چەند سەرنجێک سەبارەت بە هەرێم و ڕەوشە ئاوارتەکەی...

یاسین ئافتاو
  2020-06-30     841

سەرنجی یەکەم؛
ورووژاندنی بابەتی هەڵوەشاندنەوەی هەرێم، لە بۆشاییەوە نەهاتووە، هۆکاری زۆری هەن و تەخوینکردنی ئەوانەی بانگەشەی دەکەن چاوپۆشینە لەو بەدۆزەخکردنەی ژیانی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بەڵام سەرباری ئەوەش، داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم هەڵەیە، چارەسەر نییە و سەرەنجام گەڕانەوەشە بۆ خاڵی سفر. چونکە:

یەکەم؛ هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەباتی تۆیە، هی خاڵ و مامت، هی باوکت، هی دراوسێ و خزمەکەت.

دووەم؛ یەکێتیی و پارتیی خاوەنی هەرێمی کوردستان نیین، درووستترین وەسف بۆ ئەوان داگیرکەرە، ئەوان داگیرکەر و زەوتکەری هەرێمی کوردستانن، یەکێتیی و پارتی و هێزەکانی دیکەش، بە تۆپزی سووکانی ئەم هەرێمەیان بەدەستەوە گرتووە، هیچ شەرعییەتێکیان نەماوە و ئەوان نوێنەری خەڵک و دانیشتووانەکەی نیین.

سێیەم؛ هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ، قەوارەیەکی دەستوورییە، قەوارەکە خۆی لە خۆیدا خراپ نییە، نەهامەتییەکانی هی فۆڕمەکە نییین، بەڵکو هی ئیدارەدانەکەیەتی.

چوارەم؛ گریمان بەیانیی هەرێممان هەڵوەشاندەوە، بەس بیدەینە دەست کێ؟ هەندێک ڕوویان لە بەغدایە، بەغدا خۆی گرفتارە، بیدەینە دەست توورک؟ (ئەو توورکەی پێی وایە کوردی باش ئەوەیە کە مردووە)، یان کۆماری سێدارە و تلیاک؟ (کە نموونەیەکی بچووککراوەی دۆزەخەکەی خودایە).

پێنجەم؛ ئەم سەردمە سەردەمی ماڵجیاییە، هیچ ژن و مێردێک ئامادە نیین لەگەڵ دایک و باوکیاندا بژین هەرچەندە باشیش بن، هەرێمی کوردستان ئەزموونی پێکەوەنەژیانی کورد و عەرەبە لە عێراقدا، باشترین بژاردەشە بۆ ئێستا. ئەمە جیایە لە بانگەشە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ، کە ئێستا هیچ پاساوێکی نییە و زۆر زیانبەخش دەبێت بۆ کوردی عێراق.

سەرنجی دووەم؛
چارەسەر بریتیی نییە لە ماڵ ڕووخاندن، کەسێک بێت خانوو و موڵکەکەت داگیر بکات ناچیت بەسەریدا بیڕووخێنیت، بەڵكو وەدەری دەنێیت. بۆیە هەوڵی ڕووخاندنی قەوارەی هەرێم هەڵەیەکی کوشندەیە. زەرەرمەندی یەکەم زۆرینەی دانیشتووانەکەی دەبن نەک کەمینەیەکی فاسیدی دووڕەگەزی دووجنسییە، بەڵام وەدەرنانی داگیرکەر هونەری خۆی هەیە، زانستە و بیرکردنەوەی وردی دەوێ، نەک کڵاشینکۆف و دوعا (ئەو تەنیا دوو چارەسەرەی کورد دەیانزانێت).

سەرنجی سێیەم؛
بۆ ئێمەی دانیشتووانی هەرێم، باشترین ناوەند و حکوومەتی ناوچەکە، حکوومەتی عێراقە، ئەنفال و کیمیابارانی لێ دەرکەیت، عەرەبی عێراق (مەبەستم خەڵکە)؛ لە هەموو نەتەوەکانی چواردەورمان مرۆڤانەتر و درووستتر ئامادەن مامەڵەمان لە گەڵدا بکەن. عێراق بۆ ئێمە باشترینە، چونکە:

یەکەم، حکوومەتەکەی حکوومەتی خۆمانە.

دووەم؛ لە بەغدا قورساییمان هەیە و ئەزموونیشمان هەیە.

سێیەم؛ لە دوای ٢٠٠٣ەوە یەک دونیا موخالەفەی دەستوورییمان دەرهەق بە بەغدا کردووە و هێشتاش ئامادەی مامەڵەکردنە لەگەڵمان.

چوارەم؛ ئێمە پێشینەیەکی مێژووییمان هەیە لە ناچارکردنی عەرەبی عێراق بە ددانپێدانانی مافەکانمان و ئەوان زۆر ئاساییە بە لایانەوە تەنانەت باسی دەوڵەتی سەربەخۆشیان لەگەڵدا بکەین.

پێنجەم؛ ئێمەی کورد (بە تایبەتی سیاسییەکانمان)؛ یەکێک لە کارەکتەرەکانی تێکدانی عێراقین، چونکە هەر لە گەندەڵی داراییەوە بیگرە هەتا دەگاتە پەلکێشکردنی سوپا و موخابەرات و هێزە تێکدەرکان بۆ ناوخۆی عێراق، درێغییمان نەکردووە، بەڵام ئەگەر پێچەوانەکەی بکەین دەتوانین هەرێم و عێراقیش بەرەو ئارامیی بەرین.

شەشەم؛ عێراق هەرگیز ناتوانێت ببێتەوە بە دەوڵەتێکی سێنتراڵی بەهێزی دیکتاتۆر، کە ناوەندەکانی دیکە بچەوسێنێتەوە، بەس دەکرێت بەغدا ببێتە چەقی کۆکردنەوەی پێکهاتە جیاوازەکان و لەوێوە ئیدارەی وڵاتێکی فرەڕەنگ بکرێت، واتە بکرێتە دەسەڵاتێکی فیدراڵی ڕاستەقینە.

سەرنجی چوارەم؛
چارەنووسی دانیشتووانی هەرێم؛ تەنیا و تەنیا ڕەتکردنەوەی هەموو داگیرکەرانە، لە سوپای تورکیا و میتە ڕەزاگرانەکەیەوە، بۆ پاسدار و ئیتڵاعاتی بۆگەن، ئینجا قبوڵنەکردنی گەڕانەوەی سەربازییانەی سوپای عێراق، هەموو ئەمانەش یەک کلیلیان هەیە: پێچانەوەی ئەزموونی دوورودرێژی یەکێتیی و پارتیی و هێزەکانی دیکە، بەڵام ئەم پێچانەوەیە نابێت بە هیچ جۆرێک ڕەهەندێکی چەکدارانەی هەبێت، دەبێت بە شێوازێکی بەهێزی مەدەنییانە بێت.

سەرنجی پێنجەم؛
هەر بانگەشەکردنێک بۆ گۆڕینی چەکدارانەی دەسەڵاتی هەرێم، بانگەشەکردنە بۆ سوورییزەکردن و لیبیزەکردنی هەرێم، ڕەخساندنی کەشێکی بەهەشتییانەیە بۆ داگیرکەرانی کوردستان، لە دەستدانی هەموو شتێکە، لە باشترین حاڵەتیشدا ئەگەر گرووپێک هەستن بە شۆڕشێکی چەکدارانە و سەریش بکەون، ئەزموونەکەیان بە چەند قات لە هی یەکێتیی و پارتی خراپتر دەبێت.

سەرنجی شەشەم؛
خەڵکی هەرێمی کوردستان نابێت پەلە بکەن لە گۆڕینی ئەوەی ئێستا هەیە، چونکە ئێمە ئامادەسازییەکانی ئەو گۆڕینەمان نییە، دەبێت خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، ئەمە بە مانای ئەوە نییە دەسەڵاتدارانی هەرێم شایانی گۆڕین نیین، بەڵکو ئەوە بەرەنجامی ئەوەیە کە ئێمە لە خۆئامادەکردن بۆ گۆڕین زۆر دواکەوتووین. ئایزنهاوەر دەیوت: "بە دەگمەن گرنگترین ئیش بەپەلەترینیانە".

سەرنجی حەوتەم؛
هەتا خۆشتان نەگۆڕن هیچ ناگۆڕێت.
صدق اللە العڤیم

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×