وەزیری بەرگری توركیا: لە تشرینی یەكەم دەست بە دانانی سیستمی ئێس 400 دەكەین
  2019-03-08       748       

خلوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاند؛ سنورداركردنی پێدانی سیتسمی بەرگری ئاسمانی لەلایەن هاوپەیمانانەوە بە توركیا، ناچاری كردوین سیستمی ئێس 400ی روسی بكڕن كە لەمانگی تشرینی یەكەمی داهاتو دەست بە دانانی سیستمەكە دەكەین.

ئاوێنە: خلوسی ئاكار، ئەمڕۆ هەینی لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی رایگەیاند كە وڵاتەكەی سورە لەسەر هەنگاوەكانی بۆ كڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئێس 400ی روسی.

وتیشی"كڕینی ئێس 400ی روسی بژاردەی ئێمە نەبوە بەڵكو لەڕوی ناچارییەوە بوە."

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵەوە دەست دەكەن بە دانانی سەكۆكاكی سیستمی ئێس 400 لەتوركیاو لەئێستادا كار لەسەر كێشانی نەخشەی ئەو شوێنانە دەكەنەوە كە سەكۆكانی سیستمەكەی تێدا جێگیردەكەن.

وتیشی"سورین لەسەر ئەنجامدانی گرێبەستی هاوبەشیی بۆ گواستنەوەی تەكنەلۆژیای پیشەسازی بەرگریی بۆ وڵاتەكەمان، بێزاربوین لەوەی وەك بازاڕێكی ئەو پیشەسازییانە بمێنینەوە."

ئەوەشی وەبیرهێنایەوە كە لەگەڵ هەڵایسانی قەیرانی سوریا لە ساڵی 2011، وڵاتەكەی داوای لە ناتۆ كردوە كە سیستمی پاتریۆت لەتوركیا جێگیربكات بۆ روبەڕوبونەوەی ئەگەری هەر مەترسییەك.

باسی لەوەش كرد كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاو ئەڵمانیاو هۆڵەند بۆ ماوەیەك ئەو سیستمەیان نارد بەڵام دوایی كشاندیانەوە بەڵام ئیسپانیاو ئیتاڵیا بەشدارن لە بەهێزكردنی توانا بەرگرییە ئاسمانییەكانی توركیادا.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەرپرسانی ئەمریكا هۆشداریان داوە كە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا هەیە ئەگەر بێتو سیستمی ئێس 400ی روسی بكڕێت.

لەبارەی نیگەرانییەكانی ئەمریكاوە، وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە گفتوگۆی تەكنیكی لەوبارەیەوە لەگەڵ ئەمریكا بكات بۆ ڕەواندەوەی نیگەرانییەكانی ناتۆ لەپەیوەست بە دانانی سیستمی ئێس 400 لەسەر خاكی توركیا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×