوی كردۆتەوە كە ئەو نەخشەڕێگایە لە 11 بەند پێك دێت و لەلایەن سیپان حەمۆ، فەرماندەی كورد-ەوە لەمیانی دو سەردانی رانەگەیەندراویدا بۆ دیمەشق و مۆسكۆ لەكۆتایی ساڵی رابردودا خراوەتەڕو و تێیدا داوا كراوە كە لایەنی روسی ببێتە گەرەنتیكاری هەر رێككەوتنێكی نێوان دیمەشق و كوردانی رۆژئاوا.

بەپێی رۆژنامەكە دوای راگەیاندنی بڕیاری ئەمریكا بۆ كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا لەكۆتاییەكانی مانگی رابردودا، سیپان حەمۆ، سەردانی شاری "حەمیمیم" و پاشان دیمەشقی كردوە بە ئامادەبونی چەند فەرماندەیەكی سوپای روسیا چاوی كەوتوە بە بەڕێوەبەری نوسینگەی ئاسایشی نیشتمانی و وەزیری بەرگری و سەرۆكی هۆبەری هەواڵگری سەربازی سوریاو هەروەها رۆژی 29ی كانونی یەكەم سەردانی مۆسكۆشی كردوەو چاوی بە وەزیری بەرگری و سەرۆك ئەركانی سوپاو سەرۆكی ژوری ئۆپەراسیۆنەكان لە دەستەی ئەركانی سوپای روسیا كەوتوە.

بەپێی ئەو سەركردە كوردەی كە قسەی بۆ رۆژنامەكە كردوە، نەخشەڕێگاكە لە 11 بەند پێك دێت كە "شەشیان داواكاری دیمەشق"و "پێنجیان داواكاری لایەنی كوردی"ن كە بە وردی پرەنسیپەكانی تێدا خراوەتەڕو و باس لەوە دەكات "سوریا یەك دەوڵەتەو دان بە سنورە نێودەوڵەتییەكانیدا دەنرێت" و وەك "دەوڵەتێكی مەركەزی كە پایتەختەكەی دیمەشقە" ناوی دەبات و هەروەك بەشار ئەسەد وەك "سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەمو سورییەكان" بەپێی هەڵبژاردنی 2014 ناودەهێنێت.

بەندی سێیەمی نەخشەڕێگاكە باس لەوە دەكات كە سامانە سروشتییەكان سامانی نیشتمانی هەمو سورییەكانن بەوانەی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتیشەوە. 

هەرچی بەندی چوارەمی نەخشەڕێگاكەیە دان بە سیاسەتی گشتی وڵاتدا بەو جۆرەی لەدەستوردا تۆماركراوە دەنێت كە سیاسەتی دەرەوەو سەرچاوەی بڕیاری دەوڵەتی لەخۆدەگرێت كە دیمەشقی پایتەختی سوریایەو هەروەها لەدو بەندی دیكەشدا دان بە ئاڵای سوریادا دەنێت كە هەمان ئاڵای رەسمی ئێستای سوریایە بەپێی نەتەوە یەكگرتوەكان.

بەندی شەشەمی نەخشەڕێگاكە ئەوەی تێدا هاتوە كە لایەنی كوردی دان بە بونی یەك سوپای دەوڵەتدا دەنێت بەڵام ئەمە هەڵوێستێكی دانوستانكارانەیەو لەسەر ئەوە بەندە كە هێزەكانی سوریای دیموكرات كە نزیكەی 70 بۆ 80 هەزار شەڕڤان دەبن لەنێو سوپای نیشتمانی داهاتودا جێیان بكرێتەوە.

لەبەرامبەردا نەخشەڕێگاكە پێنج داواكاری كورد لەخۆدەگرێت كە یەكەمیان بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی "یاسای باری نائاسایی" و ریفۆرمكردنی دەستور بەشێوەیەك كە ببێتە هۆی هێنانەدی دەستورێكی تەوافوقی و دەركردنی یاسای حزبەكان و دامەزراندنی دەسەڵاتێكی دادوەری سەربەخۆو بێلایەن و ئەوەش بە مانای هەمواركردنی ئەو یاسایانەی لەدوای 2011ەوە دەرچون و هەروەها ریفۆرمكردنی دەستورەكەی ساڵی 2012.

لە بەندی دوەمدا داوا كراوە كە دیمەشق دان بە بەڕێوەبەری خۆسەریی باكورو رۆژهەڵاتی وڵاتدا بنێت، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو رێكارانەی كە جیاكاری بەرامبەر بە كورد دەكەن. 

لەبەندی سێیەمدا زنجیرەیەك رێكاری ستەمكارانە وەبیرهێنراونەتەوە لەوانە ئاماری ساڵی 1962 كە تێیدا هەزاران كەس لە رەگەزنامەی سوری بێبەشكراون و هەروەك داواش كراوە كە "فشاری ئەمنی" دژ بە كورد هەڵوەشێنرێتەوە.

هەروەها لە بەندی چوارەمدا داواكراوە كە دەوڵەتی ناوەندی دن بە كورددا وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی گەلی سوریا بنێت. 

هەرچی بەندی پێنجەمە داوا دەكات بودجەیەك بۆ سەرجەم ناوچەكان لەنێویشیاندا ناوچە كوردییەكان دیاری بكرێت ئەوەش بە واتای دابەشكردنی دادپەروەرانەی سامانە سروشتییەكان.

رۆژنامەكە نوسیویەتی بەرپرسانی دیمەشق ئاماژەیان بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دژ بە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان داوە لەكاتێكدا ئەگەر دانوستانەكان شكست بهێنن. 

تا ئێستا زنجیرەیەك دانوستان لەنێوان ئەنجومەنی سوریای دیموكرات و دیمەشقدا بەڕێوەچون و ناكۆكی بنەڕەتی نێوانیان داواكاری كوردە بۆ داننان بە بەڕێوەبەریی خۆسەرییدا لەكاتێكدا دیمەشق دەیەوێت تەنیا وەك ئیدارەیەكی لۆكاڵی سەیری ئەو ناوچانەی ژێر دەستی هەسەدە بكات.

بەڵام مۆسكۆ كە زیاد لە جارێك هەردو لای بۆ دانوستان هانداوە، رەشنوسی دەستورێكی ئامادە كردوە كە تێیدا هاتوە "ئەنجومەنی ناوچەكان" لەپاڵ پەرلەماندا دروست بكرێت و هەروەها بەڕێوەبەریی خۆسەریی و لامەركەزییەتیش لەو رەشنوسی دەستورەدا بە قبوڵكراو دەزانێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×