فەرماندەیەكی پێشمەرگە: داعش بۆ یەكەم جار گەیشتۆتە هەندێك ناوچەی كوردستانی لەكەركوك
  2020-10-25       1327       

فەرماندەیەكی پێشمەرگە هۆكاری زیادبونی جوڵەی داعش بۆ ناكۆكی نێوان هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەگەڕێنێتەوەو دەشڵێت: بۆ جاری یەكەمە داعش گەیشتۆتە هەندێك ناوچەی كوردستانی لە سنوری كەركوك.

ئاوێنە: عەقید ھێمن ساڵح، فەرماندەی لیوای دوی پیادەی پێشمەرگە، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند"ھۆکاری زیادبونی جوڵەی چەکدارانی داعش بۆ ناکۆکیی نێوان ھێزە شیعەکان دەگەڕێتەوە، چونکە ڕەوشی ئەمنی و سیاسیی عێراق ئاڵۆزەو کاریگەریی کردوەتە سەر ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان، واتە ھێزە عێراقییەکان ئەوەندە خەریکی ململانێی یەکترن ناپەرژێنە سەر کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنی."

فەرماندەکەی پێشمەرگە وتی"داعش سودی لەو ناکۆکییەی ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق بینیوەو چەند ڕۆژێکە جوڵەیان لە زۆربەی ناوچەکان زیادی کردوە، بۆ نموونە پێشتر لە پشتی 'کانی دۆمەڵان'ەوە بۆ ناوچەکانی دبس و حەویجە جوڵەیان ھەبو، ئێستا داعش پەڕیونەتەوە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، وەک ناوچەی شوان."

عەقید ھێمن ساڵح جەختی کردەوە"مەترسیی داعش زۆر زیادی کردوە، بە شێوەیەک کە ھەندێ ناوچەی کوردستان کە پێشتر نە ڕێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە و نە داعش دەستیان پێی نەگەیشتبو ئێستا چەکدارانی داعش لە جادەی سەرەکیی کەرکووک-هەولێر دەپەڕنەوە بۆ ناوچەکانی کوردستان و کردەوەی تیرۆریستی بەڕێوە دەبەن، ئەوەش مەترسییەکی ئێکجار گەورەیە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×