دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنادا

به‌ختیار ئه‌مین
  2020-06-23     603
پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی بلیۆن و نیوێک فێرکار کە دەکاتە ٩٠ لەسەدی سەرجەم فێرکارانی جیهانی بێ بەشکرد لە بەشداریکردن لە ناوەندەکانی خوێندن، وە ئەم پەتایە سیستمی پەروەردەی ١٨٢ ووڵاتی پەکخست (سەرچاوە-١-٢). دەرئەنجام پاڵپشت بە خوێندنی ئەلیکترۆنی (-e-learning)  ساڵی خوێندنی ئەکادیمی ٢٠١٩-٢٠٢٠  کۆتایی پێهات.

ئەم مێثۆدی فێرکردنە دەورێکی یەکجار گرنگی بینی لە پرۆسەی گەیاندی زانست و زانیاری بەفێرکار، بەشداری فێرکار و وانەبێژ، تەنانەت ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ بە ئەلیکترۆنی لەڕێگای میکانیزمی یەکجار پارێزرا و نوێوە. لەگەڵ ئەوەی کە هیچ ئامادە سازیەک بۆ پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی نەکرابوو، بەڵام ئەم ئەزمونە نوێیە بە سەرکەوتووی لە زۆر ووڵاتی جیهان تاقی کرایەوە، بەتایبەتر لەو ووڵاتانەی کە خاوەنی ئابوری بەهێز، سیستمی پەروەردە و خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی باشبوون.

خوێندنی ئەلیکترۆنی پرۆسەیەکی نوێ بوو بە سیستمی پەروەردەی کوردستان، ئەوەبوو دەرکەوت کە ئەم ئەزمونە سەرکەوتوو نەبوو. بێگومان هۆکارەکان زۆربوون، بەڵام دەکرێت بە سوود وەرگرتن لە تیزەکانی  هەریەک لە (Stephen Marshal, Shirly Alexsander ) و هاوڕێکانی، شرۆڤە بۆ سەرجەم ئەو فاکتەرانە بکرێت. بە داخەوە تەنانەت نەتوانرا سود لە سمیستەرێکی خوێندن بەم مێثۆدە نوێیە وەربگیردرێت. ئەوەبوو چارەنووسی خوێندن و زانستی ملیۆنان فێرکاری کورد بەچەند بڕیارێکی بەپەلە سپێردران و ، دەرئەنجام کۆتای بە خوێندنی ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ هێنرا. پێویست بوو کە هەریەک لە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا زۆر بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا بکەن، پێشوەخت هەڵسەنگاندنیان بکردبایە بۆ هەریەک لە (ئاستی بەشداربوونی فێرکار، توانای دابینکردنی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان و تۆڕی ئینتەرنێت، ئاستی شارەزایی بەکارهێنانی ئامێر و پرۆگرامەکان لە لایەن فێرکار و وانەبێژەوە، توانای ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بە ئۆنلاین یان بە ئەلیکترۆنی، میکانیزمی و مێثۆدەکانی خوێندنی ئەلیکترۆنی، پلانی کاتی فێربوونی فێرکار ...هتد).

پلانی ساڵی نوێی خوێندن لەسەردەمی ئەم پەتایەدا لە ووڵاتانی دیکە

لەگەڵ ئەوەی تاوەکو ئەمڕۆ هیچ پێکوتەیەک بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە، لە ئەگەری تەشەنەکردنی زیاتر یان سەرهەڵدانەوەی ئەم ڤایرۆشە لە دەسپێکی ساڵی نوێ خوێندندا، ڕێژەیەکی زۆر لە خوێندنگەکان و زانکۆکانی ووڵاتان لە هەوڵی دانانی پلانی پێش وەختن، تاوەکو بتوانن سەرکەوتوانە بەردەوامی بدەن بە ساڵی نوێی خوێندن ٢٠٢٠-  ٢٠٢١. لە ئێستاوە لە هەوڵی ئەوەدان کە دڵنیایی بدەن بە فێرکار ، دایک و باوکی فێرکار لەوەی کە ئامادەسازی باش کراوە بۆ خوێندنی ساڵی نوێ. زۆربەی ئارگومێنتەکان دەربارەی ئەوەن کە ئایا چۆن بتوانرێت ڕەچاوی ڕێنامایە تەندروستیەکان بکەن و بەردەوامی بدەن بە خوێندنی ساڵی نوێ لە ئەگەری سەرهەڵدانەوە یان بەردەوامی ڤایرۆسەکە، تاوەکو ژیانی فێرکارەکانیان، وانەبێژەکانیان، توێژەر و فەرمانبەرەکانیان پارێزراو بێت. بە نمونە چۆن ئامادەسازی بکرێت بۆ میکانیزمی ( ژمارەی فێرکار لە نێو هۆڵەکانی خوێندن و تاقیگەکاندا، چۆنیەتی کەمکردنەوەی بەریەکەوتن لەنێوان وانەبێژ و فێرکار،  کۆبونەوەکانی فێرکار لە کتێبخانەکان و بۆنەکانی زانکۆدا، میکانیزمی تاقیکردنەوەکان لە سەردەمی کۆڤید-١٩ دا، جێبەجێکردنی سۆشیاڵ دیستنس (ماوەی دووری)، بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ لە بەکارهێنانی شێوازی نوێیی وانە وتنەوە....هتد).

مەترسی ساڵی نوێی خوێندن لەسەردەمی ئەم پەتایەدا لە کوردستان

لە ئەگەری سەرهەڵدانەوە یان هەبوونی ڤایرۆسەکە لەناو هاونیشتیمانیانی کوردستاندا، گرنگە کە هەریەک لە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ئێستاوە پلانی پێشوەختی ئیداری و تەکنیکی دابڕێژن بۆ میکانیزمی خۆپارێزی، یان دەستەبەرکردنی خوێندنی ئەلیکترۆنی  بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١. بە نمونە پێویستە لە ئێستاوە بیر لە پێداویستیە ئەلیکترۆنیەکان، میکانیزمی تاقیکردنەوەکان بە ئۆنلاین، پلانی چۆنیەتی ڕاهێنانی هەزارەها فێرکار و وانەبێژ لەسەر بەکارهێنان ئامێر و ئەپڵیکەیشنەکان بکەنەوە. یان لە ئەگەری هەبوونی ڤایرۆسەکەدا، دەبێت بە ووریایەوە میکانیزمی نوێی پەروەردە و خوێندن لەسەر جەم ناوەندەکانی فێرکردن پەیڕەو بکردرێت لە ژێر ڕۆشنای ڕێنمایەکانی تەندروستی جیهانی و هاوشێوەی ئەو پلانانەی کە لە زانکۆ و خوێندنگەی ووڵاتان جێ بەجێ دەکرێت. زۆر گرنگە کە خوێندنی ساڵی نوێ پەکی نەکەوێت و فێرکارە کوردەکان بێ بەش نەبن لە خوێندن. چونکە زانست و زانیاری هەرگیز قەرەبوو ناکرێنەوە، وە چیتر ناکرێت فێرکاری کورد باجی بێ بەشبوون لە زانست و زانیاری نزیکەی ٢ ساڵی خوێندنی بدات.

لە کۆتایدا پەتای کۆرۆنا پەیامێکی ڕونی نارد بۆ سەرجەم ئەو ووڵاتانەی کە لە سیستمی پەروەردە و فێرکردندا پەرە بە بابەتەکانی تەکنەلۆجیای زانیاری نادەن، ڕونتر نەیانتوانیوە وەکو پێویست فێرکار و وانە بێژ بەباشی ئامادەبکەن بۆ قەیرانێکی هاوشێوە لە ڕوی بەکارهێنانی پێداویستیەکانی تەکنەلۆجیاوە.. 

د.بەختیار ئەمین
وانەبێژ و توێژەر لە کۆلێژی زانستی کۆمپیوتەر- زانکۆی لیڤەرپول-ئینگلتەرا
٢٠\٦\٢٠٢٠

پەراوێزەکان
https://www.weforum.org/agenda/2020/04/coronavirus-education-global-covid19-online-digital-learning/
https://www.brookings.edu/blog/education-plus-development/2020/04/10/top-10-risks-and-opportunities-for-education-in-the-face-of-covid-19/
https://www.iau-aiu.net/Covid-19-Higher-Education-challenges-and-responses
https://www.nasnews.com/kurd/view.php?oldid=211197


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×