قسەیەک لەسەر دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان

مەم بورهان قانع
  2019-03-12     1009
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەدانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، بەپەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەمانی وت: "بەپێی بڕگەی (٤) لە مادەی ٥٧ دانیشتنەکە بەجێبهێڵن و بچنە دەرەوە".

ئەم رێوشوێنەی سەرۆکی پەرلەمان نایاسایی و دژی پەیڕەو بو. وەکچۆن دەقی ئەم بڕگەیەی مادەی ناوبراو، بەمجۆرەیە: "ئەگەر ئەمجارەش پابەند نەبو بەردەوام بو، سەرۆک دەتوانێت لە دانیشتنەکەدا، بێبەشی بکات". ئەرێ ئەم بڕگەیە دەڵێت چی؟! لەکاتێکدا بە هیچ جۆرێک ناڵێت سەرۆکی پەرلەمان بۆی هەیە فراکسیۆنێک لە دانیشتنی پەرلەمان بێبەش بکات، کەچی سەرۆکی پەرلەمان (کە دکتۆرای لە قانون دا هەیە)، پاڵپشت بەم بڕگەیە و لەناو دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان دا، دەیویست فراکسیۆنێک لەم دانیشتنە بێبەش بکات!

لەم بڕگەیەدا نەهاتوە؛ کە کێ بێبەش بکات؟! لەکاتێکدا لە بڕگەی پێشتر (بڕگەی ژمارە ٣)ی هەمان مادەدا، هاتوە: "لەحاڵەتی بەکارهێنانی زمانی زبردا، ئەوا وریاکردنەوەکە، سڕینەوەی ئاخاوتنەکانیشی لە پڕوتۆکۆڵ لەگەڵدا دەبێت".

لەمبارەیەیشەوە دەڵێم:

١- هیچ ئەندامێکی فراکسیۆنەکەمان قسەی زبری نەکردوە، بەڵکو خاڵی پەیڕەومان هەبوە و تەنانەت سەرۆکی پەرلەمان دیسان پێشێلی پەیڕەوی کرد و زۆربەی خاڵەکانمانی وەرنەگرت.

٢- هەریەک لەمن و سەرۆکی فراکسیۆنەکەمان و ئەندامێکی دیکەی فراکسیۆنەکەمان، کە دوای رەزامەندیی سەرۆکی پەرلەمان قسەمان کرد و پێشێلکارییەکانی پەیڕەومان لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە خستەرو، هیچ کام لە ئێمە قسەی زبرمان نەکرد و قسەکانیشمان لە پڕۆتۆکۆڵ دا نەسراونەتەوە، تاکو سەرۆکی پەرلەمان هۆشداریی بداتە ئەندامێکمان (نەک فراکسیۆن) و ئینجا لە دانیشتنەکەیش بێبەشی بکات!

بە کورتی:

دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان، لێوانلێو بو لە پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.. ئەو پەیڕەوەی لە خولی پێشوی پەرلەمان و بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتیی تێپەڕێنراوە و کەچی هەر سەرۆکی پەرلەمانیش (کە پارتی یە) پێشێلی دەکات! سەرەرای پێشێلکردنی هەردو بڕگەی دوەم و چوارەم لە مادەی (٢٨) ی پەیڕەوەکە؛ لە دابەشکردنی نوێنەرانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان و بێبەشکردنی فراکسیۆنی "نەوەی نوێ" لە چەند لیژنەیەکی گرنگ و کاریگەردا.

مەم بورهان قانع - ئەندامی پەرلەمانی کوردستان.لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×