حامیدی حاجی غالی: مەلا بەختیار بیرەوەری نوسیوە بۆ بێحورمەتکردنی یەکێتی
  2020-11-22       2531       

حامیدی حاجی غالی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، نوێنەرانی حیزبەکەی لە حکومەتی هەرێم هیچ دەسەڵاتێکیان پێنەدراوە، ڕەخنە لە پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەگرێت بە قۆرخکردنی دەسەڵاتەکان و دەشڵێت"بڕیاری سڕکردنی مەلا بەختیار و سەرنج ڕاکێشان بۆ قوباد تاڵەبانی و ڕێواز فایەق، بڕیارێکی بوێرانەو دروستی حیزبەکەی بو."

ئاوێنە: حامیدی حاجی غالی، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە بەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاند"حیزبەکان حکومەتیان پێکنەهێناوە، بۆ نمونە یەکێتی و گۆڕان لەحکومەتدان، بەهەردوکیان و وردە حیزبەکانی سەربە پارتیش، بەقەد دو وەزیری پارتیان بەدەست نییە، ئەو وەزارەتانەش کە پێیاندراون، ئەو وەزارەتانە نین بڕیاریان تێدا جێبەجێ بکرێت، پارتی هەمو شتی پاوان کردوە، ئیتر ئەمە بیانو گرتنە بە گۆڕانی قوڕبەسەر و کۆمەڵ و ئەوانیتر."

وتیشی"یەکێتی لە تاواندا پشکی لە حیزبەکانی تر زیاترە، بەڵام پارتی بەپلەی یەکەم بەرپرسە، چونکە سەرۆکی هەرێم و حکومەت و زۆرینەی پەرلەمانیشە، چی بوێت دەیکات، دەبێت ئارام بگرین، بزانین وەزعەکە بۆ کوێ دەڕوات، تا پارتی بە ئاگا دێتەوەو واز لەو غرورە دێنێ."

ڕەخنەگرتنی مەکتەب سیاسیەکەی یەکێتی لەحکومەت، لەکاتێکدایە قوباد تاڵەبانی نوێنەری یەکێتی جێگری سەرۆکی حکومەتە، بەڵام حامیدی حاجی غالی، وتی"جێگری حکومەتە، بەڵام سەرۆکی حکومەت سەفەرێکی 10 ڕۆژی بۆ ئەوروپا کردوە، بچوکترین دەسەڵاتی پێنەداوە، تا ئیشەکان بکات."

دوێنێ شەممە، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆبوەوە، لە کۆبونەوەکەدا، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی سڕکرا، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بیرەوەریەکانیەوە، هەروەها قوباد تاڵەبانی و ڕێواز فایەقیش سزای سەرنج ڕاکێشانیان بۆ دەرکرا، بەهۆی بەشداریکردنیان لەکۆبونەوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمدا، بەبێ ڕەزامەندی حیزبەکەیان.

حامیدی حاجی غالی پێیوایە ئەو بڕیارە بڕیارێکی دروستەو وتی"هەرچەندە من لەوێ نەبوم و دەنگم نەدا، بەڵام بڕیارەکە سەد دەرسەد دروست بو، بڕیارێکی بوێرانە بو، دەبوایە زوتر ئەو بڕیارە بدرایەو دوانەخرایە."

سەبارەت بە هۆکاری پشتگیریکردنی لەبڕیاری سڕکردنی مەلا بەختیار، لەکاتێکدا ئەو بیرەوەریەکانی نوسیوەتەوە، حامید حاجی غالی، وتی"بیرەوەری نوسیوە بۆ بێحورمەتکردنی یەکێتی، چی سەروەرییەکانی یەکێتییە، داویەتی بە خۆی و ئاڵای شۆڕش، کە هیچی وانییە."

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، حامیدی حاجی غالی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی حیزبەکەی بە بردنی داهاتی دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان و چنینەوەی داهاتی سنوری سلێمانی بۆ یەکیتی و بێبەشکردنی خەڵک لێی، وتی"یەکێتی شەریکی پارتییە، کە پارتی تۆمەتبارەکەم، یەکێتیشی تیایە و بێ تاوان نییە، بەڵام قەبارەی تاوانەکەی وەکو پارتی نییە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×