"مه‌سرور بارزانی‌ پێشنیارێك ده‌خاته‌ به‌رده‌م عادل عەبدولمەهدی بۆ چاره‌سه‌ری‌ پرسی‌ نه‌وت‌و موچه‌"
  2019-07-16       2980       
كۆبونه‌وه‌ی‌ وه‌فدی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ عادل عەبدولمەهدی
له‌كۆبونه‌وه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ عێراق، مه‌سرور بارزانی‌ پێشنیارێك ده‌خاته‌ به‌رده‌م عادل عەبدولمەهدی بۆ چاره‌سه‌ری‌ پرسی‌ نه‌وت‌و موچه‌.

ئاوێنه‌: ماڵپەڕی (بغداد الیوم) له‌زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگاداره‌وه‌ ڕاگەیاندووە، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان لەچوارچێوه‌ی‌ گفتوگۆكانی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ به‌غدا، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ  عادل عەبدولمەهدی سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ عێراق بەپلەی یەكەم پێداگریی لەسەر دۆسیه‌ی نەوت‌و یەكلاكردنەوەی بابەتی بودجە كردۆتەوە.

به‌وته‌ی‌ ئه‌و سەرچاوەیە، به‌پێی‌ پێشنیارێك كه‌ مەسرور بارزانی، خستویه‌تییه‌ به‌رده‌م عادل عەبدولمەهدی، هه‌رێم ڕەزامەندی لەسەر ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت دەربڕیوە له‌ڕێی‌ كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراقی -سۆمۆ-وه‌ لەبەرانبەردا پێویسته‌ حكومه‌تی‌ عێراق مانگانه‌ بڕی‌ 880 ملیار دینار ڕه‌وانه‌ی‌ هه‌رێم بكات بۆ موچەی فەرمانبەران‌و پێشمەرگە.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌ڵێت، بارزانی ئاماژەی بەوه‌كردووه‌ كه‌ له‌ئێستادا به‌غدا بڕی‌ 443 ملیار دیناری مانگانە ده‌نێرێت، بۆیە هەرێم ناچارە نەوته‌كه‌ی هەناردە بكات تا موچەی فەرمانبەران دابین بكات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، وه‌فدی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ مه‌سرور بارزانی‌ گه‌یشتنه‌ به‌غداو له‌سه‌ره‌تادا له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق كۆبونه‌وه‌و دواتر له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیران‌و محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبوه‌وه‌.

پاش كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، مه‌سرور بارزانی‌ له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "له‌كۆبونه‌وه‌كاندا تێگه‌یشتنی‌ باش هه‌بو له‌هه‌ردولاوه‌  ئه‌و شتانه‌ی‌ پێویست بو له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ بوترێت، ئێمه‌ باسمان كرد".

وتیشی‌، "به‌منزیكانه‌ گفتوگۆكانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ عێراق ده‌ستپێده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌ردولا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×