2023-09-04   778     
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئەیلوول، دوایین دانیشتن دەکات بۆ بڕیاردان لە سکاڵایەک کە بۆ رادەستکردنی پارەی بەشە خۆراکی 18 ساڵی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە بەغدا تۆمارکراوە.
ئاوێنە: بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگاکە بۆ بڕیاردانی کۆتاییە لەسەر ئەو تانەیە کە نزیکەی ساڵێکە لە دادگا تاوتوێ دەکرێت.
سکاڵاکە لەلایەن بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراکی حکومەتی فیدراڵیی عێراق دژی وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە بۆ گەڕاندنەوەی پارەی نزیکەی 18 ساڵی بەشە خۆراکی مانگانە کە لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیان وەرگرتووە لە 1ی کانونی دووەمی 2004 تا 30ی ئەیلوولی 2021.
مانگانە لە رێگەی بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراکەوە بۆ هەر ئەندامی خێزانێک بڕی 500 دیناری عێراقی وەردەگیرێت کە وەک جێگرەوەی پارەی کرێی گواستنەوە و هەڵگرتنی ئەو خۆراکانەیە کە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان پێی وایە لە ئەستۆی هاوتاکەیدایە لە حکومەتی فیدراڵی عێراق.
لە 23ی تشرینی یەکەمی 2022، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان و عەلا جبووری، وەزیری ئەو کاتی بازرگانیی عێراق واژۆکرا بۆ ئەوەی پارەی بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەتی فیدراڵیی عێراق و لە بەرامبەردا وەزارەتی بازرگانیی عێراق تێچووی گواستنەوە و رادەستکردنی بەشە خۆراکی مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.
بەگوێرەی یاداشتەکە، هەژماری بانکی تایبەت بۆ رادەستکردنی ئەو بڕە پارەیە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دروستکراوە، بەڵام سکاڵاکە لەلایەن کۆمپانیای گشتیی بازرگانی خۆراکی حکومەتی فیدراڵیی عێراق نەکشێندراوەتەوە.