فەلسەفە و کۆرۆنا: لە شەڕەکانی دەستە و گرۆوە بۆ شەڕەکانی بەرگریی
  2020-03-03       911       

نوسینی: فەتحی مسکینی

وەرگێڕانی: سامان عەلی


(١)

پێشەکیی: ڤایرۆس بێ شوناسە

لە ساڵی١٨٩٢دا "ڤایرۆسەکان" دۆزرانەوە و مرۆڤایەتیی، سەبارەت بە واتای ژیان، چووە ناو مێژوویەکی تازە و نوێوە. "لۆژیکی بوونەوەری زیندوو"ی لە چەشن و ڕەگەزی ئێمە بەیەکجاریی گۆڕانی بەسەردا هات، بەڵام نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمیش بەگشتیی هەروەها بڕێک ڕووداوی پزیشکیی بەخۆوە بینی (ڕووداوی لە نموونەی؛ دۆزینەوەی مایکرۆبایۆلۆژیا، کاتێك کە کۆڵینەوە لە خانە و شانە و ڤایرۆس و بەکتیریا و میکرۆبەکان کرا ..)، هەروەها ڕووداوە تەکنەلۆژییەکان (ڕووداوی لە نموونەی تەلەفۆن و تێلگراف و خێرایی ڕووناکیی و فڕۆکەوانیی و سینەما و تیشکەکان ..) کە دەشێت بەو چەشنە بخوێنرێتەوە ڕیزبەندییەکی میتافیزیکیی بزوێنەر و سەرنجڕاکێش پێکدەهێنێت کە وەک دانانێکی کتوپڕی بەردی بناغەی سەردەمێکە کە مرۆڤەکان لەوەوبەر نەیانگوزەراندووە ئەویش "سەردەم"ی تا ئێستا تاک و تەنهامانە. لە گەرمەی ئەم لێشاوە لە دۆزینەوەی زانستیی و تەکنەلۆژییدا، نیتچە جاڕی "مەرگ"ی ئاکارییانەی "خودا"ی دا وەک دیاردەیەکی سەمبولیکیی کە هۆشیاریی ئەوروپیی بە خۆی و بە چارەنووسی لە نێو جیهاندا تەنییەوە و، یەکێک لە سیما هەرە دیار و سەرنجڕاکێش و بزوێنەرەکانی ئەم چاخە نوێیەیش ئەوەیە بڕێک ڕووداوی بەخۆوە بینی وەک سەرلەنوێ دۆزینەوەیەکی ئەو شتە وا بوو کە لە سەردەمی ئەفلاتونەوە بە "جیهانی بەرهەست" ناوزەد دەکرا. زانایان تێکڕا، لە ڕێگای سیاسەتێکی نوێی بینراو و نەبینراوەوە، کە چی تر "نەبینراو" بە "بوونەوەرێکی ئەقڵیی" یاخود "ئەندێشەیی" نەما بەڵکو بوو بە ڕووبەر و پانتاییەکی "سروشتیی" کە چەمک و واتا کۆن و کلاسیکیی و باوەکانمان دەربارەی شوێن و جووڵە و مادە و ژیان لەناودەبات، کە پێویستە بیدۆزینەوە و لەگەڵیدا بچینە نێو پەیوەندییەکی زانینەکیی و تەکنەلۆژیی و ئاکارییەوە کە پێشتر مرۆڤەکان نەیانگوزەراندووە، بەشدارییان لە سەرلەنوێ نیگارکێشانەوەی نەخشەی جیهانی بەرهەستدا کرد.
ڕەنگە بگوترێت: بەڵام، بۆ نموونە چ پەیوەندییەک لە نێوان دۆزینەوەی "ڤایرۆس" و جاڕدانی "مەرگی خودا"دا هەیە، تەنانەت ئەگەر وایش ڕێککەوتبێت کە هەردو ڕووداوەکە لە ماوەیەکدا ڕوویاندابێت؟ ئەوە ئاماژەیەکی جاڕسکەرانەیە بۆ ئەوەی کە چیرۆکی "ئادەم" (خوڵقێنراو لە "شێوەی خودا"ی یەکتا و تاکانە) چی تر شیرازەی تێکچوو یاخود بەشێک لە هۆنینەوەی گێڕانەوەیی خۆی لەدەستدا: "مرۆڤەکان" پانتاییەکی بەکتیریی یاخود ڤایرۆسیی پەڕینەوەی جەستە و تەنە زیندەوەرییەکانن، نەک "شێوەیەک"ی خوداییانەی دروستکراو لە قوڕێکی پیرۆز. ڤایرۆسیش وەکو تەلەفۆن یاخود سینەما یاخود فڕۆکەوانیی یاخود "مەرگی خودا"ی کلاسیکیی و باو، بڕێک ڕووداوی میتافیزیکیین پەیوەندیی لەگەڵ "بەرهەست"دا، وەک بەرهەست، سەرلەنوێ ڕێکدەخەنەوە و ڕیزبەند دەکەنەوە، بەوەی کە بۆ یەکەمین جار زاتی ئەوە دەکات کە لەگەڵ "نەبینراو"دا، بەوپێیەی کە بەشێکە جیانابێتەوە لە مادەی بوون لە نێو جیهاندا کە جەستەکانمان دەکەونە ژێر کاریگەرییەکەیەوە، بچێتە نێو پەیوەندییەکی تەکنەلۆژییەوە. بەرهەست لە دەرەوەی ئێمەدا نییە، چونکە "دەرەوە"ی ئۆنتۆلۆژیی بوونی نییە. بەرهەست ڕووبەرێکی ڕێڕەوە، جەستەکان، وەک مادەیەکی بەبێ سنوورێکی بینراو وەک یەک بەرەو ناوەوە و بەرەو دەرەوەیش، دەپەڕێنێتەوە، چی تر "جەستە"ی مرۆڤ (واتە ئەو "جەستە"یەی کە خاوەنی تەزوویەکی ویژدانییە) تەنها ئەڵقەیەکی ئۆرگانیی لە ڕست و زنجیرەیەکی خانەیی لەپێشتری ناکۆتا بچووک پێکدەهێنێت، بەڵام سنوورە بینراو یاخود دەرەکییەکانی جەستە بەرەو "پەتا"ی جەستەکانی دیکە دەبڕێت، کە چی تر تەنها بۆ تێپەڕاندنی میراتییەکی ئاکاریی کە کاڵبووەتەوە، بە جەستەی "دیکە" ماونەتەوە. چی تر "ئەو" لە ڕووی پزیشکییەوە پووکایەوە و لەناوچوو و بوو بە لافێکی ئاکاریی پەتیی و ڕووتی سەر بە ڕۆشنبیرییەکی چارەسەریی کە لەدوای دۆزینەوەی کیشوەری چالاک و زیندووی نەبینراو (خانەیی و بەکتیریی و ڤایرۆسیی) لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا، بەرواری بەسەرچوو.
لەبەر ئەو هۆکارە، ئێمە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا تەنها کاتێک دەتوانین لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە هەڕەشەی پەلاماردانی جیهان دەکات، "تێبگەین"، کە بتوانین بەو جۆرە لە دۆزینەوەی ڤایرۆس لەوەتەی ساڵی١٨٩٢ەوە بکۆڵینەوە کە کۆدێتا و وەرچەرخانێک بوو لە سیاسەتە "پەتاییە" گەورەکانی نوێگەرییدا، بەوپێیەی دەکرێت بەو چەشنە بخوێنرێتەوە کە کشان و بەردەوامییەکی پەتاییە لە چاخی نەخۆشییە کۆن و باوەکانەوە (کە تیایدا هێشتا خەڵکیی خاوەنی "جەستە"ی تایبەت بە خۆیان و بەم پێیە بڕێك شوناسی تەندروستیی سەربەخۆن، کە دەشێت لە ڕووی ئاکارییەوە بپارێزرێن) گوازرایەوە بۆ چاخی ڤایرۆسەکان (کە تیایدا "جەستە"ی ئۆرگانیی دەبێت بە پانتاییەکی پەتایی واڵا کە هیچ خۆپارێزییەکی ئاکاریی تیایدا مانای نییە). "پەتا" وەک چرکەساتێکی تایبەتی وەرگێڕانە لە نێو گێڕانەوەیی "جەستەی نەخۆش"ی نوێدا بەوپێیەی کە نموونەیەکی پەراوێزخراوی ئەم کێشە بنەڕەتییەیە: "کێ؟"، کە لە سەدەی نۆزدەیەمەوە کەوتە کار.

(٢)

نەخۆشیی واتای خۆی دەگۆڕێت

چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان ئەوەی کە مرۆڤێک نەخۆشبکەوێت و، ئەوەی کە ئاژەڵێک یاخود ڕووەکێک نەخۆشبکەوێت؟ یان نەخۆشیی داهێنانێکی ئاکاریی تایبەتە بە "ئێمە"، ئێمەی بەڕێکەوت تێپەڕیو لە خانەی چەشنی مرۆییدا؟ تا چ سنوورێك دەتوانین لافی ئەوە لێبدەین کە بەتەنها هەر مرۆڤ نەخۆشدەکەوێت، یانی واتای نەخۆشیی بەو چەشنە دێتە پێشچاو کە دۆخێکە پەیوندیی بە شوناسی ئێمەوە هەیە، لە کاتێکدا کە ئەوە ئاژەڵ یاخود ڕووەکە کە بە واتا لاتینییەکەی وشەی “malade” لە زمانی فەڕەنسیی و ئیتاڵیی و ئیسپانییدا وشەکەی لێبەرەوخواربووەتەوە، واتە "male habitus" "لە دۆخێکی خراپدا" کە هاوواتای "ساردیی و سڕیی"ە؟ پاش ئەوە پۆلێنکردنی "دۆخێک" بەوەی کە "نەخۆشیی"ە، کردەیەکی کۆمەڵایەتییە ڕۆشنبیرییەک سەپاندویەتی کە وێنا و بۆچوونێکی تایبەتمەندی دەربارەی چەمکی "تەندروستیی" هەیە و، ناساندنێکی بایۆلۆژیی بێلایەنانە نییە. لەمەیش دوورتر ئەوەیە کە "بەردێک" نەخۆشبکەوێت.
دەتوانرێت ئەم گریمانەیە لە ڕێگای پشکنینێکی ڕاڤەکارانەی زاراوەی "نەخۆشیی"ەوە تاقییبکرێتەوە بەو جۆرەی کە زمانە خۆرئاواییەکان لە ڕیشەی یۆنانیی: "epidemic" (Ἐπιδήμιος) لە "Epi"؛ مەبەستێتی، واتە "لە سەر یاخود لە ژوور"، و"démos"؛ واتە "گەل"، ئەمەیش بەو واتایە نامۆیە کە لە نێو زمانی عەرەبییدا لە واتای نەخۆشیی "وبا‌و"ی عەرەبیی مەبەستە. ئەو شتەی کە سەرنجڕادەکیشێت ئەوەیە کە وشەی نەخۆشیی یاخود "الوبا‌و" لە بنچینەیدا ئاماژە بۆ نەخۆشکەوتنی مرۆڤ دەکات، بەڵام لە نێو زمانی ئاسایی و باودا هەروەها بەمەبەستی ئاماژەدان بۆ مێگەل و ڕەوەی ئاژەڵانیش بەکاردەهێنرێت، ئەگەرچی ئەو بوارە وشەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە کە ئەمەیە: "zoonosis" (واتە "دەردی ئاژەڵان") یاخود "epizootic" (واتە "وەناقی ئاژەڵان")، لە نموونەی ئەنفلوەنزای باڵداران. لەپشت ئەم وشەیەوە ناوەندێتییەکی ئەنترۆپۆلۆژیی خۆی حەشارداوە: مرۆڤ هەستی ئەوەی لا دروست دەبێت کە ناوەند و پنتی جیهان یاخود ژیانە، بەم پێیە نەخۆشکەوتنەکەی نموونەی تەندروستییە یاخود پارادایمێکی پزیشکییە بۆ داوەرییکردنی ڕادەی تەندروستباشیی هەر ئاژەڵێکی تر (ئایا لە نەخۆشییدا ئەویترییەک بوونی هەیە؟). بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، وادیارە تایبەتمەندیی "نەخۆشیی" نادرێتە پاڵ ئەو ڕووەکەی کە وشە یاخود زاراوەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە کە ئەمەیە: "Épiphytie" واتە "نەخۆشیی ڕووەکیی"؛ ڕووەک "نەخۆشدەکەوێت" بەڵام بەلای ئێمەوە "نەخۆشیی"ەک نییە، تەنها "ئاژەڵ" دەشێت پانتایی "پەتایەک" بێت تووشیی مرۆڤەکان ببێت. لە ڕوویەکی فەلسەفییانەیشەوە ئەمە وەبیرهێنانەوەیەکی ئەوەیە کە جیابوونەوەی مرۆڤەکان لە جیهانی ئاژەڵان لاف و گەزافێکی ئاکارییە هەنوکە لە هەر کاتێکی دیکەی ڕابوردو مەترسیدارتر بووە.

چونکە ئەو "ڤایرۆس Virus"ەی "کە هەموو جارێك لەپشت نەخۆشییەکەوەیە، چ جەستەکە جەستەی ئاژەڵ بێت یاخود مرۆڤ"، لە ڕاستییدا شۆخیی بە هەموو ئەو پۆلێنبەندییانە دەکات و، هەموو شێوەکانی ژیان، وەک بوارێکی چالاک و زیندووی تایبەت بە خۆی، تووش دەکات. "ڤایرۆس" بنچینە و ڕەسەنێکی زمانەوانیی هیندۆ-ئەوروپیی هەیە، لە زمانی یۆنانیی دێریندا واتای"ἰός" دەگەیەنێت، واتە "ژەهر"، ئەمە بەدرێژایی دوو هەزار ساڵ بەو جۆرە بوو و یەکەمین بەکارهێنانی وشەی virus بە واتای "تراوێکی زامت و زوخاویی" دەگەڕێتەوە بۆ ڤێرجیل کە لە ساڵی ١٩ی پ.ز کۆچی دوایی کردووە. (ئەمە بەر لە دۆزینەوەی "ڤایرۆس" بە واتایەکی نوێ لە ساڵی١٨٩٢دا)، لە کاتی کۆڵینەوە لە نەخۆشییەک کە دووچاری ڕووەکی تووتن دەبێت. بەڵام لێرەدا کێشەکە بوونی ئەو ڤایرۆسانە نییە کە هەمیشە "گوازراوە"ن، بەڵکو تەنها ژمارەیەکی کەم لەو ڤایرۆسانە فاکتەرێکی چالاکن (هۆکاری نەخۆشیین (pathogenکاریگەرییەکە لە ئاستی جەستەی بینراوەوە بۆ چینی مایکرۆسکۆپیی جەستە بۆ ناو خانەکە یاخود دەرەوەی خانەکە دەگوازێتەوە.
کتوپڕ، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمەوە، چی تر مرۆڤی هاوچەرخ ئەو جەستەیە نەما کە وەک ڕووبەر و پانتاییەکی ئاکاریی خۆی پیشان و بادەدات کە هێشتا، لە ژێر ناونیشانی "تەندروستیی"دا، پاراستنی کۆمەڵایەتیی هەیە، بەڵکو، بەخێراییەکی ترسناک، بۆ بڕێک بازنەی چالاکی ناکۆتای "شیانەکانی نەخۆشیی" وەرگۆڕا کە تەنها چین یاخود ڕووی دەرەوەی لێ دەبینرێت. سنوور یاخود کەوشەنەکانی جەستە بەیەکجاریی گۆڕانیان بەسەردا هات، هەم بەرەو ناوەوە (بە ئاراستەی ڕووەو خانە) هەم بەرەو دەرەوە (بە ئاراستەی ڕووەو تەنە زیندووەکانی تر)، لەناکاو چەمکی "نەخۆشیی" واتای خۆی گۆڕی. چی تر بە چەوتیی یاخود هەڵەیەکی تەندروستیی نەما (کە زادەی "پارێزکردن"ێکی نەگونجاو بێت) ناچارییەکی بایۆلۆژییش نییە کە کاریگەریی تەمەن ڕۆڵی هەیە تێیدا (وەک مردن و مەرگ)، بەڵکو ڕووبەرێکی "ڤایرۆسیی"ە کە نایبینین، بگرە تەنانەت مایکرۆسکۆپە سادەکانیش توانای بینینییان نییە. بەم پێیە شوناسی جەستەکانمان لە دەستی خۆماندا نین لە پانتاییەکی ئاکاریی بینراودا کە بتوانین جڵەوی بگرینە دەست، بەڵکو چی تر بوون بە بڕێک بڕیاری بۆماوەیی کە لاف و خۆبادانی مرۆڤەکان تێدەپەڕێنن تاوەکو بیانگەڕێننەوە بۆ ئەو پێکهاتە خانەییە کە لەگەڵ ڕووەک و ئاژەڵەکاندا تیایدا هاوبەشن و، کە مرۆڤایەتیی کۆن بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دابڕانی ئاکاریی یاخود میتافیزیکیی خۆی بەربنەمای دامەزراندبوو.

کەواتە ڤایرۆس ئەو شورا و دیوارە کلتورییە دەڕوخێنێت کە مرۆڤی باو و کلاسیکیی و کۆن لەپێناوی ئەوە دروستیکردبوو "خۆ"ی (لاف و گەزاف و خۆواپیشاندانە خۆییەکەی) لە پاشماوەی بوونەوەرە "زیندوو"ەکان بەگوێرەی ڕێکخستنێکی ئاکاریی کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا هیچ بەهانەیەکی نەماوە، جیابکاتەوە. بۆ یەکەمین جاریش، لە سەردەمی ڤایرۆسدا، چی تر جەستەی مرۆڤ بوو بە پووچەڵێکی ئۆرگانیی لەبەردەم هەموو هێرش و پەلامارە چالاکەکان لە ناوچەیەکی بە واتایەک لە واتاکان "دەرەکیی"ەوە، بەبێ ئەوەی کە (دەرەوە) (outside) هەمیشە دەرەکیی بێت (exterior).

(٣)
فەلسەفە و کۆرۆنا:
ئێستا ئەگەر خۆمان، خۆمانی ترسلێنیشتوو بەجۆرێکی "پۆستمۆدێرنانە"، مەبەست لە ترسە لە پانتایی نەبینراوی خۆحەشارداو لە نێو جەستەی ئەوانیتردا کە کتوپڕ بۆ بڕێک بازنەی زیندەوەریی وەرگۆڕا کە بەبێ هیچ بەربەستێکی ئاکاریی و ئاسایشیی، تەنها "هەستی ماوە و مەودا" نەبێت، توخمەکانی پەتاکە دەپرژێنێت، ئەگەر ئەو خۆمان-ە کە لە ئێستاوە لە بڕێک "کشان و بەردەوامیی جەستەیی"دا کورتکرانەوە کە تاکێتیی خۆی وەک نەفرەتێکی بایۆلۆژیی لاڵ و بێزمان هەڵگرتووە، ئەگەر ئەو خۆمانەمان هەڵدایە نێو ئاسۆی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆناوە (Coronavirus)، کە لە ئێستادا، وەک دڕندەیەکی هەڵهاتوو لە تاقیگە ژێرزەمینییەکانەوە، هەڕەشەی ئەوە لە مرۆڤەکان دەکات لە کورەی پەتایەک (epidemic)ی ناکاودا هەڵیانبلوشێت، لە تەنها "نەخۆشییەکی نیشتەجێ" (endemic) لە تەنها وڵاتێکی دیارییکراودا، بەدەرە، وەک نەخۆشیی درێژخایانی پووکانەوە یاخود ئاوڵە لە شانشینی یەکگرتوو، هەڕەشەی بوون بە کارەساتێک (pandemic) دەکات کە هەڕەشەی لووشدانی ملیۆنەها مرۆڤ دەکات بەو جۆرەی کە پێشینەکانی پێشتری وەک تاعونی ڕەش یاخود ئەنفلوەنزای ئیسپانیی کردی.
لەبەر ئەو هۆکارە ئێمە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا تەنها کاتێک دەتوانین لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە هەڕەشەی پەلاماردانی جیهان دەکات "تێبگەین"، کە بتوانین بەو جۆرە لە دۆزینەوەی ڤایرۆس لەوەتەی ساڵی١٨٩٢ەوە بکۆڵینەوە کە کۆدێتا و وەرچەرخانێک بوو لە سیاسەتە "پەتاییە" گەورەکانی نوێگەرییدا، بەوپێیەی دەکرێت بەو چەشنە بخوێنرێتەوە کە کشان و بەردەوامییەکی پەتاییە لە چاخی نەخۆشییە کۆن و باوەکانەوە (کە تیایدا هێشتا خەڵکیی خاوەنی "جەستە"ی تایبەت بە خۆیان و، بەم پێیە بڕێك شوناسی تەندروستیی سەربەخۆن کە دەشێت لە ڕووی ئاکارییەوە بپارێزرێن) گوازرایەوە بۆ چاخی ڤایرۆسەکان (کە تیایدا "جەستە"ی ئۆرگانیی دەبێت بە پانتاییەکی پەتایی واڵا کە هیچ خۆپارێزییەکی ئاکاریی تیایدا مانای نییە). "نەخۆشییەکە" وەک چرکەساتێکی تایبەتی وەرگێڕان لە نێو گێڕانەوەیی "جەستەی نەخۆش"ی نوێدا بەوپێیەی کە نموونەیەکی پەراوێزخراوی ئەم کێشە بنەڕەتییەیە دەردەکەوێت: "کێ؟"، کە لە سەدەی نۆزدەیەمەوە کەوتە کار.
لە لایەنێکی فەلسەفییانەیشەوە ئێمە دەتوانین بە چەند ڕێگایەک ڕووبەڕووی ئەو بەرەنگارییە بایۆتەکنەلۆژیی و بایۆسیاسییە ببینەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ڕووی مرۆڤایەتیی ئێستادا دەستیپێکردووە:
١-هەوڵبدەین کە ڤایرۆسەکە لە نێو مێژووی تایبەت بە خۆیدا دابنێین: واتە مێژووی ئەو دەرد و نەخۆشییانەی کە سەردەمە نوێیەکان بەرکەوتنی لەگەڵدا کردون، ئیتر ئەو نەخۆشییانە چ نەخۆشییە ئەوروپییەکان بن چ ئەو نەخۆشییانەی کە لە کۆلۆنیالەکانەوە و لە ڕێگای بازرگانییکردن بە "جەستە" ڕەشە بەکۆیلەکراوەکانەوە بۆی گوازراونەتەوە لەوەتەی هەردو سەدەی شانزەیەم و حەڤدەیەمەوە، لە نموونەی تاعون و زەردەتا و کۆلێرا. ئا لێرەیشدا دەتوانین کەڵک و کۆمەک لە شێوازی میشێل فوکۆ وەربگرین لە نووسینەوەی مێژووی نەخۆشیی تاعون-دا وەک کارخانەیەکی "بایۆسیاسیی" بۆ کۆڵینەوە لە سەرهەڵدانی پەیوەندیی لە نێوان زانین و دەسەڵاتدا کە لایەنی شاراوەی قەوماوی "مۆدێرنیزم"ی ئەوروپیی پێکهێنا. بیرۆکە ڕێنیشاندەرەکەیش ئەوەیە کە پەیوەندیی مێژوویی نێوان مۆدێرنیزم و نەخۆشییەکان پەیوەندییەکی ناکاو نییە، بەڵکو بەشێکی ڕەسەن و بنەڕەتیی شوناسە ئاکارییەکەیەتی: "پێوەر"ە یاساییەکانی نێوی هەمیشە لە ڕێگای پشتبەستن بە جبەخانەیەک لەو "وتار"انەوە پاساوی خۆی دەدایەوە کە وەک "بڕێک زانین"ی دامەزرێنراو بەربنەمای گەڕان بە شوێن "حەقیقەت" لە نێو زانستەکاندا خۆی نیشان دەدا.
ئەودەم ئەو شتەی کە کەسی سەرنجدەر هەستی پێدەکات بە دەم پیاسەکردن بە شاری وهان (Wuhan)ی چینییدا، شاری قوتابیانی دێرینتر لە پەکین کە تەمەنی لە ٣٥٠٠ساڵ زیاترە و لە بن کارەساتی کۆرۆنادا دەژی و، لە هەر لەمێژینێکی مرۆیی چۆڵ و خاڵیی بووە و، وەک دۆزەخێکی میتافیزیکیی بێهاودەم و تەنیایە، ئەندێشەی "فوکۆ لە وهان"ە[1]، لەو شارەدا کە هەموو ئەرک و کارێکی دەوڵەتی بایۆسیاسیی لە "چاودێرییکردن و پێشگرتن لە تەشەنەسەندن"دا کورتبووەتەوە. ئەو شتەی کە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنادا دەکرێت وەک ئەو شتە وایە کە فوکۆ لە نێو کتێبی "چاودێریی و سزا" (١٩٧٥)دا سەبارەت بە شێوازی دەوڵەت لە چارەسەرکردنی نەخۆشیی تاعون-دا دەستنیشانیکردووە وەک نموونەیەکی باو و پەیڕەوکراوی لۆژیکی پاوانە: چۆڵکردنی شەقامەکان و گۆڕەپانەکان لە مرۆڤەکان، تەنها پۆلیس و سوپا بۆیان هەیە بگەڕێن و بسوڕێنەوە. ئا لێرەدا تەندروستیی دەبێت بە کێشەیەکی ئاسایشیی کە هیچ پەیوەندییەکی بە هیچ ئاکار یاخود ئایینێکەوە نییە. فوکۆ، لە باسی ئەو پلان و ڕێکارانەدا کە پێویستە لە سەروەختی تەشەنەسەندنی تاعون لە شارێکدا بگیرێنەبەر دەڵێت:
"سەرەتا و پێش هەر شتێک گەمارۆدانێکی ئاسمانیی توند؛ هەڵبەتە داخستنی شار و پاشکۆکانی، بە یاسا دەرچوون لێی قەدەغە دەکرێت و سەرپێچیکار سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرێت، لەناوبردنی ئاژەڵە بەرەڵاکان، بەش بەشکردنی شار بە سەر چەند گەڕەک و ناوچەیەکی دابڕاو لە یەکدیدا و لە هەر گەڕەکێک دەسەڵاتی سەرپەرشتیارێک دادەمەزرێنرێت. هەر شەقامێک دەخرێتە ژێر دەسەڵاتی کارگێڕێکەوە کاری چاودێرییکردنی شەقامەکە دەگرێتە ئەستۆ، ئەگەر شەقامەکە بەجێیهێڵێت ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە. ڕۆژێکی دیارییکراو داوا لە هەمووان دەکرێت دەرگای ماڵیان لەسەر خۆیان دابخەن و نەیەنە دەرەوە؛ سزای لەسێدارەدان بۆ دەرچوون لە ماڵ دادەنرێت"[2].
لێرەدا فوکۆ هیچ شتێکی تر ناکات تەنها باسی ئاییندەی بایۆسیاسیی کۆمەڵە پۆستمۆدێرنەکان دەکات کاتێک کە کارەساتەکە دەقەومێت؛ ئەو کارەساتەی کە خەڵکیی لە شەڕەکانی "دەستە و گرۆ"وە بەرەو شەڕەکانی "بەرگریی" دەگوازێتەوە.
٢-ڕەخنەی ڕەفتاری "خۆرئاواییەکان" بکەین لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لەپای ئەوەی کە چین (واتە جیهانی بێجگە لە ئەوروپا)ی هەڵخزاندووەتە نێو زەلکاوی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، وەک چەوتییەکی پەیکەرەیی نێو سیاسەتی ژیان لە نێو کۆمەڵێکی ئاسیایی "نائازاددا". لێرەدا دەکرێت کەڵک لە وتارەکانی سلاڤۆی ژیژەک[3] دەربارەی کۆرۆنا وەک فیرۆیا "واتە ئایدیۆلۆجیا"یەک ببینیرێت [4]، چونکە هەڕەشەی نەخۆشیی تۆمەتێکی ڕەگەزپەرستانە نییە کە بشێت نەیاری دوور لە ئێمەی چ بە چەشنێکی شوناسییانە و چ بە چەشنێکی جوگرافییانە، پێ تاوانبار بکەین. ئەو شتەی کە نوێیە، بەو جۆرەی کە ژیژەک دەڵێت، ئەم ڕاستییە تۆقێنەرەیە: ئێمە لەسەر هەمان کەشتیین [5]و هیچ بوار و دەرفەتێک نییە بۆ ئەوەی هیچ بەشێک لە مرۆڤایەتیی خۆ وا نیشانبدات کە لەو پەتایە، کە جیاوازیی لە نێوان شوناسەکان یاخود کلتوورەکان یاخود ئایینەکاندا ناکات، بەخشراوە. بەم پێیە، ئەو هیستیریایەی کە خۆرئاوا بەرامبەر بە پەتای کۆرۆنا تووشی هاتووە وەک ئەوەی کە داهێنانێکی بۆماوەیی "چینیی" بێت، بەبڕوای ژیژەک پرسێکە لە مەبەستێکی "ڕەگەزپەرستانە"[6] خاڵیی نییە کە ڕێگای خۆی بەرەو گوزارشتی میدیایی دۆزیوەتەوە. بڵاوکردنەوەی ترس دەشێت ببێت بە چەکێکی نەخۆشییئاوەری پۆستمۆدێرن لەدژی خەڵکیی کە لە بڕێک پانتایی پەتیی بەبێ هیچ چەشنێکی ڕاستەقینە لە پاراستن کورتیدەکاتەوە. بەم هۆیەیشەوە دەوڵەتی پۆلیسیی هەموو ئەو سەرکەوتنە بایۆسیاسییانەی بەدەستدەهێنێتەوە کە بەشێکی بەرفراوانی بەبیانوو و بەناوی بەهاکانی دیموکراسییەوە لەدەستدابوو.
٣-گفتوگۆ دەربارەی گەردوونێتیی ئەو پێوەرانە بکەین کە بەگوێرەیان سیاسەتی ژیان دەکرێت کە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەیسەپێنێت، لەگەڵ گواستنەوەی پەتاکەدا کە لە نێو جیهانێکی بەتوندیی "بەجیهانییکراودا" دروستیکرد، دیارە لەبەر ڕۆشنایی ئەو نووسینانەی کە هابرماس دەربارەی "داهاتووی سروشتی مرۆڤ" نووسینی[7]، مەبەستمان ئەوەیە لە چوارچێوەی بڕێک پرسیاری "بایۆتەکنەلۆژییدا" کە بە سەر "هاوسەردەماندا" (مەبەستمان لە هاوسەردەمان تەنها کۆی ئەو لایەنانەیە کە توانای ئەوەیان هەیە بەشێك لە گفتوگۆکردن دەربارەی ئاییندەی ژیان لەسەر زەوی پێکبهێنن، نەک ئەو کۆمەڵ و جڤاک یاخود گەلانەی وەک ئێمە کە هێشتا لەگەڵ یادگەی چەقبەستووی خۆیاندا لە ململانێیەکی شوناسیی دژوار و سەختدان) شێوازێکی گونجاوی (نائامێریی، بەڵکو پەیوەندییمەندانە)ی نێو ڕێساکانی وتارە دەربارەی پڕۆژەکانی "ئۆجینیا" یاخود "چاککردنی چەشنی مرۆیی". کێشە دوورمەوداکە ئەمەیە: ئەو پەیوەندییە خوازراوە لەگەڵ تاقیگە بایۆتەکنەلۆژییەکاندا سەبارەت بە دروستکردنی ژیان چییە: ئایا تەنها ناساندنێکی یاساییە یاخود کێشەیەکی ئاکارییە کە هێشتا ئاڵۆز و ناڕۆشنە؟ لە ڕوانگەی هابرماسدا چی تر ناتوانرێت بە کۆمەک و یارمەتیی ئامۆژگارییە ئاکارییەکان مرۆڤ لە سەردەمی تەکنەلۆژیا بپارێزرێت. بەڵام چاککردنی چەشنی مرۆڤ کێشەیەکی ئاکاریی و یاسایی لە جۆردا بێوێنە دەخاتەڕوو کە چی تر ناتوانرێت دوابخرێت.
ئەودەم پێویستە لەسەرمان کە بپرسین: ئایا دەشێت گریمان و مەزەندەی نیازێکی بایۆتەکنەلۆژیی بۆ چاککردنی چەشنی مرۆڤ لە ڕێگای دروستکردن و تاقیکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بکەین بەوپێیەی کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پشت بە سیاسەتێکی بایۆسیاسیی دەبەستێت کە لە ڕووی جینات یاخود بۆماوەوە دەستکاریی سروشتی مرۆڤ دەکات، ئیتر چ ئەم کارە بەشێوەیەکی دەستئەنقەست بێت (لە تاقیگەکاندا بکرێت) یاخود دەستئەنقەست نەبێت (هۆیەکەی بۆ بڕێک سیاسەتی چەوت لە بواری تەندروستیی یاخود خۆراکیی یاخود ژینگەییدا بگەڕێتەوە)؟ تا چ سنوورێک دەتوانین گریمان و مەزەندەی هەڵهاتنی ڤایرۆسەکان لە تاقیگەکاندا بکەین (ئەمەیش ئەگەرێکە تا ئێستا بەدرۆ دەخرێتەوە) [8]پاشان پرسی ئەوەی کە لە داهاتوودا ئەو ڤایرۆسانە ببن بە هەڕەشەیەک کە هەموو پانتایی "بەرگریی" جەستە بگرنەوە و، هیچ سنوورێکی شوناسیی "دەستە و گرۆ" لە هەر چەشن و جۆرێک بن نەتوانن لەبەردەمیدا خۆیان بگرن.

(٤)

فەلسەفە و تەندروستیی:
جارێکیان نیچە هێمای بۆ ئەوە کرد کە؛ "هیچ دەروونناسێک هیچ پرسیارێکی سەرنجڕاکێش بە ئەندازەی پرسیار سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان تەندروستیی و فەلسەفە نازانێت، لە دۆخێکیشدا ئەگەر ئەو خۆی ببێت بە نەخۆش، ئەوکات هەموو ئەو لاپلارییە زانستییەی کە هەیەتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتە نێو ناخی نەخۆشییەکەیەوە"[9]. تەندروستیی هەمیشە دەکەوێتە کەناری شەڕ لەگەڵ نەخۆشییەکدا کە نایبینین یاخود بووە بە پێوانەیەکی نەبینراوی ئەو شتەی کە دەمانەوێت بیریلێبکەینەوە. پرسیارکردن سەبارەت بە "پەیوەندیی" نێوان تەندروستیی و فەلسەفە هەمان پرسیار نییە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان فەلسەفە و تەندروستیی؛ چونکە تەندروستیی تەنها "بابەت"ێکی بێلایەنی کۆڵینەوەی فەلسەفیی نییە، بەڵکو کارگەی پشتەوەی پەیدابوونی فەیلەسووفەکان و هەڵبژاردنی کەرەستەکانیانە، نیتچە مەزەندەی ئەوە دەکات تەنها پرسی ئەوەی کە مرۆڤ "کەسێک" بێت بەتەوزیی تەنها خاوەنی "فەلسەفەی کەسی خۆی" دەبێت die Philosophie seiner Person [10]؛ چونکە هەموو فەلسەفەیەک مێژووی "جەستەی نەخۆش"ە der kranke Leib کە "ڕۆح"ی ناچار بە گرتنەبەری ئاراستەیەک کردووە. نەخۆشیی ڕۆح لەو مەزنییەی دادەماڵێت کە هەیەتی و دەیکات بە بوونەوەرێکی چاوەڕوان، لە دیدی نیتچەدا هەموو ئەو شتەی کە فەیلەسووفەکان داکۆکییان لێ کردووە تەنها بڕێك گفتی ئاکاریی جەستە نەخۆشەکانیانە ، لە نموونەی "متیی" "نیانیی" "خۆگریی" "دەرمان" "ئاسودەیی" بە هەر شێوەیەک لە شێوەکان، کە لە چەمکەکانی "ئاشتیی" و "بەختیاریی نەرێنیی" و "دوایین ئامانج"دا وەردەگێڕرێن، هەموو داوایەکی ستاتیکیی یاخود ئایینییانەیش ئارەزووی شتێک دەکات کە دەکەوێتە تەنیشتمان (Abseits) یاخود ئەودیو (Jenseits) بوونمان یاخود دەرەوە (Ausserhalb) یاخود سەروو (Oberhalb)ی جیهانەکەمانەوە[11] . لە هەموو ئەم جارانەدا، نەخۆشیی وەک ئەو شتە دەردەکەوێت کە "سروش" (inspirirt) بە فەلسەفە دەبەخشێت بەبێ ئەوەی کە پێ بزانێت. لە ژێر هەموو "بیرۆکە"یەکیشدا سۆنگەیەکی "فیسیۆلۆژییانە" هەیە نادوێت. بەم چەشنە، "فەلسەفە تا ئێستا بەردەوام هیچی تر نەبووە بێجگە لە ڕاڤەکردنی جەستە و بەدحاڵیبوون لە جەستە" ein Missverständniss des Leibes [12].
ئێمە، کاتێک کە ڕاڤە دەکەین، واتای ئەوە نییە کە تێدەگەین، بەڵکو تەنها بە دەنگ بانگەوازێکەوە دەچین کە نایبینین. بانگەوازەکانی جەستەی نەخۆش بڕێک وەڵامدانەوەی دیارییکراو دەسەپێنن کە ئێمە ناتوانین وا نیشان بدەین کە وەڵامە گونجاوەکانن؛ هەموو ڕاڤەیەک وەڵامی ئاراستەکردنێکی بێزمانانەیە کە "ڕۆح" بەرەو ئاراستەیەک کەمەندکێش دەکات، بەڵام هەمیشە هەر بێناوەڕۆک دەمێنێتەوە، نەخۆشییش لەو دۆخە بەولاوە زیاتر نییە کە جەستە لە ناوچەی ڕاڤەکردندا دادەنێت، یاخود ئەوەیە کە پێویستیی بۆ ڕاڤەکردنێک دەخوڵقێنێت. بەڵام لەو سۆنگەیەوە کە ڕاڤەکردن هەمیشە ئەوە دەڵێت کە جەستە نەخۆشەکە ئاماژەی بۆ دەکات بەبێ ئەوەی کە زمانی گونجاوی بۆ دەربڕین و وتنی هەبێت، هەموو جارێك بەربنەمای "بەدحاڵیبوون"ێکی بنەڕەتیی لەم جەستەیە دادەمەزرێت. ئەو شتەی کە جەستەی نەخۆش سۆراخی دەکات پەیوەندییەکی نوێ یاخود پەیوەندییەکی دیکەیە بە شوێنەوە. هەر بۆیە هەمیشە داوای ئەوە دەکات کە ئاراستەی ڕۆح بەرەو ئاراستەیەک بگۆڕێت کە دەکەوێتە "تەنیشت" یاخود "دەرەوە" یاخود "ئەودیو" شوێنەوە. جەستە پارچەیەکە لەو شوێنەی کە شوێنەکەی پێ تەنگە. فەلسەفەیش بێجگە لە کۆششێکی خێرا و بەتاو بۆ سەرلەنوێ داهێنانەوەی پەیوەندیی لەگەڵ شوێندا هیچی تر نییە، بەڵام ئەمە بۆ ئەوە ناکات کە پەیوەندییەکی بابەتییانە لەگەڵ شوێندا دروست بکات، بەڵکو تەنها بۆ بەدەنگەوەچوونی بانگەوازێکی نەبینراو ئەوە دەکات کە جەستەی نەخۆش هەموو جارێک لە ژێر باری گرانی پەیوەندییەکی بەژان بە شوێنەوە بانگەواز دەکات.
جەستە وەک بڕێکی ناکۆتا لە شوێن وایە کە بەبێ هیچ هۆیەکی ئاشکرا و ڕوون لە یەک شوێندا کۆبوونەتەوە و "تاکەکەسێک"یان پێکهێناوە. هەر بۆیە مەترسیی نەخۆشیی و ئەو سەرنجڕاکێشییە زۆرەی کە هەیەتی، لە ڕاستییدا لەوەدایە کە دەستپێکردنێکی بێزمانانەیە بە ڕووخاندنی شوێن و، بەم پێیە پەکخستنی بیرۆکەی "تاکەکەس" لە ناوەوەڕا. ئەودەم تاکەکەس نەک هەر دەگەڕێتەوە نێو قەفەزی دەستە و گرۆی شوناسیی، بەڵکو دەگەڕێتەوە نێو ناوەندی ئەو بەرگرییە چالاکەی کە وەک ڕووەکێکی بێزمان بە زنجیرەیەکی بۆماوەیی کە نایبینێت دەیسمێت.
________________________________________
[1]- Cf. Octave Larmagnac-Matheron, «Surveiller et contenir : Foucault à Wuhan», in: Philosophie Magazine. https://www.philomag.com/…/surveiller-et-contenir-foucault-… Mis en ligne le 07/02/2020
[2] - ميشال فوكو، المراقبة والمعاقبة. ولادة السجن. ترجمة علي مقلد (بيروت: دار الإنماء القومي، 1990)، ل 206.
[3]- Cf. Slavoj Zizek, «My Dream of Wuhan», in: WELT, Kultur: Veröffentlicht am 22.01.2020 https://www.welt.de/…/a…/Slavoj-Zizek-My-Dream-of-Wuhan.html
[4]- Slavoj Zizek, «Coronavirus: le virus de l’idéologie», in: BiblioObs. Publié le 06 février 2020
https://www.nouvelobs.com/…/coronavirus-le-virus-de-l-ideol…
[5]- Slavoj Zizek, «We’re all in the same Boat now - and it’s the Diamond Princess», in: WELT- Kultur. Veröffentlicht am 06.02.2020. https://www.welt.de/…/art…/Slavoj-Zizek-We-re-all-in-the-sam
[6]- Slavoj Zizek, «Clear racist element to hysteria over new coronavirus», in: RT- Question More. 3 Feb, 2020
https://www.rt.com/…/479970-coronavirus-china-wuhan-hyster…/
[7]- Jürgen Habermas, Die Zukunft der menschlichen Natur. Auf dem Weg zu einer liberalen Eugenik? Suhrkamp, Frankfurt am Main 2001
[8]- Cf. Louis Baudoin - Laarman, Julie Charpentrat, «Non, le coronavirus détecté en Chine n'a pas été créé en laboratoire puis breveté», in: https://factuel.afp.com/. Mis à jour le Mercredi 29 janvier 2020
[9]- Friedrich Nietzsche, Die fröhliche Wissenschaft ("la gaya scienza"). Vorrede zur zweiten Ausgabe, 1887, § 2.
[10]- Ibid.
[11]- Ibid.
[12]- Ibid.

فەتحی مسکینی

 

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×