كوردانی باشوورو ڤایرۆسی حیزبی‌و بنەماڵەیی

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2020-06-26     875
دوای 29 ساڵ حوكمڕانی  جۆت حیزبی و جوت بنەماڵەیی وجوت ئیدارەیی ، لە ئێستادا  هەرێمی كوردستان   لە خرابترین دۆخی سیاسی ، دارایی ، ئابوری ، كۆمەڵایەتی دایە . لە هەموی  خرابتر  كۆی قەوارە ی سیاسی هەرێمی كوردستان  لە ژێر مەترسی نەماندایە .  
لە دوای ئەو هەموو ماڵ وێرانی و دەربەدەری و ئاوارەیی و ڕشتنی دەریایەك لە خوێن . دوای كارەساتی ئەنفال و كیمیاباران و كۆڕەوی  یەك ملیۆنی و بەدەستهێنانی گەورەترین پشتیوانی نێودەوڵەتی لە مێژوی كوردا .
 دوای پێكهێنیانی هەرێمێكی نیمچە سەر بەخۆ . دوای دامەزراندنی  دام و دەزگای حكومەت ، وەكو پەڕلەمان ،  فەرمانگە حكومیەكان   ، هێزی پێشمەرگەو  ئاسایشی سەربەخۆ ، پەیوەندی  دیبلۆماسی لە گەڵ وڵاتانی دەرەوە . دواجار  هاتینەوە سەرخاڵی سفر لە سایەی  دەسەڵاتی  جوت بنەماڵەوە  .ئێستا ئاڵای سپیمان هەڵكردوەو بەرەو بەغدا  گەڕاوینەوە . بەڵام تا ئێستا وەریان نەگرتوینەوە . 
ئەگەر مێژوو نوسێكی بێلایەن و بە ویژدان بێت و مێژووی خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد لە شەستەكانی سەدەی ڕابوردووەوە  وەكو خۆی چۆن بوە بینوسێتەوەو شەن و كەوی بكات ، دەگاتە ئەو ئەنجامەی كە كۆی هەموو ئەو نەگبەتیانەی بەسەر ئەم میللەتە هاتوە ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لێك ترازانەی  لە ناو شۆڕشی ئایلولی 1961 ڕویداو بەرەی جەلال و مەلایی بەرهەم هێنا .   لەو كاتەوە  كێشەو ململانێكانی  نێوان ئەو دوو بەرەیە  لە گەشەی  بەردەوامدایەو لە ئێستادا  پێی ناوەتە قۆناغێكی  زۆر مەترسیدار و ترسناك و هەوڵ دان بۆ پاكتاو كردنی  یەكتری . لە ئێستادا كێشەی  نێوانیان  نەك لە كەمبونەوەدایە ، بەڵكو دوای وەفاتی مامجەلالیش كێشەكە  كەوتۆتە نێوان بەرەی  ئامۆزاكانی  ناو هەردوو  بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی .
 لەوەش خراپتر  لەئیستادا  كێشە لەناو خۆی ئامۆزاكانی  یەك بنەماڵەشدا  بە ئاشكرا دەستی پێكردوە . كەواتە ئەگەر  كار هەر ئاوا بڕوات  دەبێ  چاوەڕوانی  نیو سەدەی  تریش بكەین  خەڵكی كوردستان باجی ململانێی  ئەمانە بدات . 
مەترسییە گەورەكە لێرەدا ئەوەیە لە ئێستادا ئامۆزاكان بونە حاكم و بڕیار دەر ئەوانیش هەرزەكاری سیاسین  و شارەزاییان كەمەو هاتونە سەر حازری و  ئەوەندەی دواڕۆژی خۆیان بەلاوە گرنگە ، نیوەی ئەوە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانیان لەبەر چاونییە . ئەگەر ئەم هەموو خەڵكەش چاوە ڕوانی  بڕیاری  ئەوانە بكات ، دەستیان خۆش بێت  بۆ هەرچی پێمان دەكەن .  
سەیركەن لە ئێستادا كێشەی هەموو جیهان ڤایرۆسی كۆڕۆنایە . ڤایرۆسی كۆڕونا دنیای هەژاندوە . ئابوری جیهانی  وێران كردوە ، ژیانی  مرۆڤەكانی كردۆتە دۆزەخ . كەواتە  تا ئەم ڤایرۆسە بمێنێت ، بارودۆخ خراپتر دەبێت . بۆ ئەوەی بارودۆخی جیهان ئاسایی ببێتەوە ، دەبێ چارەسەرێك بۆ ڤایرۆسی كۆڕۆنا  بدۆزرێتەوە ، ئەو كات ژیان ئاسایی دەبێتەوە .
كەواتە  ئەگەر من و تۆ بێین و باسی چۆنیەتی چاك كردنی ئەم بارودۆخە بكەین ، دەبێ  باسی ئەو دوو بنەماڵەیە بكەین . ئەوەتا هاوڵاتیانی  كورد لە نێوان  بەرداشی ئەم دوو بنەماڵەیدا دەبن  بە ئارد . ناكرێت  قسە لەسەر چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان بكەیت ، بەبێ قسەكردن لەسەر ئەداو ڕوڵی  ئەم دوو بنەماڵەیە . 
لە ئێستادا ئەم دوو بنەماڵەیە ، ئەم دوو بەرەیە یان ئەم دوو حیزبە كە لەناوەرۆكدا هەمویان یەك مانایان هەیە  ڕوڵی ڤایرۆسی  كۆڕۆنا دەبینن لەناو كوردانی باشوردا . ئەمانە ڤایرۆسی ڕاستەقینەی ناو ئەم كۆمەڵگایەن و هەتا ئەوانیش  وەكو ئێستا بە فەرمان ڕەوایی بمێننەوە ، بارودۆخەكەش هەر وەكو خۆی دەمێنێتەوە و بەرەو خرابتریش دەڕوات .   
باشە لێگەڕێین  هەر كار ئاوا بڕوات و زیاتر ماڵ وێران بین ، یان بە هەمومان بیر بكەینەوەو بەدوای چارەسەرێكدا بگەڕێین ؟؟.   كەواتە ئەوەی كە ئێستا  پێویستە هەمومان قسەی لەسەر بكەین و لەسەری كۆكبین ئەوەیە چۆن چارەسەرێك بۆ ڤایرۆسی  حیزبی یان بنەماڵەیی بدۆزینەوە كە ماوەی 56 ساڵە جەستەی تاك بەتاكی ئەم میللەتەی داڕزاندوە . 
لە پەل و پۆی خستوە ، هێزی لێ برێوە .  چارەسەری هەموو كیشەكانی ئەم كۆمەڵگایە ، لە چارەسەری ڤایرۆسی كۆڕۆنای  حیزبی و بنەماڵەییدا خۆی دەبێنێتەوە . باسی هەر بابەتێكی تر بكرێت ، زیادەیەو خۆ خەڵەتاندنە . 
دیارە پێشتریش بەڕێز حاكم شێخ لەتیف كۆمەڵێك پێشنیاری بۆ ئەم دەسەڵاتە كردوە ،  بەڵام ئەوان  گوێ‌ بۆ پیشنیارێك ناگرن  ئەگەر لەبەرژەوەندی  خۆیاندا نەبێت .   
بۆیە لە ئێستادا  تۆپەكە لە گۆڕەپانی هەردوو بنەماڵەدایەو چارەسەری بارودۆخەكە  لە دەستی ئەواندایە ئەگەر بیانەوێت چارەسەری بكەن . لە ئێستادا  یان دەبێت  ئەم دوو بنەماڵەیە  بەڕاستی بێنە پێشەوەو  كۆتایی بە كێشەكانی نێوانیان بهێنن و چی تر هاوڵاتیان  نەكەنە قوربانی خۆیان .
 یان باشتر وایە  لایەنێكیان تەنازول بۆ لایەنێكی تر بكات و  كۆتایی بەم بارودۆخە بهینرێت .  یان باشتر وایە  هەردوو لایان بە ئاشتیانە و ئارەزومەندانە  دەستبەرداری  دەسەڵات ببن و لێگەڕێن  میللەت حوكمڕانییەك  بۆخۆی دامەزرێنێت .  
بەڵام ئێمە دڵنیایین  ئەم دوو بنەماڵەیە  بە هیچ یەكێك لەم پێشنیارانە ڕازی نابن . كەواتە دەبێ لەم قۆناغەدا میللەت پێداگری لەسەر ئەنجامدانی ئەمانەی خوارەوە  بكات و چیتر بێدەنگ نەبێت  ، چونكە قۆناغەكە زۆر مەترسیدارەو كارە ساتی گەورەتر بەدوای خۆیدا دێنێت : 
1- ئەم حكومەتەی ئیسَتا  دەست لە كار بكَشێتەوەو حكومەتێكی نیشتمانی  بیلایەن  پێك بهێنرێت و  و خەڵكی كوردستان ئاشت بكاتەوە و  لە ژێر هەیمەنەی   یەكێتی و پارتیدا نەبێت  واتە هەردوو بنەماڵە . 
2- ژمارەی وەزارەتەكان بۆ 8 وەزرەت  كەم بكرێتەوە  . چاكسازی بەمە دەكرێت نەك بڕینی موچەی خەڵك . سەیركەن ئێستا گۆڕان و یەكێتی داوای دامەزراندنی  خەڵك دەكەن گوایە بەشی خۆیان بە تەواوی  وەرنەگرتوە . 
 كەواتە ئەگەر ئەمە بیركردنەوەی حیزبی سیاسی بێت  لەم كاتی قەیرانە و لە بری هەوڵ دان  بۆ كەمركردنەوەی خەرجییەكان ، تازە  داوای دامەزراندنی خەڵك بكەن . كەواتە چاوەڕوانی چ چاكسازییەك  لەم دەسەڵاتە دەكرێت  ؟.   
3- ئەم حكومەتە دەسەڵاتی تەواوی هەبێـت   كە چارەسەرێكی  گونجاو و مامناوەندی  بدۆزێتەوە بۆ هەموو  ئەوانەی وەكو بندیوار  موچە وردەگرن و بە نایاسایی خانە نشین كراون  یان پلەی  سەربازی زیاتریان بۆ حساب كراوە . 
لەناو  هێزی پێشمەرگە  بە تایبەتی پاسەوانی بەرپرسەكان  ، ژمارەیكی یەكجار زۆر  موچە خۆری بندیوار هەیە . بە سەدان  باخەوانیان هەیەو لەسەر لیستی پێشمەرگە موچە وەردەگرن .  ئەگەر  دەست بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە نەبرێت ،  چاكسازی مانایەكی نابێت و هەر قسە دەبێت  بۆ خەڵەتاندنی جەماوەر .  
4-  ئەم حكومەتە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت و بە دوادا چون بكات بۆ  دۆسیەی نەوت و چۆنیەتی گرێبەستەكان و بڕی قەرزەكان و شێوازی قەرزكرنەكاندا  بچێتەوەو ڕێگا چارەیەكی گونجاو  بدۆزنەوە بۆ چارەسەركردنی  كێشەكان .
5- ئەم حكومەت بۆی هەبێت لەگەل َبەغدا كیشەكان بە پێی یاسا چارەسەر بكات و ڕێگا نەدات  پارتی و یەكێتی بە جیا بچن لە بەغدا  مامەلە بە مافەكانی كوردەوە بكەن .
6-  بەزوترین كات بڕیاری هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بدات ، دوور لە دەست تێوەردانی یەكێتی و پارتی .  بە كورتی لەم قۆناغەدا ئەمانە باشترین بژاردەو باشترین چارەسەری ئەم بارودۆخەی  ئێستان . 
ئەگەر پارتی و یەكێتی بەمانە ڕازی نین و  دەیانەوێت چۆنیان كردوەو چۆنیان لێخوڕێوە  هەر ئاوا بەردەوام بن ، هەرێمی كوردستان زیاتر ڕوبەڕوی مەترسی دەبێتەوە.  ئێستا كاتی ئەوەیە ئێمەی هاوڵاتی لە دەرەوەی دەسەڵات كە زەرەرمەندی یەكەمین ، چاوەڕوانی ئەوە بكەین ،   بارودۆخەكە هەر ئاوا بڕوات و یەكێتی  و پارتی  یان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی  بە هەمان شێوەی ڕابوردوو سامانی ئەم وڵاتە تاڵان بكەن 
 خەڵك فەقیر بكەن نیشتمان بفرۆشن ،   یان دێینە دەنگ و بەم دەسەڵاتە دەڵێن : بەسە تاڵانی سامانی وڵات ، بەسە یاریكردن  بە ژیانی خەڵكەوە ، بەسە سازش و مامەلكردن  بە گەل و نیشتمانەوە بۆ بەرژەوەندی خۆتان . 
هاونیشتمانیانی  خەمخۆر . ئەوە بزانن هیچ كاتێك هەرێمی كوردستان  بەقەدەر ئێستا  لە ژێر مەترسسدا نەبوە . بە هۆی ریفراندۆمە شومەكەی  مەسعود بارزانی  سەر لێشێواوەوە ، نیوەی زیاتری ناوچە دابڕێنراوەكانمان لە دەستدا . 
بە هۆی خیانەتی  بنەماڵەی بارزانییەوە  ئەوەتا  هەموو ناوچەی بادینان  لە ژێر پۆستاڵی جەندرمەی توركدایە .  ئەوەتا هاوینەهەواری  كونە ماسی  بە هۆی فڕۆكەی  بێ فڕۆكەوانەوە  لە بندەستی شاری سلێمانی  موشەك باران دەكرێت و خەڵك شەهید و بریندار دەكرێت . 
 ئەوەتا ئێرانیش  كەوتۆتە هەڕەشەو  لە نزیك سنوورەكان هێزی كۆكردۆتەوە.  دەڵێن :  ئەگەر دوو جار لە كۆنێكدا ، مارپیوەی دای  جاری یەكەم خوا مارەكە بگرێت .بەڵام جاری دووەم  خوا خۆت بگرێت . 
 میللەتی زیندوو ئەو میللەتەیە كە هەمیشە  بە ئومێدەوە دەژی ، هەموو تاكێك  خۆی بەسەركردە دەزانێت  و پێویستی بەكەس نییە پیشی كەوێت . میللەتی مردوش ئەو میللەتەیە  كە  هەمیشە  لە بێ ئومێدیدا  دەژێـت و دەڵێت : بەخوا تازە هیچ ناكرێـت و كەس نییە هیچمان بۆ بكات ، چونكە ئەو لە بنەڕەتەوە  باوەڕی بە خۆی  نەبوە .
ماوەتەوە ئەوەی بڵێم ئەگەر مرۆڤ ئیرادەی  هەبێت ، دەتوانێت گەورەترین  دەسەڵاتی  دیكتاتۆر  لە ڕەگ و ر ِیشە هەڵكێشێت و خۆی لە ژێر  دەستەیی  ڕزگار بكات ، ئەگەر بەهانە  بۆ باربردن نەدۆزێتەوە .  


 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×