ڕوانینی گۆرانی شاعیر بۆ دەروێش بەراورد بە ڕوانینی محەمەد کەسنەزانی بۆ دەروێشەکانی
  2020-07-13       1228       

عەلی مستەفا کەریم


دەکرێ لە وتار و سەرنجی کورتدا دو وێنە و کارەکتەر و چەمک بە دابڕاوی بەراورد بکرێن، بەبێ ئەوەی چوارچێوە گشتییەکەیان لەبەرچاو بگیرێت. لەم کورتە نوسینەشدا وێنەی دەروێش لە شیعرێکی گۆرانی شاعیردا بەراورد دەکەین بە هەمان وێنە لە ڤیدۆیەکی شێخی کەسنەزانی کە ئیرشادی دەروێشەکانی دەکات. پرسیاریش لێرەدا ئەوەیە: ئایا هەریەک لە گۆرانی شاعیر کە مرۆڤێکی چەپ و لە هەندێ ڕوانیندا ماتریالیست بوە، لەگەل شێخ عەبدولکەریم، کە شێخ و ڕێبەری تەریقەتی قادرییە، چۆن دەڕواننە دەروێش و هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن؟


گۆرانی شاعیر لە شیعرێکی کلاسیکی خۆیدا بە ناوی(دەروێش عەبدوڵا) وەسفی کەسایەتییەکمان بۆ دەکات کە دەروێشێکی شمشاڵ ژەنە. هەر لەسەرەتاوە ئەو دەروێشە بە "فریشتەی مۆسقا" ناو دەبات، کە "ئوستاز و سنعەتکار"ە، خاوەنی "زەکای گەورەیە" و لەسەر بەردی ڕەق خۆی پێگەیاندوە و گەورەبوە. ئەم دەروێشە نەدار و هەژارە وەکو هەمو دەروێشەکانیتر، هیچ بەها و قەدرێکی نییە لەناو میللەتەکەیدا، چونکە لەنێو گەلێکی نەخوێنەواردایە. بەڵام لای گۆران لەئاستی بتهۆڤن و لەویش بەرزترە، چونکە ئەوەی دەروێش عەبدوڵا دەیژەنێ و دەیچڕێ، زۆرتر لە ڕۆحی گۆرانەوە نزیکتر و هوروژێنەرترە. ئەم شیعرەی گۆران یەکێکە لەو شیعرانەی کە ئاستێکی بەرزی هونەرییان هەیە و زۆرێک خەسڵەتی شیعری کلاسیک و کلاسییزمی نوێی لە خۆ گرتوە. هەر سەرەتا لە کۆپلەیەکی چواردێڕیدا وەکو ئەوەی بە کامێرا وێنەی کەسایەتییەکە بگری، بەڵکو چرتریش، دەستپيدەکات و دۆخی دەروێشی هونەرمەند دەکێشی کە خودی شاعیر زۆر کەوتوەتە ژێر کاریگەرییەوە:


دەروێش عەبدوڵڵا
(بۆ فریشتەی مۆسیقا)
بە ڕەنگی زەرد و شێوەی دەست و شمشاڵی کزا، دەروێش!
حەزم کرد بەستەیەک ببیەم سەراسەر حوزن و ماتەم بێ،
لە سیماتا بەدیم کرد هەیکەلی عومرێکی حەسرەت کێش،
وەها دیارە کە بەختت ئاشییانی بولبولی غەمبێ!


دواتر دوای وێنەکێشانێکی ورد بە چەند کۆپلەیەک، گۆران ڕەخنەیەکی زۆر لەو واقیعە دەگرێت کە نرخی هونەرمەندێکی وەکو دەروێش نازانێ. پاشان لە کۆتاییدا باس لەو کاریگەرییە دەکات کە دەروێش لە سەر هەست و ڕۆحی بەجێی هێشتوە و وەکو ڕزگارکەرێکی ڕۆحی پەنای بۆ دەبات و دەڵێ: 


ئەوەندەم بیست لە مۆسیقا خرۆشی ڕۆحی بێگانە
میزاجی کوردەواریم تێکچووە، دەروێش عەبدوڵڵا،
دەخیلت بم دەسا بەو لاوک و ئای ئای و حەیرانە
شەپۆلی زەوقی میللی پڕ دەروونی مات و چۆڵم کە!
لە بیتهۆڤن گەلێ زیاتر بە ڕۆحم ئاشنای، وەڵڵا
دە ئەی دەروێش سکاڵایەک لەگەڵ ڕۆحی کڵۆڵم کە!


هەست و سۆز و وێنەهونەرییەکان هێندە کاریگەر و بەهێزن، وادێتە پێشچاو کە گۆرانی شاعیر یەکێ بێ لە سۆفی و موریدانی تەریقەت، بەڵام ئەوە لای هەموی ڕونە کە گۆران کەسێکی ئاینیش نەبوە بە مانا تەقلیدییەکەی. 


لە بەرامبەردا، گرتەیەکی ڤیدۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییکاندا چەند ساڵێکە بڵاوە، شێخ محەمەد کەسنەزانی ئیرشادی شوێنکەوتوانی دەکات و پاش ئامۆژگاری، موریدەکان(دەروێشەکان) بەڕیز یەکیەک دێن و سەرەتا دەست و دواتر پێی شێخی کەسنەزانی ماچ دەکەن و بە چوارچنگە کڕونوش لەبەرپێیدا دەبەن و ئەویش بە لوتبەرزییەکەوە بەڕێیان دەکات. ئەم دیمەنە نەکو تەنها ملکەچپێکردن و بێڕێزییە بە حورمەتی مرۆڤ، بەڵکو بە هەمو مانایەک بەرجەستەکردنەوەی سەردەمی کۆیلایەتییە کە ئێمە ئەمڕۆ  تەنها لە کتێبەکاندا دەیخوێنینەوە ئەو دیمەنانە لە فیلم و گێڕانەوەکاندا دەبینین. ئەم جۆرە دیمەن و هەڵسوکەوتانە نەکو تەنها لای شێخی باوکدا هەبوە کەتازە وەفاتی کردوە، بەڵکو لای شێخی کوڕیش، کە شێخ نەهرۆیە، لە چەند گرتەیەکی ڤیدییۆیدا دەبینرێت. دیمەنی لەمجۆرە پێویستە بە توندی ڕەخنەی لێبگیرێت و بە پاساوی ئەوەی کە دەروێشەکان بە ویستی خۆیان ئەمەیان هەڵبژاردوە، چاوپۆشی لێنەکرێت.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×