روسیاو ئێران: دۆست‌و دوژمن
  2020-04-09       1824       

هۆدا ڕەئوف 
وەرگێڕانی لەفارسیەوە: شاهین کەریمی



لە دونیای سیاسەتدا وتەیەکی بەناوبانگ هەیە کە دەڵێ «دوژمن و دۆستی هەمیشەیی نیە، بەڵکو قازانجی هەمیشەیی هەیە». ناوەرۆکی ئەم گوتەیە جۆری پێوەندی وڵاتان و ڕۆڵیان بە دۆست و دوژمن دیاری دەکات. بۆیە پێگەی هەر وڵاتێک بە پێی هاوکێشەکان ڕەنگە لە قۆناغێکدا بگۆردڕی. 


لەم نێوەدا ئاستێکی تر پێوەندی لە نێوان وڵاتاندا هەیە، کە دۆستی و دوژمنایەتی هاوتای یەکن لەو پێوەندییەدا: پێوەندییەک کە بە «دۆست و دوژمن» یان «خۆشەویستی و نەفرەت» دەناسرێ. 


پێوەندی ئێران و ڕوسیا نموونەی ئەم جۆرە پێوەندییانەیە کە لە ساڵی ١٩٧٩وە هەندێ جار بە تەواوکەری یەکتری و هەندێ جار بە دژایەتی یەکتر دەرکەوتووە، بەڵام هەرجۆرێک بێت درێژەی هەبووە. بەرژەوەندی و پێویستی ئەم دوو وڵاتە بۆ بەربەرکانێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە هۆی ئەوەی کە هەندێ جار هاوکاری یەکتر بکەن و هەندێ جار ململانێیەکی توند لە نێوانیاندا سەرهەڵ بدات. واتە پێوەندی مۆسکۆ و تاران لە ساڵی ١٩٧٩وە تاکو ئێستە نەیتوانیوە قەبارەیەکی دۆستایەتی یان دوژمنایەتی تەواو بەخۆیەوە بگرێ. 


بە گشتی پێوەندی تاران و مۆسکۆ کە وەک بەشداری و هاوکاری نیشانی دەدەن، لە چوارچێوەی تەکتیک و هاوکاری لەسەر بنەمای ئاسایشە و بەردەوام فاکتەری بێ متمانەیی و سستی لە بواری ئابووریدا هەبووە. 


هاریکاری لە سەر بنەمای ئاسایش، بەرژەوەندی و مەترسی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەوقازی باشوور، ئاسیای ناوەڕاست و ئەفغانستان ئەو هێڵانە بوون کە بۆنەتە هۆی نزیک بوونەوەی ئێران و ڕوسیا.


ڕوسیا وەک بەشێک لە ستراتیژی خۆی بۆ بەرانبەرکێ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاو لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامی دەکات. ڕووسیا هەوڵ دەدات دووبارە دەسەڵات و هەژموونی خۆی وەک زلهێزێک بسەلمێنێت و ئەوە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە دانی پێدا بنرێ. لەم ئاراستەدا ئێران وەک ئامێرێکی پاڵەپەستۆ بۆ سەر ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی بەکار دێنێت. 


لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕی سوریە بووە هۆی لێک تێگەیشتنی ئاسایش و سەربازی تاران و مۆسکۆ. لە ئاسیای ناوەڕاست و قەوقازی باشووردا، خواستی دوو لایەنەکە بۆ وەستان لە بەردەم ئەمریکا و ناتۆدا، بووە هۆی ئەوەیکە ئێران بێ ئەملاوئەولا ملکەچی دەست ڕۆشتوویی ڕوسیا لەو ناوچە بێت. بەڵام ئەم لێک تێگەیشتن و هاریکاری ئاسایش-سەربازییە نەبووە هۆی سەرهەڵنەدانی دژایەتی تاران و مۆسکۆ لە هەندێ شوێنی تر و لە سەر هەندێ دۆسیەی تر. 


لەم ساڵانەی دواییدا و بە هۆی پاڵەپەستۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەروەها گەمارۆ نێودەوڵەتیەکان وەک چەک نەفرۆشتن بە حکوومەتی ئێران، پێوەندی تاران و مۆسکۆ لە ڕووی دیپلۆماسی، سەربازی، ئابووری و پشتگیرییەوە چڕتر بۆتەوە. گەمارۆ نێودەوڵەتیەکان بۆ قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە ئێران، ئەو وڵاتەی کردۆتە بازاڕێکی گونجاو بۆ ڕووسیا. ئەمە بۆتە هۆی ئەوەیکە ئێران پاش چین و هێند، سێهەمین کڕیاری چەکی ڕووسی بێت. 


بەڵام سەرەڕای ئەمانە، پێوەندی ئێران و ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٠ بە هۆی پێنەدانی سیستەمی بەرگری «ئێس -۳۰۰» لەلایەن ڕووسیاوە، تووشی قەیران بوو. تاران و مۆسکۆ لەسەر ئەو بازرگانیە ڕێککەوتبوون، بەڵام لە پاش دەرچوونی بڕیاری ١٩٢٩ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەکەگرتووەکان سەبارەت بە قەدەغەبوونی فرۆشی چەک بە ئێران، ڕووسیا خۆی بە ڕەچاوی ئەو بڕیارنامە زانی و پاشگەز بووەوە لە ڕادەست کردنی ئەو سیستەمە بۆ ئێران. 


لە ڕاستیدا لەو کاتەدا، هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووسیا بۆ ڕادەست نەکردنی سیستەمی ئێس٣٠٠، مەیلی مۆسکۆ بۆ دڵنوایی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەمریکا بوو، کە لە پاش شەڕی ڕووسیا دژ بە گۆرجستان کەتبووە بەر قاروقینی ڕۆژئاوا. پاشگەزبوونەوەی ڕووسیا لە ڕادەست کردنی ئەو سیستەمە، بووە هۆی سکاڵای ئێران لەو وڵاتە لە دادگای نێودەوڵەتی لاهە. 

 
 لە ساڵی ٢٠١٢ کە پوتین بوو بە سەرۆک کۆماری ڕووسیا، پێوەندی ئێران و ڕووسیا لە ئاستێکی زۆر نزمدا بوو. بەڵام ڕووسیا ئێرانی کردە ناوەندی گواستنەوەی شمەکی خۆی. دروست کردنی بنکەی ووزەی ناوەکی بوشێهر وەک ئامرازێک بۆ بووژاندنەوەی پیشەسازی ناوەکی ئێران، جارێکی تر ڕووسیای کردە یەکێک لە زلهێزەکان و لەم ڕووشەوە ڕووسیا لەڕێگەی یارمەتی دانی پرۆگرامی ناوەکی ئێران، دوو ئامانجی هەبوو: یەکەم پارەیەکی زۆری لە ئێران دەست دەکەوت و دووهەم پاڵەپەستۆ بۆ سەر ڕۆژئاوا و باج سەندن لەوان لە کێشە ئابوورییەکان و هەروەها وڵاتانی جیابووەوە لە سۆڤیەت کە لە ڕۆژئاوا نزیک دەبوونەوە. 


لەلایەکی ترەوە، ڕووسیا بە هۆی مافی ڤێتۆ و ئەندامیەتی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایش، پشتگیرێکی جێی متمانە بوو بۆ ڕێککەوتنی ناوەکی ساڵی ٢٠١٥. 


بەڵام ڕووسیا هاوکات پێوەندی خۆی لەگەڵ دژەکانی ئێران لە ناوچەکە، وەک سەعوودیە و ئیمارات و ئیسرائیل پەرە پێدا. سەرەڕای هەموو ئەمانە، گرینگترین تایبەتمەندی پێوەندی ئێران و ڕووسیا بریتیە لە یاری کردن بە کارتی ئێران بۆ ململانێ و خاڵ وەرگرتن لە ڕۆژئاوا. ئەگەرچی بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوانیاندا نەبێت، بەڵام دژایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گرینگترین خاڵی هاوبەشی ڕژێمەکانی ئێران و ڕووسیایە. 


سەرەڕای پابەندبوونی ڕووسیا بە گەمارۆ نێودەوڵەتیەکان پێش ڕێکەوتنی ٢٠١٥، پرۆگرامی ناوەکی ئێران ڕۆڵێکی گەورەی لە ڕێکخستنی پێوەندی ئێران و ڕووسیا لە بەرانبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەبوو.


ڕووسیا مەترسی لە بەرەو باشبوونی پێوەندی ئێران و ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپایی هەبوو. بۆیە گرینگی پێوەندی ڕووسیا، لە پاش چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە و بووژاندەنەوەی گەمارۆکان، بۆ ئێران زیاتر بوو.


لە ساڵی ٢٠١٨ ڕووسیا دژایەتی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی کرد بۆ ئیدانە کردنی ئێران بۆ فرۆشتنی چەک بە حووسیەکانی یەمەن و بڕیارنامەکەی ڤێتۆ کرد. ئەمەش بووە هۆی قەرزداربوونی ئێران. ئەمە بۆ دووهەم جار بوو کە ڕووسەکان بە قازانجی ئێران بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشیان ڤێتۆ کرد. بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨٠ یەکیەتی سۆڤیەت، کاتێک ئەنجومەنی ئاسایش پێشنیاری بڕیارنامەیەکی کرد بۆ ئیدانەی حکوومەتی نوێی ئێران لە سەر بارمتەگرتنی کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئێران، ڤێتۆی بەکار هێنا. 


ستایشی کاربەدەستانی ئێران لە ڕووسەکان، دژایەتی لەگەڵ گوتاری سیاسی حکوومەتی ئیسلامی ئێران هەبووە. هەروەها ئێرانیەکان بە هۆی ڕەچاو کردنی گەمارۆ نێودەوڵەتیەکان دژ بە ئێران، ڕەخنەیان لە ڕووسیا گرتووە. سەرەڕای پابەندنەبوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ناوەکی، ڕووسیا لە سەر هەوڵەکانی بۆ ڕزگار کردنی ڕێککەوتنەکە بەردەوامە. 


جگە لە هاوکاری نێودەوڵەتی، ئێران و ڕووسیا بۆ هێشتنەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەدیش هاوکارییەکی نزیکیان هەبوو و هەیە. ئێران جگەلەوەی کە هێزی پیادەی سەربازی دابین کرد، ڕێگەی بە ڕووسیا دا بنکەی ئاسمانی نۆژە لە هەمەدان بۆ لێدانی نەیارانی ڕژێمی ئەسەد لە حەلەب، دەیرەلزوور و ئێدلێب، بەکاربێنێت. هەڵبەتە بەکارهێنانی خاکی ئێران لەلایەن ڕووسیاوە، بووە هۆی دژایەتی بەشێکی بەرچاو لە ئێرانیەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات. ئاماژەی ئەم کەسانە بە مادەی ١٤٦ یاسای بنەڕەتی ئێران بوو کە ڕێگە بە هێزی دەرەکی بۆ بەکارهێنانی خاکی ئێران نادات.


بە گشتی پێوەندی دوو وڵات لە سەر بنەمای هاوکاری و ململانێی هاوکات بەردەوامە و هەرکام دەیانهەوێ ئەوی تریان بۆ بەرژەوەندی خۆی، بەتایبەت لە کێشمەکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکاندا بەکار بێنێت. 


 تائێستە، هەرکات تەنگەژەیەکی هاوبەش بۆ ئەم دوو بەشدارە ململانێکەرە هاتۆتە پێش، هاوکاری یەکتر بوون. هەرکات کێشەکە بە قازانجی یەکێکیان شکاوەتەوە، ڕێککەوتنەکانیان لە دۆستایەتیەوە چۆتە قۆناخی دوژمنایەتی و ململانێ. لەسەر نوێژەن کردنەوەی سوریە، تووشی ناکۆکیەکی توند بوون، تاکو گەیشتە ئەو شوێنەی کە فەرماندەکانی سوپای پاسداران ڕەخنەیان لە ڕووسیا گرت. هەروەها لە سەر پرۆژە سەربازی و ئابوورییەکانی سوریە تووشی ناکۆکی قووڵن. ڕووسیا هەژمۆنی ئێران لە سوریە بە مەترسیەک بۆ سەر دەست ڕۆشتوویی خۆی لەو وڵاتە دەزانێ و ئێرانیش نیگەرانە لە دەسەڵاتی سەربازی ڕووسیا و گەرم و گوڕی ڕووسیا و نەیارانی ئەسەد لا گرانە.


ناکۆکیەکی تری قووڵی ئەم دووانە لە سوریە دەگەڕێتەوە بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و پرۆسەی ئاشتی دێمێشق لەگەڵ هێزەکانی ناوچەکە و ڕۆژئاوا. ئامانجی ڕووسیا ئەوەیە کە سوریە لەگەڵ وڵاتانی عەرەب ئاشت ببێتەوە و لە ڕۆژئاواش نزیک بێتەوە، بەڵام ئەم پلانەی ڕووسیا بۆ حکوومەتی ئیسلامی دڵخۆشکەر نیە. 


ئەوەی کە ئێستە بۆتە هۆی کەم بوونەوەی ئەم ناکۆکیانە، دەست تێوەردانی تورکیەیە لە باکوور و کوردستانی سوریە. ئەمە بۆتە هۆی نزیک بوونەوەی دووبارەی ئێران و ڕووسیا. بەڵام ئەگەر پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات و گۆڕانکاری سیاسی کە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی، لەوانە ڕووسیا و ئەورووپا و ئەمریکا پشتگیری دەکەن، جێبەجێ بکرێ و ئەسەد لەسەر کار نەمێنێ، ڕوون نیە جێگە و پێگەی حکوومەتی ئیسلامی لە کام سووچ دەگیرسێتەوە.

 
ڕاستی ئەوەیە کە دۆسیەی سوریە لە دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامی ئێران و حیزبوڵای لوبنان و ئەسەد چۆتە دەرەوە و گەیشتۆتە ئاستی نێودەوڵەتی. ئەمریکا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان هاتوونەتەە ناو گەمەکەوە و ڕووسیا وەک بکەرێکی مەیدانی لە سوریە، بە هۆی ئەو گەمارۆیانەی لە سەر کێشەی ئۆکرایین و کریمە تووشی بوون، پێویستی بە لایەنێکی ئەورووپی-ئەمریکی هەیە و ڕەنگە لەم بەشە لە قەیرانەکان خاڵ بە ڕۆژئاواییەکان بدات، لەوانە لە سەر حکوومەتی ئیسلامی ئێران.


سەرەڕای گشت ئەم تایبەتمەندییانە، ئەزموونەکانی پێشوو نیشانی داوە کە ڕووسیا بۆ لاواز کردنی سیاسیەتی ئەمریکا لە ناوچەکە، کەڵک لە حکوومەتی ئیسلامی وەردەگرێ. ڕووسیا هەوڵ دەدات ئەو خاڵانە کۆ بکاتەوە کە پشتگیری سیاسەت و هەوڵەکانی ئێران دەدات، و لەلایەکی تریشەوە بە جۆرێک لە جۆران، ئێران لە ناوچەکە سنووردار بکاتەوە. 



سەرچاوە: سایتی کەیهانی لەندەن


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×