توركیا؛ 25 كەس لەڕیزەكانی سوپای ئەو وڵاتە دەستگیركران
  2019-03-04       562       

هێزە ئەمنییەكانی توركیا 25 كەسی دیكەیان بەتۆمەتی بونی پەیوەندی لەگەڵ بزوتنەوەی خزمەت-ی سەر بە فەتحوڵا گولەن لەڕیزەكانی سوپای وڵاتەكە دەستگیركرد.

ئاوێنە: بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی، ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند؛ لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە "پێکهاتەی نهێنی رێکخراوی فەتۆ(فەتحوڵا گولەن) لەنێو هێزە چەکدارەکانی سوپای تورکیادا کە داواکاری کۆماریی بورسا بەڕێوەی دەبات، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ٥٠ گومانلێکراو دەرچوە کە ٢٥یان تا ئێستا لەسەرکارەکانیان بەردەوامن."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ١٩ شار کە ناوەندەکەی بورسا بو، لەلایەن تیمەکانی هەواڵگری و بەرەنگاری تیرۆری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەکەوە ئەنجامدرا، ٢٥ گومانلێکراو کە ژمارەیەکیان تا ئێستاش سەربازن، دەستگیرکران.

ئەوەشی خستۆتەڕو"هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوەکانی دیکە بەردەوامە."

دەستگیركردنی ئەو كەسانە لەچوارچێوەی هەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتەدا دێت كە دژ بە لایەنگران و ئەندامانی بزوتنەوەی خزمەت-ی سەر بە فەتحوڵا گولەن لەدوای هەوڵی كودەتاكەی ناوەڕاستی تەمموزی 2016ەوە دەستی پێكردوە.

توركیا گولەن و رێكخراوەكەی تۆمەتبار دەكات بەوەی كە لەپشت هەوڵی كودەتاكەوە بون، بەڵام گولەن كە لە ویلایەتی پەنسیلڤانیای ئەمریكا نیشتەجێیە، ئەو تۆمەتە رەتدەكاتەوە.

لەدوای هەوڵی كودەتاكەوە توركیا دەستی بە هەڵمەتێكی دەستگیركردن و لەكارلادانی هاوڵاتیان لە كارەكانیان كردوەو تا ئێستا بە هەزاران كەس دەستگیركراون و لەكارەكانیان دورخراونەتەوە، لەنێویشیاندا دەستگیركردنی چەندان كەسایەتی سیاسی و پەرلەمانتاری كورد و هەروەها رۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی هەیە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×