کورد چۆن ئەتوانێ بەرەنگاری تورکیا ببێتەوە؟

ئەنوەر حەمە عەلی
  2020-06-20     1105
لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا، بانگەشەی غەزاکردن لە دژی ڕۆژئاوایی و خاچ پەرستەکان لە لایەن ناسیۆنالیزمی تورکەوە، عەرەبەکانی هەڵ نەخڵەتاند. لە ژێر ئەم ناوەدا، ناسیۆنالیزمی تورک، نەیتوانی ئیمپراتۆری عوسمانی لە فەوتان ڕزگار بکات. ڕۆژئاواییە عەلمانییەکان، ئەو کاتە، زل هێزی سەربازی، ئابووری و زانستی دوونیایی بوون. کە بانگەشەی غەزاکردن لەشکست ڕزگاری نەکردن، ئیتر ناسیۆنالیزمی تورک بە تەواوی پشتی کردە دین و لە ژێر ناوی عەلمانییەت و ڕۆژئاوا گەراییدا خۆی ڕێک خستەوە. ئەم کراس گۆڕینە خێرایە، دەوڵەتی بۆ ناسیۆنالیزمی تورک پێکهێنا و گەرەنتی بەردەوام بوون و گەشەکەردنی ئەم دەوڵەتەشیان هەر لە ژێر ئەم ناوەدا دەستەبەرکرد. لە قۆناغی شەڕی ساردیشدا، ئەم ناسیۆنالیزمە، زانی گرەو لە سەر ئەسپی براوە بکات و بە درێژایی ئەم شەڕەش، نانی سیاسی، زانستی، ئابووری و سەربازی لێ خوارد.
بؤ چەقاندنی قوڵی ئەم ناسیۆنالیزمە لە ناو کۆمەڵگای تورکیدا، وێنای کورد وەک و هەڕەشەیەکی وجوودی ناوەکی و ناوچەیی لە سەر ئەم دەوڵەتە بە ناداتپەروارانە کێشرا. ئەم وێنایە هۆکاری سەرەکی هەزاران تاوانە کە بەرامبەر کورد کراوە و ئەکرێت لە لایەن ئەم ناسیۆنالیزمەوە. ئیتر کێشەی کورد لە گەڵ بوونیاتی ناسیۆنالیستی ئەم دەوڵەتە هەر ڕەهەندێکی سیاسی و سەربازی نییە، بەڵکو ڕەهەندی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابووریشی هەیە.
دوای کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، ڕۆژئاوای عەلمانی، ‌‌هێزی زانستی، ئابووری، سیاسی و تەنانەت سەربازیشی لە ئاستی دونیادا بەرەو کەم بوونەوە ئەچێت لە بەرامبەر دەرکەوتنی ‌هێزی دوونیایی تازە، بە تایبەتی چین لە ئێستادا و هیندستان لە داهاتوویەکی نزیکدا. لە ناو ئەم بارودۆخەدا، ئەوروپا یەکدەنگی و یەکگرتووی لە دەست داوە و ئەمریكاش زیاتر سەری ئەخاتەوە ناو خۆی. ئیتر لەم دونیا تازەیەدا ئەوەندەی دین ئەتوانێ خزمەتی ناسیۆنالیزمی تورک بکات، ئەوەندە عەلمانییەت و ڕۆژ ئاواگەرایی نایکات.
 ناسیۆنالیزمی تورک، جارێکی تر کراسەکەی خۆی گۆڕیوە و ئەم جارە لە ژێر ناوی دین و تەنانەت دژە ڕۆژئاواییدا خۆی ڕێک خستۆتەوە. بەم کراسە تازەیەوە، دەوڵەتی تورک هەژموونی خۆی بۆ چەند وڵاتێکی ئەفریقی وعەرەبی کێشاوە لە ماوەی پانزە ساڵی ڕابوردوودا. هەرئەم کراسە تازەیەش، دەرگای دەستوەردانی بۆ لیبیا و سوریا کردۆتەوە. سەرکەوتنی لە لەشکرکێشی بۆ لیبیا،  گۆڕینی پارسەنگی هێز لەو ووڵاتە بە قازانجی خۆی و دەستە وەستانی ئەوروپا، دەلاقەی دەست وەردانی زیاتری لە ئێراق و کوردستانی باشووری بۆ کردۆتەوە. بەم لەشکرکێشییانە،  دەوڵەتی ناسیۆنالیستی دینی تورکیا، ئەیەوێت، وەک و زلهێزێکی ناوچەیی حسابی بۆ بکرێت و لە ڕیکخستنەوەی هاوکێشە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیەدا، بەرژەوەندییەکانی لە بەرچاو بگیرێت. ئەمەش بە زەرەری کورد تەواوئەبێت.
هەژموونی تورکیا لە لیبیا، کارتی پەناهەندەکانی ئەفریقاشی خستە دەستی تورکیا لە بەرامبەر ئەوروپایەکی شڵەقاودا. لە ئێستادا ئەوروپا ناتوانێت، بەربە لەشکرکێشی و هەژموونی تورکی بۆ سەر کوردستانی باشوور و عێراق بگرێت. ئەمریکا، چین و ڕوسیا، بردنەوەی دڵی دەوڵەتی تورکیایان بۆ گرنگترە وەک لە کورد. لە بەر ئەوە لە ئێستادا، بەرەنگاری تورکیا لە پانتایی سەربازیدا بە قازانجی کورد نییە. لە پانتایی سیاسیشدا، کارتەکانی کورد یەکجار کەمن لە بەرامبەر دەوڵەتی ناسیۆنالیستی دینی تورکیادا.
 کورد ئەبێت تورکیا ڕابکێشێتە ئەو پانتاییانەی بەرەنگاری کە ئەتوانێ لە ئێستادا ئەگەرێکی بۆ بردنەوە تێدا دەستەبەربکات نەک بخزێتە ناو ئەو شەڕانەی کە دەوڵەتی تورکیا ئەیەوێت بیانکات.  لەم باروودۆخەی ئێستادا، کورد، وەک و خەڵک، ئەتوانێ زیاتر فۆکوس لە سەر بەرەنگاری لە پانتاییەکانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابوریدا بکات. ئەوەندەی خۆپیشاندانێک، لە شارێکی بچووکی وەک و شیلادزێ دەوڵەتی تورک ناڕەحەت ئەکات، نیو ئەوەندە سەرگۆنەکردنی لە لایەن ئەم وڵات و ئەو ڕێکخراوەوە نایکات. ئەوەندەی بایکۆتکردنی بازرگانی و کاڵای تورکی کار لەسەر ئەم دەوڵەتە ئەکات، ئەوەندە گرتنی ڕەبایەیەک و کوشتنی چەند سەربازێک کاری لێناکات. وەک و سیاسەت، هەژموونی زیاتری تورکیا لە سەر ئێراق و کوردستانی باشوور، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر حکومەتی هەرێم، تەنانەت بەم مۆدێلەی ئێستاشییەوە. لەباشترین حاڵەتدا، تورکیا بە ئیمارەتێک بۆ کورد ڕازی ئەبێت لە ئێراقدا نەک بە حکومەتێکی فیدراڵی وەک ئەوەی ئێستا.   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×