لەبەردەم کەلتوری ترامپدا

عەزیز ڕەئوف
  2020-10-15     473
لە سەر شەقامێکی سەرەکی نیویۆرک، سواڵکەرێک لەسەر پارچە مقەبایەک ئەم دێڕەی نوسیوە و سەرنجی خەڵکی بۆخۆی ڕاکێشاوە( ئەگەر پارەم پێنەدەی، دەنگ بە دۆناڵد ترامپ دەدەم). ئەم وێنەیە ڕەنگە لە ناوەرۆکدا سادە و ئاسایی دەربکەوێ، بەڵام لەناوەخدا جۆێک لە ڕاستی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە و حیکمەتێک لە نوسینی ئەم دروشمەدا هەیە.
یەکەم: بەو مانایە دێت زۆرینەی خەڵک لەو شارە و زۆرینەی ئەوانەی بە شەقامەکەدا دەڕۆن دەنگدەری ترامپ نین و دەیەوێ زۆرترین پارە بەوە پەیدا بکا کە سۆزی ئەو خەڵکە بۆلای خۆی ڕابکێشێ کە دەنگ بە دۆناڵد ترامپ نادەن.
دووەم: دەسەڵاتی ئەمریکا لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا ئیشکالی گەورەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە و دۆتاڵد ترانپ مۆدێلێکی خراپی حوکمڕانی بوو لەسەر ئاستی ئەمریکا و جیهان. ئەم چوار ساڵەی ترامپ سومعەی ئەمریکای وەک گەورەترین بلۆکی سیاسی لە جیهاندا بە جۆرێک لەکەدار کرد کە لە مێژووی سەرکردەکانی ئەمریکا سەرکردەی وەک ترامپ گاڵتەجاڕی بەخۆوە نەبینیوە.
مۆدێلی حوکمڕانی ترامپ لەم چوار ساڵەدا چەندین قەیرانی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و چەندین تێبینی لەسەر ترامپ دروست بوو کە لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا بۆ گەلی ئەمریکا جۆرێک سەریەشەی دروست کرد لەوانە:
یەکەم:لەسەر ئاستی ناوخۆیی قەیرانی ئابوری و هەلی کار و کێشەی بێکاری و باج زۆر زیادی کرد و ئەم چوار ساڵە بۆ ئەمریکیەکان زۆر سەخت بوو.
دووەم: هاتنی نەخۆشی کۆرۆنا بۆ ئەو وڵاتە و چارەسەرنەکردنی بۆ ئەمریکیەکان سەخت بوو وە زۆرێک بە لاوازی دەسەڵاتی ترامپی دەدەنە قەڵەم.
سێیەم: وێنەی ترامپ لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکاندا و جیاوازی قسەکانی و ڕەفتاری لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان بۆ خەڵکی ئەمریکا سەخت بوو بەوەی کە ناکرێ کەلتوری ئەمریکی ئەم جۆرە لەسەرکردە بەرهەم بێنێ.
چوارەم: کوشتنی جۆرج فلۆید وەک ڕەشپێستێکی ئەمریکی لەلایەن پۆلیسێکەوە لەم ساڵدا، ناڕەزایی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەمەش بە تۆخکردنەوەی ڕەگەزپەرستی لە ئەمریکا نیشان درا و دەسەڵاتی ترامپ وەک سەرکۆکی ئەمریکا لەم نێوەندەدا بە لاواز بینرا.
پێنجەم: مەسەلەی پەنابەران و ڕۆڵی ترامپ لەم نێوەندەدا شایەنی ڕەخنە و لەسەر وەستان بوو.
بۆیە چوارساڵی دەسەڵاتی دۆناڵد ترامپ تەواو سەخت بوو بۆ ئەمریکیەکان و هەر چۆنێک بێت پڕ بوو لە هەڵبەز و دابەز و پڕ بوو لە ناڕەزایی. کەلتوری ترامپ بۆ ئەمریکیەکان گرنگە لەم هەڵبژاردنەدا چۆن لەسەر ئەم کەلتورە بەردەوام دەبن یان دەنگی تر و مۆدێلی تر و کەلتورێکی تر تاقی دەکەنەوە کە ئەویش سەرکردەیەکی ترە بۆ ئەمریکا. 
*عەزیز ڕەئووف. ڕۆژنامەنوسی فریلانس و هەڵبژدراوی The Foreign Press Centers بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×