پێنجەمین وتاری شاژنی بەریتانیا لەماوەی ٦٨ ساڵی پاشایەتیدا: بەسەر کۆرۆنادا سەردەکەوین
  2020-04-06       1337       

ئەلیزابێسی دوەم، شاژنی بەریتانیا لەوتارێکی مێژویدا بەخەڵکی بەریتانیای راگەیاند "بەسەر کرۆنادا سەردەکەوین"، ئەمە پێنجەمین وتاری تەلەفزیۆنی شاژن بو لەماوەی ٦٨ ساڵی پاشایەتیدا.

 

ئاوێنە: شاژنی تەمەن ٩٣ ساڵەی بەریتانیا لەقەڵای ویندسور، شوێنی نیشتەجێبونی ئەوو پرێنس فلیبی هاوسەری، لەوتارێکی مێژویدا بۆ گەلی بەریتانیا داوای لێکردن کە پابەند بن بەرێنماییە تەندروستییەکانەوە بۆ رێگرتن لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو وتی "ولاتەکەمان بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا زاڵ دەبێت".

 

وتیشی "داوا لەخەڵکی بەریتانیا دەکەم کە بیسەلمێنن وەک نەوەکانی رابردویان خۆڕاگرو بەهێزن‌و پێکەوە بەیەکگرتویی کۆرۆنا دەبەزێنین".

 

شاژن ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەریتانیا روبەڕوی تەنگەژەیەکی جیاواز بوەتەوەو ژیانی لەبەریتانیەکان تێکداوەو ژمارەیەکیانی پرسەدارو ژمارەیەکیشیانی توشی گرفتی دارایی کردوە، باسی لەوەش کرد ئەم روداوانە ساڵی ١٩٤٠ی بیر دەخاتەوە کە جەنگی دوەمی جیهانی رویدا. 

 

شاژنی بەریتانیا کە جگە لەوتاردانی ساڵانەی بەبۆنەی رۆژی کرسمسەوە بەدەگمەن وتار بۆ گەلی بەریتانیا دەدات، بەتایبەتی سوپاسی پزیشکان‌و کارمەندانی تەندروستی لەوتارەکەیدا کردو بەڕێزەوە ئاماژەی بەو کەسانە کرد لەماڵەوە دەمێننەوەو کەرەنتینە پێشێل ناکەن. 

 

ئەم وتارە لەکاتێکدایە کە تا ئێستا نزیکەی ٥ هەزار کەس لەبەریتانیا گیانیان لەدەستداوە، ٦٢١ کەسیان لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردودا بوە.



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×