یەرەکە: لەهێرشەکەی توركیا لەگوندی "سەفرە"ی شارباژێڕ دو گەریلاو سێ وڵاتپارێز شەهیدبون
  2020-05-29       1453       

یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان(یەرەکە) بەڕەسمی شەهیدبونی دو گەریلاو سێ وڵاتپارێزی لە بۆردومانەکەی تورکیا لە گوندی "سەفرە"ی شارباژێڕ راگەیاند. جەختیش دەکاتەوە"بە بێ هەبونی دەستی خیانەت، دوژمن ناتوانێت بگاتە ئامانجەکانی و کارەساتی لەو چەشنە ڕوبدات."

ئاوێنە: کەمێک پێش ئێستا فەرمانداریی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(یەرەکە)، لەبارەی هێرشەکەی شەوی ٢٦ی ئەم مانگەی سەر گوندی سەفرە-ی ناوچەی شارباژێڕ لە باشوری كوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و شەهیدبونی دو گەریلا و سێ وڵاتپارێزی ڕاگەیاند.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"شەوی  ٢٦ی مەی رێکەوت لەگەڵ جۆزەردان کاتژمێر ١١ و ٤٥ دەقە، لە کاتێکدا دو هەڤاڵمان لە گەڵ سێ وڵاتپارێز کە بۆ میوانی سەردانی هەڤاڵانی ئێمەیان کردبو، لەنێو ماشینێکی مەدەنیدا، لە هەرێمی ئاسۆس لەنێو گوندی سەفرە، بە کوردینەی فڕۆکەی سیخۆڕی دەکەونە بەر هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی ئەرتەشی داگیرکەری تورک و هەر پێنج شەهید دەبن."

یەرەكە ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەو روداوە جارێکی تر سەلماندی کە بە بێ هەبونی دەستی خیانەت، دوژمن ناتوانێت بگاتە ئامانجەکانی و کارەساتی لەو چەشنە روبدات."

ئەوەشی خستۆتەڕو كە لەو هێرشەدا دو هەڤاڵیان بە ناوەكانی "رێباز سنە"و "زنار بروسك" شەهیدبون كە ناسنامەی ئاشكراكردون، لەگەڵ سێ وڵاتپارێز كە لە داهاتودا ناسنامەیان بۆ رایگشتی رادەگەیەنن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، رێباز سنە، ناوی فەرزاد بەهنەوەرد و خەڵكی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانەو زنار بروسك-یش، ناوی فەخرەدین عەلی نەژادەو خەڵكی شاری خۆی رۆژهەڵاتی كوردستانە.

 




دەقی راگەیەندراوەكە...

بۆ رای گشتی

لە هەمبەر دەسکەوتی گەلی کورد، دەوڵەتانی داگیرکەر بەردەوام خەریکی هێرش و قڕکردنن. بەتایبەت دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک هێرشی نرخ و دەسکەوتی تەڤگەری ئازادیی لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات. ئامانجی دەوڵەتی دژە مرۆڤی تورکیە تەسلیم گرتن و لە ناوبردنی هەمو کوردانە و بە بێ جیاوازیی لە باکور، باشور، رۆژئاوا و رۆژهەڵات درێژە بە دەست درێژییەکانی خۆی دەدات. مخابن ئەو داگیرکاریانە بە یارمەتی و لە رێگەی کوردی خائنەوە پێک دێنیت.

لەو چوارچێوەیەدا شەوی  ٢٦ی مەی رێکەوت لە گەڵ جۆزەردان کاتژمێر ١١ و ٤٥ دەقە، لە کاتێکدا دو هەڤاڵمان لە گەڵ سێ وڵاتپارێز کە بۆ میوانی سەردانی هەڤاڵانی ئێمەیان کردبو، لە نێو ماشینێکی مەدەنی دا، لە هەرێمی ئاسۆس لە نێو گوندی سەفرە، بە کوردینەی فڕۆکەی سیخۆڕی دەکەونە بەر هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی ئەرتەشی داگیرکەری تورک و هەر پێنج شەهید دەبن. ئەو روداوە جارێکی تر سەلماندی کە بە بێ هەبونی دەستی خیانەت، دوژمن ناتوانێت بگاتە ئامانجەکانی و کارەساتی لەو چەشنە روبدات. لەو هێرشەدا دو رێ هەڤاڵمان بە ناوەکانی رێباز سنە و زنار بروسک شەهید دەکەون هەروەها ناسنامەی ئەو سێ وڵاتپارێزە لە داهاتودا بۆ رای گشتی رادەگەینین.

هەڤاڵ رێباز سنە وەک گەنجێکی رۆژهەڵات ئەو زوڵم و زۆردارییەی کە لە سەر گەلی کورد بە گشتی بەڕێوە دەچێت قبوڵ نەکرد و بۆ وڵام دانەوەی داگیرکاریەکانی دوژمن، روی لە چیا ئازادەکانی کوردستان کرد و بەشداری ناو ریزی گەریلای ئازادی کوردستان بو. شەهید رێباز هەر لە سەرەتای بەشدار بونیەوە بە پابەند بون بە فکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ و خۆشەویستی گەل و نیشتمان زۆر بە زویی خۆی گەیاندە ئاستی ملیتانی ئاپۆیی و ئەرک و بەرپرسیاریەتی شۆڕشگێڕی گرتە ئەستۆ. هەروەها لە نێو هەڤاڵانیدا نمونەیەک لە جوانی و خۆشەویستی بو.

هەڤاڵ زنار بروسک جەوانێکی خەڵکی شاری خۆی سەر بە رۆژهەڵاتی کوردستان بو. هەڤاڵ زنار هەەر لە منداڵیەوە تەڤگەری ئازادی کوردستان دەناسێت و هەست بە داگیرکاریی و بێ عەداڵەتی دوژمن دەکات. بۆ بەرەنگاربونەوەی زەخت و زۆرێک کە لە سەر گەلی کورد بەڕێوەدەچێت رو لە تەڤگەری ئاپۆیی و بەشداری ریزی گەریلاکانی ئازادی دەبێت. هەڤاڵ زنار بە  بڕیار و هەڵسوکەوتی خۆی لە نێو هەڤاڵانیدا پێشەنگایەتی کرد و هەتا دوایی لە سەر رێبازی رێبەر ئاپۆ تێکۆشا.

ئێمە وەک یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان YRK  بۆ شەهید زنار و شەهید رێباز و هەر سێ شەهیدی تر سەرەتا پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و هەمو گەلی کورد دەکەین و لە کەسایەتی ئەواندا یادی هەمو شەهیدانی رێگای ئازادیی بەرز رادەگرین. بەڵێن ئەدەین کە تۆڵەی شەهیدان بە بەدیهێنانی ئامانج و ئارەزوەکانیان کە ئازادی گەل و نیشتمانە بسێنین و تێکۆشانی خۆمان بەهێزتر بکەین.

هەروەها بانگ لە گەلی خۆمانی وڵاتپارێز دەکەین کە بەوپەڕی رێزەوە خاوەنداری لە شەهیدو بنەماڵەی شەهیدان بکەن و لەدژی داگیرکاری و خیانەت تێبکۆشن و ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیان پێکبینن.

سڵاو و ڕێزی شۆڕشگێری

فەرمانداریی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان YRK

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×