ژمارەی زیندانیکراوانی تورکیا نزیک لە ٣٠٠ هەزار دەبێتەوە
  2019-08-06       559       

بە گوێرەی زانیارییەکانی دەزگای ئاماری تورکی “TÜİK”، لە سالانی حوکمی ئاکەپەدا، ژمارەی زیندانییەکان بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە دیوە. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ دا، ژمارەی زیندانیان ٨٨ هەزار کەس بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیەووە. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ ژمارەی زیندانیان نزیکەی ٢٣٢ هەزار بووە بەڵام لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ دا ئەم ژمارەیە بۆ زیاتر لە ٢٧٠ هەزار بەرزبووەتەوە.

ئاوێنه‌: لە چەند ساڵی ڕابردوودا، زیندانەکان تاکە دامەزراوەی حکومەتی تورکیا بوون کە بەبێ کێشە کاریان کردووە! لە ئێستادا ژمارە فەرمییەکان مەترسیدارن بەهۆی ئەوەی ساڵانە ژمارەی زیندانیان لە تورکیا بە بەردەوامی لە بەرزبوونەوەدان. بە گوێرەی زانیارییەکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، لە نێوا ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٣ ژمارەی زیندانیکراوان لە تورکیا ٢٤ هەزار کەس زیادبوونی بە خۆیەوە بینیوە. بەڵام ئەم ژمارەیە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ زیاتر لە ٨٨ هەزار کەس بووە. لە کاتێکدا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ دا ژمارەی زیندانیکراوان و حوکمدراوان ٢٣٢ هەزار و ٣٤٠ بوو، ئەم ژمارەیە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ دا ٢٧٠ هەزاری تێپەڕاند.

بە گوێرەی زانیارییەکان، کاتێک شیکاری بۆ ژمارەی دەستگیرکراوان دەکرێت دەبینرێت کە لەسەدا ١٧ ی زیندانیکراوان لە ساڵی ٢٠١٧ دا بە تۆمەتی دزی دەستگیرکراون و لەسەدا ٧.٧ بە تۆمەتی دەرچوون لە یاسای ئیفلاس کردن دەستگیرکراون. هەروەها شیکاری بۆ ئاستی خوێنەواری زیندانییەکان كرا. بە گوێرەی زانیارییەکانی ساڵی ٢٠١٧ تاوانبارەکان زۆربەیان دەرچووی سەرەتایین و لەپاش ئەوان دەرچووانی ئامادەیی دێت. بە گوێرەی ئەم داتایانە، بە نزمبوونەوەی ئاستی خوێندن، تاوان بەرزدەبێتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی میللی، وەزارەتی دادی تورکیا لە مانگی ئایاری ٢٠١٨ ەوە لە زیندانەکاندا ٢٥٠ هەزار و ٧٦٤ پیاو و ١٠ هەزار و ٢٨٥ ژن و ٢ هەزار و ٩٨٢ منداڵ لە زینداندان و ٦٧٧ منداڵی ساوا لەگەڵ دایکەکانیاندا لە زینداندان. بەڵام لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٩ دا ژمارەی منداڵە ساواکان بۆ ٨٦٤ منداڵ بەرزبووەتەوە. .لە لایەکی تریشەوە لە دوای هەوڵی کودەتای ٢٠١٦ ژمارەی دەستگیرکراوان لەسەدا ١٢٠ بەرزبووەتەوە و زیندانییەکان ژمارەی دانیشتوانی زۆربەی پارێزگاکان زیادی کردووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×