“هێزێكی سیاسی لە هەرێم و چەند هێزێكی عيراقی هۆكارن بۆ پەرەپێدانی نەعرەتەی تائیفی و دروستكردنی رق و كینە”
  2020-10-17       853       
پێنج پەڕلەمانتاری كورد لە فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنن، كە سەركۆنەی هەموو جۆرە توندوتیژییەك دەكەن بەرامبەر هەر كەس و لایەنێك بكرێت لەژێر هەرناوێك بێت، دەشڵێن ،” ئەركی حكومەتی عیراق و هەرێمە پارێزگاری لە ئاسایشی گشتی بكەن و رێگەنەدەن لێدوانی نا بەرپرسانەی حزبە سیاسییەكان ببێتە هۆی دروستبوونی توندوتیژی”.

ئاوێنه‌: پێنج پەڕلەمانتاری كورد لە فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەڕلەمانی عیراق  ڕایگەیاندووە، هێزێكی سیاسی دیاریكراو لە هەرێمی كوردستان و چەند هێزێكی عێراقی وە سیاسەتەكانیان هۆكارن بۆ پەرەپێدانی نەعرەتەی تائیفی و دروستكردنی رق و كینە لە نێوان پێكهاتەكانی عیراق، بەتایبەت لەگەڵ نزیكبونەوەی هەڵبژاردنەكان ئەم جۆرە گوتارانە پەرەپێدەدەن.

دەشڵێن ،” داوا لەسەرجەم هێزە سیاسیە حوكمڕان و خاوەن چەكەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق دەكەین، كە دوربكەونەوە لە گوتاری تائیفی و جیاكاری و بەكارهێنانی چەك بۆدروستكردنی رق و كینە لە نێوان پێكهاتەكانی عیراق”.

پێویستە گوتاری ئاشتەوایی جێگەی گوتاری تائیفی بگرێتەوە:
ئێمە وەك ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەركۆنە هەموو جۆرە توندوتیژییەك دەكەین بەرامبەر هەر كەس و لایەنێك بكرێت لەژێر هەرناوێك بێت.
هەروەها سەركۆنەی سوتاندنی ئاڵای هەریمی كوردستان دەكەین. ئەركی حكومەتی عێراق و هەرێمە پارێزگاری لە ئاسایشی گشتی بكەن و رێگەنەدەن لێدوانی نا بەرپرسانەی حزبە سیاسییەكان ببێتە هۆی دروستبونی توندوتیژی.
بەڵام ئەوەش بەبیر دێنینەوە كە هێزێكی سیاسی دیاریكراو لە هەرێمی كوردستان و چەند هێزێكی عێراقی وە سیاسەتەكانیان هۆكارن بۆ پەرەپێدانی نەعرەتەی تائیفی و دروستكردنی رق و كینە لە نێوان پێكهاتەكانی عێراق، بەتایبەت لەگەڵ نزیكبونەوەی هەڵبژاردنەكان ئەم جۆرە گوتارانە پەرەپێدەدەن.
ئێمە چەندین جار هۆشداریمان داوە لە بەكارهێنانی سیاسەتی تائیفی و قەومی بۆ نانەوەی ئاژاوە و دوژمنكاری لە پێناو ئاڵۆزكردنی دۆخی سیاسی و ئەمنی بۆ بەدەستهێنانی دەسكەوتی حزبی و شەخسی و لەبیربردنەوە قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق كە گەلانی عێراق و هەرێمی كوردستان بێزاربون لەم جۆرە گوتارانە، بەڵكو دەبێت گوتاری پێكەوە ژیان و بنیاتنەرانە جێگەی بگرێتەوە و ئەركی ئێمە و تەواوی ئەو هێزانەی باوەریان بە پێكەوە ژیان هەیە رێگربین لە تەشەنەكردنی گوتاری قەومی و تائیفی.
بۆیە جارێكی تر داوا لەسەرجەم هێزە سیاسیە حوكمڕان و خاوەن چەكەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكەین كە دوربكەونەوە لە گوتاری تائیفی و جیاكاری و بەكارهێنانی چەك بۆدروستكردنی رق و كینە لە نێوان پێكهاتەكانی عێراق.
1. ئەحمەد حاجی رەشید
2. سەركەوت شەمسەدین
3. هۆشیار عەبدوڵا
4. رێبوار كەریم مەحمود
5. غالب محمد عەلی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×