نێچیرڤان بارزانی مەسرور بارزانی بەجیا پەیامیان ئاڕاستەی یەكێتی كرد
  2020-05-31       858       

به‌بۆنه‌ی یادی 45 ساڵه‌ی دامه‌زرانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ له‌ دو په‌یامی جیادا هه‌ریه‌ك له‌ سەرۆکی هەرێم و سه‌رۆكی حكومه‌تی کوردستان پەیامی پیرۆزباییان ئاراستەی یه‌كێتی كرد.

ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامه‌كه‌ی ئاڕاستەی هاوسەرۆكان و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی و مەكتەبی سیاسیی‌ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردوەو رایگه‌یاندوە "ئێستا لایەنە سیاسییەکان لە هەمو کاتێک زیاتر پێویستییان بە یەکڕیزییە و له‌ رابردودا هاوكاری‌ و هه‌ماهه‌نگیی‌ سه‌رۆك مام جه‌لال كه‌ ئه‌مڕۆ بەڕێزه‌وه یادی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی‌، سه‌لمێنه‌ری‌ ئه‌و راستییه‌ن."

له‌ په‌یامێكی دیكه‌شدا كه‌ به‌هه‌مان بۆنه‌ ئاڕاسته‌ی یه‌كێتی كردوه‌، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتویەتی: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوبەشێکی گرنگ و سەرەکییە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانداو "ئومێدەوارم بەیەکەوە لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و تەواوی لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، هەماهەنگ و هاوکار بین بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختەی ئێستا، لە رێگەی پشتیوانیکردن لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی کە داوا و خواستی گشت لایەنەکان و هاوڵاتییانە."

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

په‌یامی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ یادی دامه‌زراندنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان

به‌ڕێزان هاوسەرۆكان و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی و
مەكتەبی سیاسیی‌ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

له‌ (45)هه‌مین ساڵیادی‌ دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و سەركردایەتی و ته‌واوی‌ ئه‌ندامان و جەماوەری یەكێتی دەكه‌م، هیوای‌ سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.

یەكێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، بەشێكی گرنگی‌ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستانه‌، لەگەڵ پارتی دیموكراتی‌ كوردستان و لایەنەكانی دیكەدا، هاوبەشی سەرەكی بونە لە ده‌سكه‌وته‌كان و پرۆسەی سیاسی و بنیاتنانی‌ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و لە چەسپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستوری عێراقدا.

ئێستاش له‌ كاتێكدا هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك عێراق و ناوچه‌كه‌، ڕوبه‌ڕوی‌ دۆخێكی‌ هه‌ستیار و ته‌حه‌دیاتی‌ گه‌وره بوه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌مو كاتێك زیاتر پێویستیمان به‌ ته‌بایی‌، كاری‌ هاوبه‌ش و یه‌كڕیزی‌ هه‌یه‌ كه‌ تاکه‌ ڕێگه‌ی‌ سه‌ركه‌وتن و بنه‌مای‌ هه‌مو ده‌سكه‌وته‌كانه‌‌. له‌ ڕابردودا هاوكاری‌ و هه‌ماهه‌نگیی‌ سه‌رۆك مام جه‌لال كه‌ ئه‌مڕۆ به ‌ڕێزه‌وه یادی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی‌، سه‌لمێنه‌ری‌ ئه‌و ڕاستییه‌ن. 

بۆ سه‌قامگیریی‌ سیاسی‌ و یەكهەڵوێستی‌ لەسەر پرسە سەرەكییەكانی گەلی كوردستان، تێپەڕاندنی‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ی‌ دۆخه‌كه‌، پاراستنی‌ قه‌واره‌ی‌ ده‌ستوریی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنی‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردستان، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌مو لایه‌ن و پێكهاته‌كان له‌ هه‌وڵه‌كانی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، چاوه‌ڕێی‌ هەڵوێستی كوردستانیانه‌ش له‌ هه‌موان دەكەین.

له‌م یاده‌دا درود بۆ گیانی‌ شه‌هیدانی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان و ته‌واوی‌ شه‌هیدانی‌ كوردستان كه‌ گیانیان له‌پێناو ئازادیی‌ گه‌له‌كه‌یاندا به‌خشی‌، سه‌ری‌ ڕێز و نه‌وازش له‌ به‌رده‌میاندا داده‌نوێنین و سڵاو و ڕێز بۆ خانه‌واده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان ده‌نێرین.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
31/5/2020

دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان:

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

بە بۆنەی چل و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم .

یەکێتی نیشتمانیی کوردستان هاوبەشێکی گرنگ و سەرەکییە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا و ئومێدەوارم بەیەکەوە لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و تەواوی لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، هەماهەنگ و هاوکار بین بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختەی ئێستا، لە رێگەی پشتیوانیکردن لە کارنامەی حکومەتی هەرێم و ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی کە داوا و خواستی گشت لایەنەکان و هاوڵاتییانە.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/5/31

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×