وەزارەتی تەندروستی لوبنان تۆمارکردنی دووەم حاڵەتی تووشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند
  2020-02-26       507       
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان تۆمارکردنی دووەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند کە ئافرەتێکە و لەناو هەمان ئەو فڕۆکەیەدا بووە کە رۆژی ٢٠ی شوبات لە ئێرانەوە هاتە لوبنان.

ئاوێنه‌: وەزارەتی تەندروستیی لوبنان تۆمارکردنی دووەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند کە ئافرەتێکە و لەناو هەمان ئەو فڕۆکەیەدا بووە کە رۆژی ٢٠ی شوبات لە ئێرانەوە هاتە لوبنان.

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە راگەیەنراوێکدا ، تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە دوای پشکنینەکان، دەرکەوتووە ئەو ئافرەتە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کۆڤید-١٩بووە و پەیوەست بووە بە یەکەم حاڵەتی تووشبوون.

وەک لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستی لوبناندا ئاماژەی پێدراوە، ئافرەتەکە بە سەردانێکی ئایینیی بۆ ماوەی حەوت رۆژ لە ئێران بووە و رۆژی ٢٠ شوبات بەهەمان ئەو فڕۆکەیە گەڕاوەتەوە لوبنان کە یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەی تیادا تۆمارکرا.

وەک لە بەیاننامەکەدا روونکراوەتەوە، نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە، رۆژی ٢٤ شوبات لێی بەدیارکەوتووە و دواتر لە نەخۆشخانەی زانکۆی رەفیق حەریری قەرەنتین کراوە و لە ئێستادا دۆخی تەندروستیی جێگیرە.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی تەندروستیی لوبناندا ئاماژە بەوەشدراوە کە لە رێگەی تیمەکانی وەزارەتی تەندروستییەوە رۆژانە چاودێری ئەندامانی خێزانەکەی و کەسە نزیکەکانی ئافرەتە تووشبووەکە دەکرێت.
 
رۆژی هەینی رابردوو، یەکەمین حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کۆڤید -١٩ لە لوبنان تۆمارکرا کە ئافرەتێک بوو لە ئێرانەوە گەڕابوویەوە ئەو وڵاتە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×