یەكەم توشبوی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دەربەندیخان، دوای چاكبونەوەو جێهێشتنی
نەخۆشخانە، پێی وایە كە
رەنگە ئەمیش لە کەسێکی دیکەوە لە هەرێمی كوردستان توشی ڤایرۆسەکە بوبێت چونكە بەقسەی خۆی پێشتر لە سوید و سلێمانی پشکنینی بۆ کرابو، بەڵام هیچ
نیشانەیەکی نەخۆشییەکەی نەبوە.
ئاوێنە: حاجی
سالار، کەسایەتی دەربەندیخان و یەکەم توشبوی كۆرۆنا لەو قەزایەی هەرێمی كوردستان،
بە میدیای گۆڕانی راگەیاند: دوای ئەوەی بە گەشتێک لە وڵاتی سوید بوە، لە گەڕانەوەیدا
بۆ سلێمانی لە فڕۆکەخانەی یۆتۆبۆری پشکنینی بۆ کراوەو لە فڕۆکەخانەی سلێمانیش
دوبارە سەرجەم سەرنشینانی فڕۆکەکە پشکنیان بۆ کرابو و هیچ نیشانەیەکی توشبونیان بە
ڤایرۆسەکە نەبوە.
وتیشی: دوای گەڕانەوەم
بۆ دەربەندیخان و پاش چەند رۆژێک بەهۆی نەخۆشی غوددەوە سەردانی نەخۆشخانەم کرد،
پاشان دوای چەند رۆژێکی دیکە هەستم بە بەرزبونەوەی پلەی گەرمی و کەمێک تەنگە نەفەسی
کردو دوای ئەوەی چومە نەخۆشخانە و پشکنینم بۆ کرا، وتیان توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بویت،
بۆیە لەوانەیە منیش لە کەسێکی دیکەوە توشی ڤایرۆسەکە بوبێتم.
رونیشیکردەوە کە
"لە رۆژی (21)ی ئەم مانگەوە لە نەخۆشخانەم و دوای وەرگرتنی چارەسەرکان، دوێنێ
بە تەواوەتی چاکبومەتەوە و چومەتەوە ماڵەوە".
حاجی سالار لە پەیامێکیشدا
داوای لە هاوڵاتیان کرد ورەیان بەرز بێت و نەترسن، هەروەها پابەندی تەواوی رێنماییە
تەندروستییەکان بن بۆ ئەوەی بە دور بن لەو نەخۆشییە.
دوێنێ بەڕێوەبەرایەتی
تەندروستی سلێمانی رایگەیاند؛ کە (12) توشبوی کۆرۆنا لە سلێمانی دوای وەرگرتنی چارەسەرەکان،
بە تەواوەتی چاکبونەتەوە و گەڕاونەتەوە نێو ماڵەکانیان.