عەلی قەرەدا‌غی: گۆڕینی ئایاسۆفیا بۆ مزگەوت کاردانەوە و نەفرەتی دڵ نەخۆشەکانی دەرخست
  2020-07-11       1037       
ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان رایگەیاند، لەکاتێکدا لە ئەندەلوس، هیندستان و قودس مزگەوتەکان دەگۆڕدرێن بۆ کەنیسە، یانەی شەوانە و پایتەختی یەهودییەکان، رۆژهەڵات و رۆژئاوا ئیدانەی ئەو "تاوانانە ناکەن"، بەڵام گۆڕینی مۆزەخانەی ئایاسۆفیا بۆ مزگەوت لە تورکیا "کاردانەوە و نەفرەتی دڵ نەخۆشەکانی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای دەرخست".

ئاوێنه‌: عەلی قەرەدا‌غی، ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان لە راگەیەنراوێدا لە پەرەی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، "مزگەوتەکانی موسڵمانان لە ئەندەلوس دەکرێن بە کەنیسە و یانەی شەوانە، لە هیندستان دەکرێن پەرستگای دیکە و قودسیش کە شوێنی پیرۆزی موسڵمانەن دەخوازن بکرێت بە پایتەختی جولەکە".

دوای 86 ساڵ لە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی توركیا، دوێنێ ئەنجومەنی شورای توركیا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی كردنە مۆزەخانەی ئایاسۆفیا، بەمەش جارێكی دیكە وەكو مزگەوت ئەو شوێنە مێژوییە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و سەرۆک کۆماری تورکیاش بڕیارەکەی پەسەندکرد.

عەلی قەرەداغی ئاماژەی بەوەشکردوە، بەرامبەر سەرجەم ئەو گۆڕانکاریانە هیچ دەنگێکی ناڕەزایی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا بۆ ئیدانەکردنی "ئەو تاوانانەمان نەبیست".

ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان ئەوەشی خستوەتەڕو، بەڵام لەکاتێکدا مۆزەخانەی ئایاسۆفیا دەکرێت بە مزگەوت "کاردانەوە و نەفرەتی دڵ نەخۆشەکانی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای دەردەکەوێت"، جەختیش دەکەنەوە ئەو هەنگاوەی تورکیا گەڕانەوەی ئایاسۆفیایە بۆ بنەمای راستەقینەی خۆی.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×