2020-11-24   1496     
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هۆشداری ده‌دات سه‌باره‌ت به به‌بارمته‌دانی نه‌وتی عێراق له‌رێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه به توركیا بۆ ماوه‌ی 50 ساڵ، ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه 100 ملیار دۆلاری نه‌وتی هه‌رێم له بانكه‌كانی توركیایه.
ئاوێنه: ئاژانسی فه‌رمی هه‌واڵه‌كانی عێراق "واع" له زاری عه‌بدولهادی موحان ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق بڵاویكرده‌وه كه "هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی هه‌موو ئه‌و رێكه‌وتنانه نه‌بووه كه له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی پێشوو ئه‌نجامی داون".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "حكومه‌تی فیدراڵ ئاماده‌یه ده‌ست به‌سه‌ر كێڵگه نه‌وتییه‌كانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمدا بگرێت".
عه‌بدولهادی موحان وتی: "له كێڵگه نه‌وتیه‌كانی كه‌ركوكه‌وه رۆژانه 150 هه‌زار به‌رمیل به ئۆتۆمبێل به‌ره‌و شوێنی نادیار ده‌گوازرێته‌وه، مه‌ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه نه‌وتی عێراق بۆ ماوه‌ی 50 ساڵ له‌رێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه به بارمته درابێت به توركیا".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "توركیا بۆ ماوه‌ی 50 ساڵ بۆ هه‌ر به‌رمیلێك 10 دۆلار وه‌رده‌گرێت، حكومه‌تی عێراقیش له سه‌رده‌می حه‌یده‌ر عه‌بادی داوای یاسایی له‌سه‌ر توركیا له دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تۆماركردووه".
وتیشی: "نازانین كێ دۆسیه‌ی سكاڵاكانی دژ به توركیا راگرت، چونكه حكومه‌تی توركیا له سكاڵای نێوده‌وڵه‌تی ده‌ترسێت بۆ رێككه‌وتنه نه‌وتییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم، چونكه ده‌زانێت كه نایاساییه".
عه‌بدولهادی موحان باسی له‌وه‌شكرد كه 100 ملیار دۆلار له هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق له بانكه‌كانی توركیا دانراون، به‌جۆرێك ته‌نها له‌رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركییه‌وه رۆژانه 450 بۆ 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له ڕۆژێكدا له هه‌رێمه‌وه هه‌نارده ده‌كرێت، به‌مه‌ش رۆژانه 40 ملیۆن دۆلار له‌ڕێی هه‌نارده‌ی نه‌وته‌وه دێته هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه "گرێبه‌سته‌كانی هاوبه‌شی نه‌وت ناده‌ستورین كه له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه كراون، له‌كاتێكدا هه‌رێم مافی ئه‌وه‌ی نییه بچێته ناو گرێبه‌ستی هاوبه‌ش له كێڵگه نه‌وتییه‌كاندا".