ئەشرەفی پەهلەوی، ژنێكی پڕ لەرەمزو راز
  2019-01-18       3583       

ئا: ئاوێنە


ئەشرەفی پەهلەوی پاش تێپەڕینی 71 ساڵ بەسەر مەرگی رەزا شای باوكی‌و دوای تێپەڕینی 34 ساڵ بەسەر مەرگی محەمەد رەزاشای برایدا، لەتەمەنی 96 ساڵیدا بەهەمانشێوەی باوك‌و براكەی لەغوربەت‌و سەرگەردانیدا گیانی سپارد.


ژیاننامەی ئەشرەف پڕاوپڕە لەنهێنی‌و لەرەمزو راز، ئەو كە رۆژگارێك بەگەورەترین "قومارباز، قاچاقچی نێودەوڵەتی مادە هۆشبەرەكان، شاژنی گەندەڵی، كودەتاچی، یاخی‌و تینوی دەسەڵات، فیمینست‌و قوربانی سیستەمی پیاوسالاریی" ناودەبرا، لەگەڵ محەمەد رەزا شای برای جمك بون. 

 

100 ساڵ لەمەوبەر، لەتارانی پایتەختدا، چەند خولەكێك بەدوای لەدایكبونی محەمەددا، ئەشرەف چاوی بەدنیا هەڵهێنا‌و ناویان نا "زەهرا". لەدایكبونی ئەم جمكە بوە سەرەتای درەوشانەوەی دەسەڵاتی رەزاخان، لەدو ساڵی تەمەنیاندا رەزا شای باوكیان بوە سەرداری سوپا، لەچوار ساڵییاندا رەزا شا بوە سەرۆك وەزیرو شەش ساڵان بون كە رەزا شا تاجی پاشایەتی نرایەسەر.


لەهەڕەتی هەرزەركارییدا محەمەدو ئەشرەف دەچنە ئەوروپا، براكەی بەمەبەستی خوێندن لەسویسرا دەمێنێتەوە، ئەشرەفیش لەناخی دڵییەوە خوازیاری ئەوە بو كە وەكو براكەی لەئەوروپا بمێنێتەوەو بخوێنێت، بەڵام رەزا شای باوكی رێگەی نادات‌و دەیهێنێتەوە بۆ ئێران‌و لەچوارچێوەی هاوسەرگیرییەكی سیاسیدا لەتەمەنی 16 ساڵیدا دەیدات بەشو. ئەشرەف حەزی بەم هاوسەرە سەپێنراوە نابێت‌و دوای چەند ساڵێك هاوسەرگیرییەكەیان بەجیابونەوە كۆتایی دێت، كە ئەمەش كاریگەرییەكی قوڵا لەسەر بیركردنەوەو ژیانی ئەشرەف جێدەهڵێت‌و لەوەبەدوا بێ‌ پەروا ژیانی دەگوزەرێنێت.

 

ئەشرەف لەیەكێك لەفایلە دەنگییەكانیدا باس لەوە دەكات كە تەنها منداڵی رەزا شا بوە "باوكی زلەی لێدابێت"، بەڵام سەرباری ئەوەش زۆرێك لەمێژونوسانی ئێران باس لەوە دەكەن كە ئەشرەف ژنێكی بەهێزو چاونەترس‌و بڕوا بەخۆ بو، ئەگەر دەستوری مەشروتەو دابونەریتی كۆمەڵگای پیاوسالاریی رێگەی بدایە "ئەم زۆر لەمحەمەد رەزا شای برای بەتواناتر‌و شایستەتر بو بۆ ئەوەی تەخت‌و تاجی یاشایەتی پێبسپێردرێت".

 

بەڵام سەڕەرای ئەوەش، "ژن بون" نەبوە هۆی ئەوەی ئەشرەف خەونی گەورە نەبینێت، بەپێی بەڵگەنامەكانی CIA‌و یاداشتی كاربەدەستانی ئێران، ئەشرەف كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر هاوكێشە سیاسیەكانی سەردەمی دوەمی پەهلەوی هەبو.

 

پاش دورخستنەوەی رەزا شای باوكی بۆ باشوری ئەفەریقا لەلایەن بەریتانیەكانەوە، ئەشرەف هەرچی زیاتر لەبەڕێوەبردنی ئێراندا رۆڵ دەبینێ‌‌و لەتەمەنی 24 ساڵیدا دەبێتە خاوەنی راستەقینەی دەسەڵاتی وڵات بەهۆی راڕایی‌و لاوازی كەسێتی براكەیەكەوە. "عەباسی میلانی"ی رۆژنامەنوسی ناوداری ئێران لەكتێبەكەیدا "مەتۆڵۆكەی هوەیدا" باس لەوە دەكات كە "نوسینگەكەی ئەشرەف دەبێتە یەكەمین سەنتەری "نفوزو پۆست فرۆشتن"، ئەشرەف پەیوەندی لەگەڵ باڵوێزو دەوڵەتمەدارو بازرگانەكاندا بەهێزو قایم دەكات‌و دەستێكی باڵای دەبێت لەدابەشكردنی پۆستی باڵوێزو وەزیرو سەرۆك وەزیرەكاندا".  


ئەشرەف سڵی لەهیچ دەسەڵاتدارێك نەدەكردەوە، تەنانەت لەشەڕەنگێزێكی وەكو ستالینیش، ساڵی 1946 ئەوە ئەشرەف بو كە لەبری محەمەد رەزا شا چوە كۆشكی كرملین لەمۆسكۆ، بەپێی پرۆتۆكۆل كاتی دیدارەكە 15 خولەك دیاریكرابو، بەڵام دیدارەكەیان سێ‌ كاتژمێری خایاندو لەكۆتاییدا ستالین پاڵتۆیەكی گرانبەهای پێستی ورچی بەدیاری پێشكەش بەئەشرەف كرد‌و پێیوت "بەبراكەت بڵێ‌ ئەگەر دە كەسی وەك تۆی هەبێت خەمی هیچی نەبێت".

 

ساڵی 1947 چوە دیداری ترومەن لەكۆشكی سپی‌و سەرەتای دەیەی 1950ش بناغەی پەیوەندیەكانی نێوان چین‌و ئێرانی داڕشت‌و چاوی بەماوتسی تۆنگ‌و شوان لای كەوت. 

 

ئەشرەف ئەو كارە مەترسیدارانەی دەكرد كە هەرگیز شا جورئەتی ئەنجامدانی نەبو، ساڵی 1953 لەگەڵا كاربەدەستانی مخابەراتی ئەمەریكی‌و ئینگلیزی كۆبوەوەو یەكێك بو لەداڕێژەرانی كودەتای 28ی موردادی دژ بەموسەدەق.

 

پاش سەقامگیریی دەسەڵاتی محەمەد رەزای شا لەسەرەتای دەیەی 1960ەوە، ئەشرەف بۆ ماوەی 16 ساڵا چەندین پۆستی گرنگی لەنەتەوە یەكگرتوەكان پێسپێردا، كە دیاریترینیان نوێنەریی ئێران بو لەو رێكخراوەدا، بەڵام ئەشرەف چەند لەئاستی دەرەوەدا پشتیوانی بۆ شا دەستەبەر دەكرد، هێندە لەئاستی وڵاتدا ناڕەزایی دروستدەكرد، ئەو یەكێك لەو كەسانەی بنەماڵەی پەهلەوی كە بەپارە خواردن‌و گەندەڵی بەناوبانگ بو، چەندین موڵك‌و ڤێلای رازاوەو دڵڕفێنی لەپاریس‌و مۆنتی كارلۆو نیویۆرك هەبو، سەروەت‌و سامانێكی ئەفسانەیی پێكەوەناو خولیای گەورەی خۆشگوزەرانی‌و قوماركردن بو، نوسەری بەناوبانگی ئێران "ئیحسانی نەراقی" لەكتێبی "لەكۆشكی نەیاوەرانەوە تا زیندانی ئەوین"، باس لەوە دەكات كە كاتێك لەئێوارەخوانێكی تایبەتدا بوە لەگەڵ هوەیدای سەرۆك وەزیرانی دەیەی 1970، لەپڕ زەنگی تەلەفون لێیداوەو كاتێك هوەیدا تەلەفونەكەی هەڵگرتوە، رەنگی بڕزكاوە، كە هاتوەتەوە دانیشتوە وتویەتی "ئەشرەف پارەیەكی زۆری لەقوماردا لەفەرەنسا دۆڕاندوە‌و داوا دەكات بەزوترین كات بۆی بنێرم".

 

ساڵی 1977، شەرەف لەفەرەنسا دەكرێتە ئامانجی كارێكی تیرۆریستی‌و سەرەنجام پاسەوان‌و شۆفێرەكەی دەكوژرێن، بەڵام ئەو رزگاری دەبێت، رۆژنامەكانی فەرەنسا نازناوی "پڵنگی رەش"ی لێدەنێن، خۆی لەیاداشتەكانیدا كە بەناوی "روخسارەكان لەئاوێنەدا"یە، دەڵێت "چەندین جۆر پڕوپاگەندەم بۆ هەڵدەبەسترێ‌، وەك ئەوەی دەستی شاراوەی من لەهەمو شتێكدا ئامادە بێت، هەر لەروداوە ناچیزەكانەوە بگرە تادەگات بەكوشتنی كاربەدەستانی پایەبڵند، بازاڕی ئەم پڕوپاگەندانە ئەوەندە گەرم بون كە رۆژنامەكانی ئەوروپا نازناوی دەسەڵاتی پشت تەخت‌و تاج‌و پڵنگی رەشی ئێرانیان بەسەرمدا دابڕیوە". ئەشرەف پێیوابو "ژن بون"ی لەنێو لەشكرێك پیاوی دەرباردا هۆكاری ئەم پڕ‌وپاگەندانەن، "راستییەكەی ئەوە بو كە من ژن بوم‌و بەشێوەیەكی كارا تێكەڵا بەسیاسەت بوم". 

 

ئەشرەفی پەهلەوی لەبواری ئازادی ژناندا سەرسەختانە تێكۆشا، دژی دابونەریتە باوەكان بو، دژ بەو یاسایانە بو كە ژنیان پابەند دەكردو شێلگیرانە هانی كچانی دەدا بۆ خوێندن.
لە1979دا، رەوتی روداوەكان ئاڕاستەیەكی پێچەوانەی خواستی ئەشرەفیان گرتەبەر، شۆڕشی ئێران هەڵگیرسا‌و ئەمجارەیان توانای رزگاركردنی تاج‌و تەختی براكەی نەبو، ئەو لەئەمەریكیەكان بەقین بو، جارێكیان رایگەیاند كە "بەریتانیەكان باوكم‌و ئەمەریكیەكانیش براكەمیان برد".

 

دژایەتی ئەو بەرامبەر بەشۆڕشی ئێران لای كەس شاراوە نەبو، باجی ئەم دژایەتیەش قورس لەسەر ئەو كەوت، كاتێك لەساڵی 1980دا "شەهریار"ی كوڕی لەپاریس لەكاتی هاتنەدەرەوەی لەماڵی ئەشرەفی دایكی درایە بەر دەستڕێژی گوللەو كوژرا.

 

دوای شۆڕشی ئێران كە زۆربەی كاتی لەنێوان پاریس‌و مۆنتی كارلۆو نیویۆركدا بەسەردەبرد، ژیانی لەتراژیدیایەكەوە بەرەو تراژیدیایەكی دیكە دەڕۆی، دوای كوژرانی كوڕەكەی زۆری نەبرد محەمەد رەزا شای برای بەئازاری نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، دواتریش خۆكوشتنی دو منداڵی شای برای بینی، لەیلا كە بچوكترین منداڵی محەمەد رەزا شا بو لەساڵی 2001دا لەئوتێلێكی لەندەندا خۆی كوشت‌و دە ساڵا دواتریش عەلیرەزای پەهلەوی لەبۆستون خۆی كوشت. 

 

ئەشرەف كە لەگەڵ محەمەد رەزا شای برای یەكی سێ‌ جار هاوسەرگیرییان كرد، لەدو دەیەی ئاخر‌و ئۆخری تەمەنیدا لەبێدەنگییەكی قوڵدا ژیانی بەسەربرد بەرامبەر بەو چارەنوسە تاڵەی تێیكەوتبون، ئەو لەیاداشتەكانیدا دەنوسێت "شەوان كاتێك كە دەچمە ژوری نوستن، داڵغەو خەیاڵ هێرشم بۆ دەهێنن، تا پێنج‌و شەشی بەرەبەیان خەو ناچێتە چاوم. دەخوێنمەوە، سەیری فیلم دەكەم‌و هەوڵدەدەم بیر لەشتێك بكەمەوە، بەڵام یادەوەری سواری سەرم دەبێ‌‌و وازم لێناهێنێت".

 

ئەشرەف كە ساڵی 2016، هەشتا ساڵ دوای ئەو رۆژەی كە بۆ یەكەمینجار بەبێ‌ حیجاب لەگەڵ رەزای شای باوكیدا لەشوێنە گشتییەكان دەركەوت‌و ناوی رۆژی "لابردنی حیجاب"ی لێنرا كۆچی دوایی كرد، لەیاداشتەكانیدا دەشنوسێت "كاتێك كە لەهاوینی 1978دا بەهەلیكۆپتەر لەفڕۆكەخانەوە رومكردە كۆشكی نیاوەران، بەبینینی ئەو ژنانەی بەعەبای رەشەوە خۆپیشاندانیان دەكرد حەپەسام‌و تەواو توشی شۆك بوم، تێگەیشتم كە ئەم جەماوەرە رەشپۆشە، جەماوەری ژنانی ئێرانی، ژنانێك كە زۆرترین ئازادیان لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدەستهێنابو، ئێستا چادرێكی رەشی تازیەباریان وەك سەردەمی نەنكیان پۆشیوە، بەخۆمم گوت: خودایە كۆتایی كارەكە بەمجۆرەیە؟".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×