2019-05-12   3534     
ئا: ئاوێنە
سارا عومه‌ر، خانمێکی کۆچبەری کوردی تەمەن 32 ساڵە‌و نزیکەی 17 ساڵێکە لە‌دانیمارک دەژی. کۆتایی مانگی یازدەی ئەم ساڵ رۆمانێکی نووسی کە بووە شوێنی سەرنجی دانیمارکییەکان‌و لەو ماوە کەمەدا ٥٠ هەزار نوسخەی لێفرۆشراوە. ئەم خانمە ساڵی ١٩٨٦ شاری سلێمانی لەدایکبووە، لەتەمەنی ١٠ ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەیدا سەرهەڵدەگرن بۆ ئێران‌و دواتریش بۆ سوریا، پێنج ساڵ ئاوارەدەبن بەر لەوەی بگەنە دانیمارک. ئێستا خوێندکاری ماستەرە لە‌بەشی زانستی سیاسی‌دا لەو وڵاتەدا. سارا عومەر پێشتر شیعر‌و نووسینی ئەدەبی بە‌زمانی کوردی بڵاوکردۆتەوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بە‌زمانی دانیمارکی رۆمانێک بنووسێت. سارا لەم گفتوگۆیەی ئاوێنەدا دەڵێت "رۆمانی مردوشۆر کە یەکەین رۆمانی منە هه‌ر له‌یه‌كه‌م رۆژی ده‌رچونیەوە پێشوازێکی زۆر گەورەی لێ‌کرا، بو به‌ژماره یه‌ك له‌سه‌ر لیستی باشترین كتێبه‌كانی ساڵ‌و بو بە‌پڕفرۆشترین کتێبی ئەم ماوەیەش”.
ئاوێنە: لەم ماوەیەدا لە‌ڕێگای تۆڕەکانی فەیسبوکەوە زیاد لە‌جارێک هەواڵی دەرچونی یەکەم رۆمانی تۆمان بە‌زمانی دانیمارکی بیست. هەمو ئەوشتانەی لە‌سەر رۆمانەکە بیستمان هێجگار پۆزەتیڤ بون‌و کتێبەکەیان وەک یەکێک لە‌کتێبە‌گرنگەکانی ئەو ساڵە ژمارد. حەزدەکەین بەر لەوەی بچینە ناو هەندێک لە‌بابەتە سەرەکییەکانەوە، بە‌کورتی پێمان بڵێیت رۆمانەکەت باسی چی دەکات؟
سارا عومه‌ر: رۆمانی "مردو شۆر”، یه‌كه‌م رۆمانی منه‌و‌به‌زمانی دانیماركی نووسیومه. ئه‌م رۆمانه‌به‌گشتی باسی ناهه‌قی‌و ناهه‌مواری ژیانی مرۆڤی کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەکات، هه‌م له‌ناوه‌وه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خۆیدا‌و هه‌م له‌ده‌ره‌وەشیدا، كاتێك خەڵکانێکی زۆری ئەو ناوچەیە وه‌ك كۆچبه‌ر روو ده‌كه‌نه‌وڵاتێكی بیانی بۆ دابینكردنی ژیانێكی ئاسایی بۆ خۆیان. رۆمانەکە بەسەرهاتی ژیانی کچێکی کۆچبەرە کە سەرەتاکانی تەمەنی لە‌کوردستان‌و بەشەکانی تری لە‌دانیمارک بردۆتەسەر.
رۆمانەکە لەڕووی قەبارەوە پێكهاتوە له‌٤٩ چاپته‌ر‌و ٣٢٣ لاپه‌ڕەیە‌و دو چیرۆکی جیاوازیش له‌دو شوێن‌و لە‌دو كاتی جیاوازدا دەگێڕێتەوە، سلێمانی‌و دانیمارک. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م دو چیرۆكه به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه كاراكته‌ری سەرەکیی رۆمانەکەیە، كه ناوی فرمێسكه‌و ژنێكی گەنجی بیمار‌و زامداره. لە‌ڕۆمانەکەدا فرمێسک بۆ یه‌كه‌م جار به‌منداڵی لە‌کوردستان ده‌یبینین‌و دواتریش به‌گه‌وره‌یی له‌یه‌كێك له‌بیمارستانه‌كانی دانیماركدا وەک نەخۆشێک.
فرمێسک لەو بیمارستانەدا به‌بێده‌نگی‌و له‌به‌ر شه‌وقی مۆمێكدا‌و به‌نهێنی چیرۆكی ژیانی خۆی ده‌نوسێته‌وه. دیوێکی رۆمانەکە حیکایەتی شەخسی ئەم کچەیە، کچێکی خۆرهەڵاتیی کە ژیانی پڕە لە‌نەهامەتی گەورە. بەڵام دیوەکەی تری باسکردنی مێژووی کورد‌و مێژووی کوردستانە، تێپەڕینە بەسەر رووداوە گەورەکانی ئەو مێژووەدا، له‌وانەش بۆ نمونە، دابەشکردنی کوردستان‌و ژیانی پێشمەرگایەتی، كیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه، پەلامارەکانی ئه‌نفال، کۆڕەوی دوای راپەڕین‌و زۆر زوڵم‌و زۆر‌و نەهامەتی تر کە به‌رانبه‌ر به‌كورد کراون، له‌سه‌دام حسێنەوە بیگرە تا بە‌ئه‌ردۆغان‌و ئەوانیتریش دەگات. هێڵێکی دیکە لە‌ڕۆمانەکەدا هەیە باس لە‌زیاد لە‌دەرکەوتێکی كو‌لتور‌و عەقڵیەت‌و ترادیسیۆن‌و ئایین لە‌کوردستاندا دەکات، باسی شێوازی باڵادەستی بیركردنه‌وه‌و زۆرێک لە‌خورافیاته‌كانی ناو کۆمەڵگای کوردی دەکات، بۆ نمونه بڕوابون به‌شێخ‌و مەشایه‌خ‌و موفه‌ڕك‌و دوعا‌و هینە‌كه‌متیار‌و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی ژنان بەمەبەستی بەشودان، هتد… بێگومان دیوێکی گرنگیی رۆمانەکە باسکردنی پێگەی نزمی ژن‌و شێوازی توندوتیژانەی مامەڵەکردنێتی لە‌دونیای ئێمەدا، بەتایبەتی توندوتیژیی لە‌پەیوەندییدا بە‌مەسەلەی پاراستنی شه‌ره‌ف‌و ناموسەوە، هێنانەوەی پاساوی دینی بۆ ئەم توندوتیژییە‌و درێژەپێدان‌و گواستنەوەشی لە‌قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر. له‌مەش گرنگتر رۆمانەکە باس لە‌ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كات بۆ سه‌ر منداڵان بەتایبەت له‌لایه‌ن خزم‌و كه‌س‌و كاره‌وه، كه به‌ئینگلیزی پێی ده‌ڵێن ئینسێست. بە‌بۆچونی من ئه‌م شێوازە لە‌دەستدرێژیکردن گەرچی تابوە‌و کەس باسی ناکات، بەڵام كێشه‌یه‌كی گەورەیەو له‌ناو كورد‌و لە‌ناو کۆمەڵگاکانی تری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ئامادەیە. باسنەکردنەکەشی دیسانەوە پەیوەندیی بە‌مەسەلەی پاراستنی شەرەف‌و ناموسی خێزانەوە هەیە.
بە‌کورتیەکەی ئەم رۆمانە پەردە هەڵدانەوەیە لە‌سەر بەشێک لەو زوڵم‌و زۆر‌و خراپەکارییانەی لە‌ناو خێزانێکی خۆرهەڵاتیدا روودەدەن چ لەو کاتەدا کە لە‌نیشتیمانی خۆیان دەژیی، چ دوای ئەوەی کۆچ بۆ یەکێک لە‌وڵاتە ئەوروپییەکان دەکەن‌و لەوێ بەهەمان روانین‌و عەقڵیەت‌و کەلەپور‌و کولتور‌و بەهەمان تێگەیشتنەوە بۆ دین درێژە بەژیانیان ئەدەن. لە‌هەردو دۆخەکەشدا، واتە چ لە‌نیشتیمان‌و چ لە‌ئەوروپادا، کاریگەریی زۆر نێگەتیڤ‌و خراپ لە‌سەر ژیانی ئافرەتان بەجێدەهێڵن. لە‌دیدی خۆمدا ئەم رۆمانە رۆمانی بەرگریکردنە لە‌ئافرەت وەک کەسێک کە خاوەنی ماف‌و بەها‌و رێز‌و جەستە‌و هەست‌و خواستی تایبەتی خۆیەتی، هەروەها بەرگریکردنە لەوەش کە ناکرێت لەژێر هیچ پاساوێکی دینیی‌و کولتوریی‌و کەلەپوریدا ئافرەت وەک ئینسانێکی کەم‌و نزم‌و بێ‌نرخ مامەڵە بکرێت. بەکورتییەکەی ئەم رۆمانە هەم حیکایەتی ژنێکی خۆرهەڵاتییە، کە هەمو گیانی برینە، هەم حیکایەتی میللەتێکی خۆرهەڵاتە، کە بەهەمان رادەی ئەو ژنە برین بە‌لەشیەوەیەتی، هەروەها حیکایەتی سەردەم‌و مێژوویەکیشە کە ئەوانیش پڕن لە‌توندوتیژیی‌و کارەسات‌و رووداوی ناخۆش.
ئاوێنە: ئەوەی بەرچاوی ئێمە کەوتوە ئەوەیە کە رۆمانەکە لە‌دوای دەرچونیەوە لە‌دانیمارک گرنگییەکی هێجگار گەورەی پێدراوە، دەکرێت شتێکمان لە‌سەر ئەمە پێ بڵێیت؟
سارا عومەر: هه‌ر له‌یه‌كه‌م رۆژه‌وه كه رۆمانەکە ده‌رچو پێشوازییەکی زۆر گەورەی لێ‌کرا، بو به‌ژماره یه‌ك له‌سه‌ر لیستی باشترین كتێبه‌كانی ساڵ‌و بو بە‌پڕفرۆشترین کتێبی ئەم ماوەیەش. رۆمانەکە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم بڵاوبوەوە‌و رۆژانەش لە‌زیاد لە‌ناوەندێکدا باس‌و خواسی زۆری لە‌سەر دەکرێت. تا ئەم ساتەش نزیکەی پەنجا هەزار نوسخەی لێفرۆشراوە.
ئاوێنە: سارا خان دەتوانیت کەمێک زیاتر باسی ئەو پێشوازیە بکەیت؟ لە‌شوێنێکدا سەرنجێکمان بەرچاوکەوت باس لەوە دەکات ئەم رۆمانەی تۆ "دەوڵەمەندکردنی ئەدەبیاتی دانیمارکییە”؟ ئایا ئەو رەخنەگرە ئەدەبیانە چیان وت‌و کارەکەی تۆیان بە‌کاری کێ‌و چ نوسەرێک بەراوردکرد؟
سارا عومه‌ر: رۆمانه‌كه نزیکەی مانگێکە كه‌وتۆته بازاڕه‌وه، به‌ڵام له‌م ماوه كه‌مه‌دا، زۆربەی هەرە زۆری رۆژنامه‌و ته‌له‌فیزیۆن‌و رادیۆ‌و شوێنه گشتییه‌كانی وه‌ك سۆشیه‌ڵ میدیا لە‌دانیمارکدا به‌به‌رده‌وامی باسیان كردوەو باسی ده‌كه‌ن. خۆشم وەک نوسەری رۆمانەکە زیاد له‌٥٠ دیمانەم بە‌زمانی دانیمارکیی‌و زمانی تر لەگەڵدا كراوە. هه‌روه‌ها داوا‌یان لێكردوم له‌دوای قسەکردنی ساڵانەی سه‌رۆك وەزیرانی وڵاتی دانمارك لە‌شه‌وی سه‌ری ساڵی تازه‌ی ٢٠١٨ دا، وتەیەکم هەبێت. هەم قسەکانی سەرۆک وەزیرانەکە‌و هەم وتەکانی من راستەوخۆ لە‌تەلەفیزۆنی دانیمارکییەوە نیشانئەدرێن. لە‌ڕاستیدا من یەکەم ژنە نوسەرم لە‌مێژوی ئەو وڵاتە‌و وڵاتانی تری ئەسکەندەناڤیدا ئەو داوایەی لێکرابێت.
قسەیەکی زۆر لە‌سەر کتێبکە دەکرێت. هه‌ندێك ده‌ڵێن ئه‌م كتێبه قورئانه‌كه‌ی ئایشه‌ی ژنی پێغه‌مبه‌ره. هه‌ندێك ده‌ڵێن ئه‌م كتێبه ئینجیلی نوێی خه‌ڵكه، هه‌ندێك له‌میدیاكان شوبهاندویانه به‌کتێبەکانی نوسه‌ری ئه‌فغانی خالید حوسه‌ینی، هەندێک ده‌ڵێن ئەم ژنە کوردە له‌خالید حوسەینی باشتر ده‌نوسیت. هه‌ندێكی تریش ده‌ڵێن پێنووسه‌كه‌م هێنده‌ی پێنووسه‌كه‌ی ئێلینه‌فه‌رانتێی ئیتاڵی به‌هاداره. هەندێکیش بە‌کەمەکێک موبالەغەوە دەڵێن وەک سیمۆنە دی بۆڤوار وایە. گەر تووشی سەریەشەتان ناکەم لێرەدا هەندێک لەو شتانەتان دەخەمە بەرچاو کە بە‌دانیمارکی لە‌سەر کتێبەکەیان نووسیوە:
بۆ نمونە، ئه‌نه‌سۆفییه هێرمانسن، كه ڕۆژنامەنووسی بواری كه‌لتور‌و ئه‌ده‌ب‌و دیبه‌یته، له‌ڕۆژنامه‌ی بێرلینسكه، ئەم رۆژنامەیە یه‌كێكه لهگه‌وره‌ترین‌و كۆنترین رۆژنامه‌كانی وڵاتی دانمارك، لە‌سەر رۆمانەکە دەڵێت: "ئه‌مه ئەو شێوازەیە لە‌ئه‌ده‌ب كه ده‌توانێت كۆمه‌ڵگه بگۆڕێت.” یان رۆژنامەی وێكه‌ند ئه‌ڤیسن، كه هه‌فته‌ی جارێك له‌وڵاتی دانیمارك ده‌رده‌چێت‌و گه‌وره‌ترین رۆژنامه‌نووس به‌ڕێوه‌به‌رێتی ده‌كات به‌ناوی مارتین كراسنیك، كه یه‌كێكه له‌ڕه‌خنه‌گره بەناوبانگەکانی وڵاتی دانیمارك، دەنووسێت: "ئه‌مه گرنگترین كتێبی ساڵه. نووسەرێک بوێرێت رۆمانێکی وا بنووسێت، پێویستی بەوەیە جورئه‌ت‌و هێزی هه‌بێت”. یان رۆژنامەی، پۆلیتیکن، کە یەکێکە لە‌ڕۆژنامە گرنگەکانی دانیمارک لە‌سەر رۆمانەکەیان نووسی "بوێرترین کتێبی ساڵ”. سیسه‌س بۆو غیولیش کە ره‌خنه‌گری ئه‌ده‌بییه له‌سه‌ر یه‌كێكه له‌بلۆگه‌كانی دانیمارکی نووسی: "مردوشۆر كتێبێكه هه‌رگیز نا‌توانیت له‌بیری بكه‌یت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بگه‌یته سه‌ر كۆتا لاپه‌ڕه‌و كتێبه‌كه‌ش دابخه‌یت.” ئنفۆرمه‌شیۆن، كه له‌ساڵی ١٩٤٥ دامه‌زراوه‌و به‌ته‌نها ره‌خنه‌گری جدی ئه‌ده‌بی بۆی هه‌یه كاری تێدا بكات، نووسی: "ئه‌م رۆمانه بوە هۆكاری ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌ده‌بی دانیمارك. نمونه‌یترین‌و ده‌گمه‌نترین رۆمان هه‌تا ئێستا بینیبێتمان”.
ئەوەی نیشانمدان بەشێکی کەمە لەو بۆچونانەی لە‌دوای دەرچونی رۆمانەکەوە بڵاوکرانەوە.
ئاوێنە: بە‌بۆچونی تۆ هۆکاری ئەم گرنگیدانە زۆر‌و پۆزەتیڤ نرخاندنەی میدیا‌و ناوەندە جیاوازەکانی دانیمارک بە‌رۆمانەکەی تۆ چییە؟ ئایا جگە لە‌ئاستە ئەدەبییەکەی هۆکارێکی دیاریکراو هەیە؟
سارا عومەر: وەک لەسەرەوە باسمکرد ئەوانەی باس لە‌ڕۆمانەکە دەکەن شتی جیاوازیی لە‌سەر دەڵێن‌و هەریەکە‌و بۆ شتێک رۆمانەکەی پێ جوانە. من خۆم ئەوەی لەهەمویان زیاتر دڵم پێی خۆشە ئەو بەراوردکردنەی کتێبەکەی منە بە‌کتێبەکانی خالید حوسەینی. خالید حوسەینی نووسەرێکی جیهانییە‌و کتێبەکانی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە‌زمانەکانی دونیا وەرگێڕدراوە، لەوانەش زمانی دانیمارکی. ئەم جۆرە کەسانە کتێبەکەی منیان بۆیە پێ باشە چونکە لەو باوەڕەدان، کە من ئەدەبیاتێکی باشم نووسیوە، ئەوەی نووسیومە نرخ‌و بەهایەکی ئەدەبی باشی هەیە. کەسانێکی تر بابەت‌و تێماکانی ناو رۆمانەکەیان پێ گرنگە‌و پێیانوایە ئەم جۆرە لە‌ئەدەبیات دەتوانێت کۆمەڵگا بگۆڕێت چونکە باس لە‌کۆمەڵێک کێشە دەکات کە کەسانیتر نایانەوێت یان نا‌وێرن یان بە‌گرنگی نازانن، باسیان بکەن. ئەمانە خودی باسکردنی ئەو کێشانەن، بۆ نمونە باسکردنی خراپ مامەڵەکردنی منداڵان‌و ژنان لە‌ناو خێزانە کۆچبەرەکاندا، وەک سەرەتایەک بۆ گۆڕانی کۆمەڵگاکە دەبینن. چونکە پێیان وایە ئەم رۆمانە لەوە دڵنیایان دەکاتەوە کە لە‌ناو ژیانی دراوسێ کۆچبەرەکانیاندا کۆمەڵە شتێک روودەدات کە نابێت لەو وڵاتەدا رووبدات. بۆیە رۆمانەکە وەک دەرگایەک دەبینن بۆ چونە ناو ژیانی داخراوی خێزانیی زۆرێک لە‌کۆچبەرانەوە بۆ ئەو وڵاتە. کەسانێکی تر باس لە‌ئازایەتی‌و جورئەتی نووسین لە‌سەر دین‌و لە‌سەر ئیسلام بەتایبەتی دەکەن. رۆمانەکە رەخنەیەکی توندی بەرامبەر بەو تەفسیر‌و لێکدانەوانەی ئیسلام تێدایە کە دژ بە‌ژن‌و مافی یەکسانیی نێوان نێر‌و مێیە. حەزدەکەم لێرەدا ئەوە وەبیری خوێنەران بهێنمەوە کە دانیمارک لە‌ساڵانی رابردودا کێشەیەکی گەورەی بۆ دروستبو لەلایەن ئەو موسڵمانە توندڕەوانەوە کە لەو وڵاتەدا بون، کاتێک رەسامێکی دانیمارکی کاریکاتێرێکی لە‌سەر پێغەمبەری ئیسلام کردبو. لەوکاتە بەدوا جۆرێک لە‌ترس‌و دو دڵیی دروست بوبو بەرامبەر بەوەی لە‌دیدێکی رەخنەییەوە لە‌سەر ئیسلام بنووسرێت‌و گفتوگۆ بکرێت. ئەم رۆمانەی من جارێکی دیکە ئەم دەرگایەی کردەوە‌و بەگژ ئەو روکارانەی دیندا دەچێتەوە کە نایەکسانی مرۆڤەکان‌و تاوانەکانیان تەبریر دەکات.
ڕەنگە یەکێک لە‌هۆیەکانی تری گرنگیدان بەم کتێبەی من پەیوەندیی بەوەوە هەبێت لە‌دانیمارکدا، لە‌ڕاستیدا لە‌هەمو ئەوروپادا، دو گوتاری ناکۆک بەیەک هەن لە‌پەیوەندیاندا بە‌ژیانی کۆچبەرانەوە کە ئەم رۆمانەی من هەردوکیان رەخنە دەکات. یەکەمیان گوتارێکی راسیستییە کە هەرچییەک بۆنی دین‌و ئیسلام‌و موسڵمانبون‌و کۆچبەربونی لێبێت وەک هەڕەشە‌و مەترسیی وێنادەکات. گوتارەکەی تریان بەپێچەوانەی ئەمەوە هیچ رەخنەیەک لە‌کۆچبەران‌و کولتور‌و دین‌و کەلەپورەکەیان ناگرێت بەناوی ئەوەوە گوایە ئەوە شتێکە پەیوەندیی بە‌خۆیانەوە هەیە. بە‌شێوەیەک لە‌شێوەکان ئەم رۆمانەی من رەخنەیە لە‌هەردو گوتارەکە، یان لانیکەم بەرگریی لە‌هیچ یەکێکیان ناکات.
ئاوێنە: پێدەچێت ئەم کتێبەی تۆ زیاتر بێت لە‌ڕۆمانێکی ئەدەبی، ئایا بەها سیاسیی‌و کۆمەڵایەتییەکی ئەم کتێبەی لە‌چیدایە؟
سارا عومه‌ر: وەک وتم ئه‌م رۆمانە به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه وه‌ك ئه‌ده‌بێکی سه‌ركه‌وتوو دەبینرێت، له‌هه‌مان كاتدا كتێبێكه پێگه‌یه‌كی به‌رفراوانی دروست كردوە بۆ دیبه‌یت‌و موناقه‌شه‌و گفتوگۆ ده‌رباره‌ی كێشه بە‌حەرام‌و باسنه‌كرا‌و بڤه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه. به‌ده‌ر له‌وه‌ش ئەم رۆمانە ئاکاری مانیڤێستێکی هیومانسیتیی هەیە کە داوا‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ماف ده‌بۆ ژنان‌و منداڵان دەکات له‌كۆمه‌ڵگادا. بەتایبەتی لەو کۆمەڵگایەنەدا کە لە‌كۆمه‌ڵگا‌ی كوردستان‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و كۆمه‌ڵگا مسوڵمانه‌كان دەچن‌و ئەوانەشی لەوێوە بۆ ئەوروپا کۆچیان کردوە.
ئاوێنه: وەک خۆت باستکرد یەکێک لە‌تێما سەرەکییەکانی رۆمانەکە زەخنەکردنی پێگە‌و شوێنی ژنە لە‌ئیسلامدا؟ ئایا ئەم رۆمانە چ روانینێک بۆ ئیسلام پێشکەش دەکات؟
سارا عومه‌ر: ئەوەی من باسیدەکەم دیوێکی ژیانی ناو خێزانە لە‌کۆمەڵگای ئێمە‌و لە‌بەشێک لە‌کۆمەڵگا موسڵمانەکاندا، پێشموایە ئەم دیوە یان هەر باسنەکراوە یان زۆر کەم باسکراوە. ئەم دیوەش دیوە هەرە ناشیرینەکەی ژیانی خێزانییە لەلای ئێمە. من لێرەدا بۆ نمونە باس لە‌دو ره‌فتاریی هه‌ندێك له‌مه‌لاكان ده‌كه‌م، كه له‌ناو خه‌ڵكدا هەڵسوکەوتێکیان هەیە‌و له‌ناو چوارچێوه‌ی ژیانی خۆیشیاندا ره‌فتارێکی تر. باسی کێشەی دەستدرێژیی سێکسی‌و توندوتیژیی‌و سوکایەتپێکردنی ناو خێزان دەکەم. بێگومان من ناڵێم ئەمە ژیانی ناو هەمو خێزانێکە، گشتگیریی ناکەم‌و روبەرێكم بۆ ئەو شێوازانەی تری ژیانی خێزانی هێشتۆته‌وه، کە بەو شێوەیە نین. بەڵام تێما سەرەکییەکە تێمای ئەو پێگە لاواز‌و تێکشکێنەرەیە کە ژن‌و منداڵ لە‌ناو خێزاندا هەیانە‌و ئەو پێگەیەشیان بەهەندێک لێکدانەوە‌و تەفسیری دینی رەوایەتی پێئەدرێت. سەبارەت بە‌ئیسلامیش، من مسوڵمانێكی ئه‌گنۆستیكم، واته پرسیار ده‌كه‌م، لێی ده‌كۆڵمه‌وه‌و ده‌مه‌وێت تێبگه‌م. لەگەڵ دیندا ئه‌وه‌نده به‌ینم هه‌یه كه كتێبه‌كانیانم خوێندۆته‌وه‌و موتاڵای ته‌واوم بۆ هەندێک لە‌تێکستە دینییە سەرەکییەکان كردوە، کتێبە پیرۆزەکانی هه‌ر سێ دیینه یەکخوداییەکەم خوێندۆتەوە، لەمەشدا بەو ئەنجامە گەیشتوم کە هه‌ر سێ دینه‌كه پاتریاك‌و پیاوسالارییان خوڵقاندوه، نەشیان خوڵقاندبێت چونەتە پاڵ‌و بەهێزیان کردوە. به‌ڵام من زیاتر تیشكم خستۆته سه‌ر دیوە تاریكه‌كه‌ی دینی ئیسلام، كه له‌هه‌ندێك شوێنی قورئاندا ژنی بچوككردۆته‌وه بۆ کەسێکی کەمتر لە‌پیاو‌و بۆ ئامێرێكی سێكسی لەبەردەم پیاودا کەی ویستیی‌و چۆن ویستی وا بەکاریبهێنێت. لەپاڵ ئەمەشدا دین‌و كه‌لتور‌و مێنتاڵتییه‌كه‌ی خوڵقاندوە، كه دیسان ژنی بچوككردۆته‌وه بۆ بونەوەرێکی بوچک‌و سنوردار بە‌سنورەکانی موبه‌ق، وەزیفەکەشی کورتکردۆتەوە بۆ دروستکردنی منداڵ. من باسی ئه‌و دیوه ترسناکەی دین‌و ئەو شێوازە لە‌تێگەیشتنی دینیی ده‌كه‌م، كه زۆرێک پێیان وایە نابێت باسبکرێت. هه‌ڵبه‌ت من رێزم بۆ کەسانی دیندار هەیە، ئه‌وانه‌ی، کە بە‌راستی باوەڕ‌و عەقیدەی دینیان هەیە له‌ڕوویه‌كی روناكخواز‌و رۆحانییه‌وه. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە جۆرێک لە‌خوێندنەوەی دین، جۆرێک لە‌تەفسیرکردنی تێکستە پیرۆزەکان، شێوازێک لە‌مانا پێبەخشینی زۆر وێرانکەر‌و ستمەگەر بونی نه‌بێت کە دژ بە‌مافە هەرە سادەکانی مرۆڤ، بێت، بەتایبەتی مافی ژنان‌و منداڵان. ئەمانە هەن‌و زۆریشن، بەداخیشەوە زۆر جار تەواو باڵادەستن. من باوەڕم وایە دەبێت ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە‌دین رەخنەبکرێت، رەخنەی توندتیش.
یەکێک لە‌کەسایەتییە سەرەکییەکانی ناو رۆمانەکەم ژنێکی موسڵمانە ناوی گەوهەرە. بەڵام موسڵمانێکی کراوە‌و جوانە، خه‌لیفه‌و ده‌فژه‌ن‌و نوێژكه‌ره، ته‌زبیحات ده‌كات‌و ته‌كییه‌ی هه‌یه‌و سه‌ردانی شێخه‌كان ده‌كات، بەڵام له‌هه‌مان كاتدا پیاوێكی زه‌رده‌شتی هاوسه‌رییه‌تی‌و خۆیشی شه‌راب دروست ده‌كات. ئه‌م كاراكته‌ره‌م دیوە نەرم‌و ئینسانییەکەی دین نیشان ده‌دات، دیوه رۆحانییه‌كه‌ی، كه ماف به‌خۆی ده‌دات مرۆڤبێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌مو ته‌نگ‌و چه‌ڵه‌مانه‌ی دێنه‌سه‌ر رێیی.
ئاوێنه: لێرە‌و لەوێش هەندێک دەنگی رەخنەیی هەبون بەرامبەر بە‌کتێبەکەی تۆ، ئەم دەنگانە کێ بون‌و رەخنەکانیان چی بون؟
سارا عومه‌ر: ئه‌م ره‌خنانه له‌لایه‌ن به‌شێك لە‌ئیسلامخوازە کۆنەپارێز‌و ئیسلامیه توندڕه‌وه‌كانەوە بو، رەخنەکانیش وابون كه من ناچاربم له‌ژێر چاودێریی پۆلیسدا بم‌و پۆلیس بمپارێزێت. ئەوەی سەیرە ئه‌م كه‌سانه هێشتا رۆمانه‌كه‌ی منیان نه‌خوێندبوویه‌وه کاتێک کەوتنە تاوانبارکردنی من. لە‌دیدی ئەواندا من کەسێکم ده‌مه‌وێت دینی ئیسلام له‌سه‌ر رووی زه‌وی بسڕمەوە، یان نامەوێت شتێک بەناوی دینەوە نه‌بونی هەبێت، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌مه خراپ تێگەیشتنێکی تەواوە، چونكه ئامانجی من نە سڕینه‌وه‌ی دینی ئیسلام‌و نەهیچ دینێکی ترە له‌سه‌ر رووی زه‌وی. ئەوەی من دەخوازم رووبدات ئەوەیە رووە تاریکەکانی دین ببینین‌و هەوڵبدەین سەرجەمی ئەو فەرهەنگە رەخنەبکەین‌و بگۆڕین کە لەسایەی ئەو رووە تاریکانەدا دروستبووە. ترس لە‌گۆڕان‌و تازەبونەوە نامانگەیەنێت بە‌هیچ‌و تا ئێستاش كه‌سی نه‌گه‌یاندوە به‌هیچ شوێنێک. به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئه‌وان پێیان ناخۆشه باسی دین لە‌دیدێکی رەخنەییەوە بکەین، بەڵام شتێک هەیە نابێت لەبەرچاوماندا نەبێت، ئەوەیش ئەوەیە لەهەر شوێنێکی دونیای ئەمڕۆدا تێگەیشتنی باڵادەست بۆ ئیسلام‌و بۆ شەریعەت حوکمڕانبێت، لەوێدا پێگە‌و دۆخی ژنان هێجگار خراپە‌و ئازادیی‌و مافەکانیان تەواو سنوردارکراوە.
ئاوێنه: ئایا کتێبەکە به‌چ زمانێکی تر وەردەگێڕردێت؟ ئایا حەزدەکەیت کتێبەکەت بۆ زمانی کوردیی وەربگێڕدرێت؟
سارا عومه‌ر: بەڵێ بێگومان ئاواتی منه كه كتێبه‌كه‌م وه‌ربگێڕدرێته سه‌ر زمانی كوردی، تا بتوانم له‌و روەشه‌وه شتێک بە‌خوێنەرانی کورد ببەخشم. وەک وتم كتێبه‌کەم پڕیه‌تی له‌برینە‌كانی كورد‌و له‌کێشە گەورە‌و جەوهەرییەکانی ژنان‌و منداڵی كورد، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاواته بێته دی، ده‌بێت ده‌زگای چاپه‌مه‌نی كتێبه‌كانی كوردستان په‌یوه‌ندیم پێوه‌بكه‌ن، تا له‌ڕووی یاساییه‌وه توشی گێره‌و كێشه نەبن. سەبارەت بە‌زمانەکانی تریش بەم زوانە بۆ سەر زمانی نەرویجی وەردەگێردرێت‌و چاوەڕواندەکەم بۆ سەر زۆر زمانی تریش وەربگێردرێت. ئەو ناوەندی چاپەی کتێبەکەی منی چاپکردوە لەلایەن زۆر ناوەندی چاپی بیانییەوە پەیوەندی پێوەکراوە بۆ فرشتنی مافی چاپکردنی کتێبەکە بەو زمانانە.
له‌ژماره 596ی رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه