قوباد تاڵەبانی: گەشبینین بە گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ كابینەكەی مستەفا كازمی
  2020-05-23       1037       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكدا بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، رایگەیاند: بە هەمو توانامانەوە لە هەوڵدا دەبین بۆ دابینکردنی موچەو چارەسەركردنی ڕیشەیی ئەم كێشەیە و گەشبینین بە گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ كابینەکەی مستەفا كازمی بۆ چارەسەرکردنی بەشی زۆری کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

ئاوێنە: قوباد تاڵەبانی، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لە پەیامێكدا بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، رایگەیاند"حكومەتی هەرێم، بەخودی سەرۆکی حکومەت و بەندە و وەزیرە بەڕێزەکانەوە، بە هەمو توانامانەوە لە هەوڵدا دەبین بۆ دابینکردنی موچەو چارەسەركردنی ڕیشەیی ئەم كێشەیە. لەم پێناوەشدا كاری پێویستمان كردوە بۆ رێككەوتنی گشتگیر و دادپەروەرانە لەگەڵ حکومەتی ناوەند."

وتوشیەتی"دانوستانەكانمان لەگەڵ بەغدا چڕتر کردوەتەوە و ئێستا لێکتێگەیشتن لەهەموكات زیاترەو گەشبینین بە گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ كابینەکەی بەڕێز مستەفا كازمی بۆ چارەسەرکردنی بەشی زۆری کێشە هەڵپەسێردراوەکان."

جێگری سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەشداوە كە "لەئێستاشدا وێڕای خەمی دابینكردنی موچە، ئەرك و خەمی حكومەت بونیادنانی ژێرخانی ئابوری و دابینکردنی خزمەتگوزاری شایستە و چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵییە، ئەم هەنگاوانەش بەبێ دروستکردنی متمانە سەرناگرێت."

قوباد تاڵەبانی جەختی كردۆتەوە كە "نابێت دەرفەتەکان بە هۆی ململانێی ناتەندروست و بارگرژی سیاسییەوە لەكیس بدەین، پێویستمان بە دروستکردنەوەی تەباییە لەنێوان لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت، لەنێوان حکومەت و هاوڵاتیان، لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت و دواجاریش لەنێوان هەرێم و بەغدا."

دەقی پەیامەكە...

هاوڵاتیانی خۆشەویست...
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزان، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە هەمولایەک دەکەم، دەخوازم ئەم بۆنەیە ببێتە هەوێنی ئاشتەوایی و یەکڕیزی لە كوردستان تاکو پێکەوە ڕوبەڕوی تەنگەژەكانی بەردەممان ببینەوە.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، كاریگەریی خراپیان لەسەر بەرنامەكانی حکومەت بۆ چاکسازی و بنیاتنانەوە و رەخساندنی هەلی كار دانا، گرنگیدانی ئێمەشی گۆڕی بۆ پاراستنی تەندروستی و دابینکردنی موچە.

بە هەوڵ و ماندوبونی تەندروستکاران و هێزە ئەمنییەكان و پابەندیی هاوڵاتیان، رێگری كرا لە تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا، بەڵام هێشتا مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە بەردەوامە، ئەمەش دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی بەردەوامیی پابەندبون بە رێنماییە تەندروستییەکان.

حكومەتی هەرێم، بەخودی سەرۆکی حکومەت و بەندە و وەزیرە بەڕێزەکانەوە، بە هەمو توانامانەوە لە هەوڵدا دەبین بۆ دابینکردنی موچە و چارەسەركردنی ڕیشەیی ئەم كێشەیە، لەم پێناوەشدا كاری پێویستمان كردوە بۆ رێككەوتنی گشتگیر و دادپەروەرانە لەگەڵ حکومەتی ناوەند. دانوستانەكانمان لەگەڵ بەغدا چڕتر کردوەتەوە و ئێستا لێکتێگەیشتن لەهەموكات زیاترەو گەشبینین بە گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ كابینەکەی بەڕێز مستەفا كازمی بۆ چارەسەرکردنی بەشی زۆری کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

لەدوای 2014 وە گیرۆدەی جۆرەها قەیران بوین، بەڵام هیچ كات بێخەم نەبوین و هەمو دەرفەتەكانمان قۆستۆتەوە بۆ چاكسازی و خاوكردنەوەی گرژییە سیاسییەكان و لەڕێی یەکگرتویی کابینەی پێشوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانیمان قەوارەی هەرێمەکەمان بپارێزین و لەکێشەی ناوخۆیی بەدوری خەین. جگە لەمەش، تۆماری بایۆمەتری و بە ئەلەکترۆنیکردنی هەندێ لەكارەكانی حکومەت، پڕۆژەی خزمەت و وردبینیکردنی داهاتی نەوت و یاسای چاکسازی بەشێک لەو هەوڵانە بون كە خەریكە وردە وردە کاریگەرییەکانیان بۆ هەمو لا ئاشكرا دەبێت. لە کابینەی نۆیەمی حکومەتیشدا، توانرا یاسای چاکسازی بەکردەیی پەسەند بکرێت.

لەئێستاشدا وێڕای خەمی دابینكردنی موچە، ئەرك و خەمی حكومەت بونیادنانی ژێرخانی ئابوری و دابینکردنی خزمەتگوزاری شایستە و چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵییە، ئەم هەنگاوانەش بەبێ دروستکردنی متمانە سەرناگرێت، نابێت دەرفەتەکان بە هۆی ململانێی ناتەندروست و بارگرژی سیاسییەوە لەكیس بدەین، پێویستمان بە دروستکردنەوەی تەباییە لەنێوان لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت، لەنێوان حکومەت و هاوڵاتیان، لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت و دواجاریش لەنێوان هەرێم و بەغدا.

لە کۆتاییدا خوازیارم جەژن ببێتە بۆنەیەك بۆ ئاشتەوایی سەرانسەری، بۆ پتەوكردنی تەبایی نێوانمان. جارێکیتر جەژنی هەمو لایەك پیرۆز بێت بەتایبەت خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەکان و پەرستشی رۆژوەوانانیش قبوڵ بێت و هەموان پارێزراو و تەندروست بن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×