دەروێش
  2020-07-10       2586       

ئەنوەر حەمە عەلی


دەروێشی ڕەهەندێکی گرنگی ڕوحانی هەیە. ڕەهەندە ڕوحانییەکانی لەم جۆرە بە شێوەیەکی گشتی پێیان وایە ڕۆح نەمرە بەڵام جەستە زیندانی ڕۆحە. لە م زیندانەدا ڕۆح ئەبێ خزمەت بکرێت و ڕوناکی و ڕاستی پێبدرێت تا ئارام بێت، نزیکتر بێت لە خوادا و لە سەفەرە نەمرەکەی بەردەوام بێت. سەما و مۆسیقا جۆرێکە لە شێلانی ڕۆح و ئارام کردنەوەی لە زیندانەکەیدا، پێش ئەوەی ڕۆح لە جەستە ئازاد ببێت و بگەڕێتەوە بۆئاسمان.
سەرەداوی ئاوێتەبوونی دەروێشی و ڕێبازەکانی تری سۆفیگەری بە ئیسلام ئەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدی ٩ی زاینی بەڵام ڕەگی ئەم ڕێبازانە قوڵترن وهەندێکیان پەیوەندییەکی مێژوویان هەیە لە گەڵ کەشە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکانی پێش ئیسلام بە تایبەتی زەردەشتی و بودایزم.
ئەم وێنایەی کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بۆ دەروێش و دەروێش گەرایی دروست کراوە، وێنایەکە کە زیاتر بۆ مەبەستی سیاسی کێشراوە. ئاوێتەبوونی ئەم ڕێبازانە بە ئیسلام و هاتنە دەرەویان جارێکی تر لە هەناوی ئیسلامەوە، سەرەتای دروستبوونی ڕەهەندی ئیسلامی ناسیاسییە لە ڕاستیدا. بەشێکی گرنگی شەڕی ئیسلامی سیاسی لە گەڵ ئەم ڕیىازانەدا ڕەنگە بۆ ئەمە بگەڕێتەوە، نە ک بۆ لێکدانەوەی تر.
ئەتاتورک، لە ژێر ناوی بە مۆدێرن کردن و بە ڕۆژ ئاوایی کردنی تورکیا، هەموو کەش و گرتبوونەوەکانی ئەم ڕێبازانەی قەدەغەکرد لە تورکیا. سەرچاوەم لە بەردەستدا نییە ئەگەر شای ئێران ئەم ڕێبازانەی قەدەغەکردبێ یان نا، بەڵام بە درێژایی فەرمان ڕەوایی پەهلەویەکان، پەتای ڕۆژ ئاوا گەرایی ئەم ڕێبازانەی کردبووە دوژمنی مۆدێرنیزم و دونیای تازە و ئێستاش ئیسلام سیاسی درێژە بەم وێنایە ئەدات لە سۆنگەی بەرژەوەندی ئایدیۆلۆژی خۆیەوە.
ئەم وێنا نێگەتیفە لە سەر دەروێش و دەروێش گەرایی ڕەگەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو گرێ کڵتورییەی کە بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکانی ڕۆژهەڵات لە بەرامبەر ڕۆژ ئاوای ئەو کاتەدا هەیان بوو و وە ئێستاش بە میرات بۆ کۆمەڵگاکانیان بە جێ هێشتووە وە سەرھەڵدانەوس ئیسلامی سیاسی. یەیرکەن چۆن سەر ئەکەینە یۆگاکردن بەڵام دەست بۆ ئەو ڕێبازانە نابەین کە کوڵتوری ناوچەکە بۆ مامەڵە کردن لە گەڵ ڕۆح بەدی هێناوە و گەشەی پێداوە. سیرکە چۆن گۆڕی شێخەکانیان لە ناو ئەبرێن. ئەم ڕێبازانە قابیلی تازەکردنەوە و گەشەکردنن لە دوونیای تازەدا.
ئێستا کۆمەڵگا، کوڵتور و ئەکتەرانی کوڵتوری ڕۆژ ئاوا، گرنگی زیاتر بە ڕۆح ئەدەن لەو کاتە. گرنگی زیاتر بە دین لەو کاتە، لە ڕۆژ ئاوای ئێستادا، بە مانای گەڕانەوە بۆ دین نییە وەک و هەندێک پێیان وایە یان ئەیانەوێ وای بگەیەنن، بەڵکو جارێکی تر گرنگی دانە بە ڕۆح کە ڕۆشنگەری و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکانی دوای ڕۆشنگەری گوێی خۆیانیان لێ کەڕ کرد بە هۆی ئەو ئاوێتە بوونە مێژووییەی کە ڕۆحگەرایی هەیبوو لەو کاتەدا لە گەڵ کڵێسای ستەمکاردا. ئێستا ڕۆح گەرایی هەر لە لایەن دینییەکانەوە پاوان نەکراوە و ئەتێیستەکان و باوەڕەکانی تریش ڕۆحگەرایی خۆیان ئەکەن و گەشەی پێ ئەیەن بە بێ ئەوەی ئازادی تاک و کۆنتراتی کۆمەڵایەتی بکەوێتە مەترسییەوە. پرنسیپی دونیای ئازاد ئەوەیە، کە ئەگەر تۆ شتێک بکەیت کە زەرەری بۆ کەسی تر نەبێت, تۆ ئازادی لە کردنیدا.
ئێستا ئەتاتورک و شای ئێران زیندووبانەوە ڕەنگە خانەقا و تەکیە یان دروست بکردایە هەم بۆ ئارام کردنەوەی ئەو گرێ دەرونییەی بەرامبەر ڕۆژ ئاوای پێشکەوتووی ئەوکاتە هەیان بوو، وە هەم بۆ ئەو پۆتەنشییەڵە ئابورییەشی کە ئەم ڕێباز و کەشە ڕوحیانە هەیانە بۆ دورستکردنی جۆرێک لە توریزمی ڕۆحی. هەتا ئێستاش کۆمەڵگای ئێمە لە میراتی ئەم ڕەهەندە ڕۆژئاوا گەرایە ڕزگاری نەبووە. بڕوانە ئەو جێگە و ڕێگەیە کە یۆگا خەریکە داگیری ئەکات لە ناوچەکەی ئێمە، بڕوانە وێنای سۆفی و دەروێش!. نەک پێویستە واز لە دەروێش و سۆفییەکان بهێنرێت کە خەریکی ڕۆح و ڕێبازەکانی خۆیان بن، ئەبێت لێکۆڵینەوە و هاریکاری بکرێن تا ئەم میراتە کوڵتورییە، بتوانێ خەریکی ڕۆحی مرۆڤی ئەم سەردەمەی ئێستاش بێ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×