مۆتەکانی ناو گۆڕان

چیا عەباس
  2019-05-15     1478
کاری گەورە بە قسەی زل دەست پێناکات، بەڵکو بەکرداری بچوک
بۆ دو ساڵ دەچێت هەڵسوراوو گۆرانخوازە دڵسۆزەکان لەدەرەوەو لەوڵات بەردەوام بەرەخنەو پرۆژە هەوڵی بێ ئەندازەیان بۆ پاراستنی پرەنسیپەکانی گۆڕان‌و گەشەپێدانیانداوە. مەخابن دەسەڵاتدارانی گۆڕان پشتگوێیان خستن‌و دوای مەزاج‌و ئارەزوەکانی خۆیان کەوتن.

مۆرکردنی کوێرانەی یاسای کاراکردنەوەی (نەک هەمواکردنەوەی) سەرۆکایەتی هەرێم و خۆخزانە ناو نمونەی حوکمرانیەکی چەند بارەکراو تەسلیمبونێکی بێ شەرمنانەی دەسەڵاتدارانی گۆڕانە بە ئیرادە و بەرنامەیەکی ناکۆک لە گەڵ پرەنسیپ و کارنامە رەسەنەکەی گۆڕان، کوشتنی ئاوات و خەونی جەماوەری گۆڕانە، خەنجەر وەشاندنە لە پشتی هەزاران هەڵسوراوی دڵسۆز و خۆراگر، بێگومان بێ وەفاییەکی بێئەندازەی زەقیشە بەرامبەر بە کاک نەوشیروان و مێژوی خەباتی لە بزافی کوردایەتی و لە ناو گۆڕاندا، لە کۆی گشتیشدا گەمەکردنێکی مەترسیدارە بە ئایندەی نەتەوەیەک، تەنها لێکدانەوەی مەنتقیش بۆ ئەم وێرانکردنەی گۆڕان هەستی رق و کینە و تۆڵەکردنەوەیە لە کاک نەوشیروان.

کاک نەوشیروان پێش وەفاتی بەردەوام جەختی دەکردەوە لەوەی گیرۆدەی تاقمێکی هاوکاری دێرینی بوە کە لە گەڵ یەکتردا ناگونجێن، گۆڕانیشیان کردۆتە گۆرەپانی کێشە شەخسیەکانی خۆیان، بێگومان ئەمە هۆکاری سەرەکی بریارەکەی بو بۆ دروستکردنی گروپی راوێژ لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦، کاتێک بینی هاوکارانی لێکدانەوەی مەزاجیان بۆ بریارەکە هەیە کار گەیشتە ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ یەک بە یەکی زۆربەی ئەو هاوکارانە بکات، خۆشبەختانە ئەو دۆکیۆمێنتە مێژوییە پارێزراوە و لە شوێنێکی ئەمیندایە.   

ئەم دەسەڵاتدارە خۆسەپێنەرانە بە پاساوی چاکسازی وەهمی و گۆرینی وەهمی سیستەمی حوکمرانی بۆ پەرلەمانی و بە ناوی گۆڕانیشەوە ئەو لادان و تێکشکاندنەی گۆڕان ئەنجام دەدەن. ئەم کارەشیان ئەو دلۆپەیە بو کە وای کرد ئاو لە جامەکە برژێت.

بێدەنگی گوماناوی خانە و تەسلیمبونی زۆربەی جڤاتی نیشتمانی بە بەڵێنەکانی پۆست و پارە و دەنگۆ لەرزۆکەکانی جڤاتی گشتی ئاماژەی زەقن کە گۆڕان لە دارماندنێکی بەردەوامدایەوە، ئەوەی ماوەتەوە هەڵمەت و کاری گۆرانخاز و هەڵسوراوە دڵسۆزەکانە بۆ ستۆپکردن بەم دەسەڵاتە نامۆیە بە گۆڕان و پرەنسیپەکان و رێبازی کاک نەوشیروان. 

بێگومان چەند گروپێکی نیەت گوماناوی کە لە ئاراستە سیاسی و فکری و ئاینی و کۆمەڵایەتیە جیاکانەوە لە ناو گۆڕاند پێگەی خۆیان گەرم کردوە، کاک نەوشیروان لە دڵپاکی و بەخشینی هەل بۆیان پشتگیری کردن و بواری پێدان، دوای وەفاتی بونەتە بازرگانی سیاسی و ئەڵقەی گومانلێکراوی گرێدراو بەم هێز و ئەو لایەن، ژێر بەژێر سەفقاتی بازرگانی و گەندەڵی و سیاسی و یاسایی و پەرڵەمانی دەکەن و بزوتنەوەکەیان گەیاندۆتە لێواری دارماندنی تەواو.

لە لاکەی ترەوە چەند کەسانێکی تر کە لە رابوردودا سەرتاپایان لە گەندەڵی و پێشێلکردنی بەها جوانەکانی کۆمەڵایەتی تێوەگلاوە ئەمرۆ زۆر موخەنەسانە جاڵجاڵۆکەی حەز و خواستە شەیتانیەکانیان لە سایەی گۆڕاندا هەڵدەچنن، خۆشبەختانە چەند راپۆرتی باوەرپێکراوی ئەمریکی و دەرەکی دەرباری ئەم گروپە لە بەر دەستدان، خوازیارم نەگاتە ئەوئاستەی هەمویان بۆ رای گشتی بڵاوبکرێنەوە.

هەروەها دەبینین گروپێکی پۆپۆلیستیش کە کاک نەوشیروان بواری کارکردنی لە ناو گۆراندا، تایبەت لە راگەیاندنی گۆڕاندا، بۆ رەخساندن زیادە لە قەوارە و بەهای خۆیان دەمدرێژی بەرامبەر بە هەڵسواراوە رەسەنەکان دەکەن و بونەتە تابوری پێنجەمی وێرانکەرانی گۆڕان، ئەوانە ناشێت ئەوە لەیاد بکەن گەر بێتە سەر هەڵدانەوەی لاپەرەکانی رابوردو، دەبێت شەرمیش دایان بگرێت کاتێک بیر لەوە بکەنەوە سەردانی مەکۆی سەرەکی گۆڕان بکەن.

بە کورتی ئەمانە مۆتەکە تێکدەرەکانی ناو گۆڕانن، بەڵام ئەمە کۆتایی ئەو چیرۆکە نیە، دەیان هەڵسوراوی دڵسۆز ژمارەیەکی زۆری بەڵگەو ودۆکیۆمێنت و ڤیدیۆ و نامەی تایبەتیان لە بەر دەستدایە کە راستی بەشێکی ئەم تاقم و گروپە خۆپەرستانەی ناوگۆڕان دەسەلمێنن.

ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە خانەی راپەراندن بە گشتی دەست لە کارکێشانەوەی خۆیان رابگەیەنن، ئەنجومەنێکی کاتی لە سەرجەم نوێنەرانی هەڵسوراوان و دامەزراوەکانی گۆڕان ببێتە دەسەڵاتی بریاردەر تا بەستنی دوەم کۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان، سەرجەم رێکەوتنەکانی گۆڕان تا کۆنفرانسی نیشتمانی هەڵپەسێنرێن، هاوکاتیش کورەکانی کاک نەوشیروان بێنە دەنگ چونکە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت هەولێکی نەخشە دارێژراوە بۆ کاڵکردنەوەی مێژ و خەباتی باوکیان.
گەر ئەمانە نەکرێن هیچ پاساوێک نامێنێت بۆ شاردنەوەی راستیەکان و رانەماڵینی دەمامک لە روخساری ئەو تێکدەر و لادەرانەی ناو گۆڕان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×