ژێرزەمینەکانی شانزەی سێ!

د. یه‌حیا عومه‌ر رێشاوی
  2019-03-15     866

•لەشانزەی سێی ھەشتاو ھەشتدا، ژمێرزەمینەکانی ھەڵەبجە بوونە پەناگا و جێگەی نزا و پارانەوەی دانیشتوانی شارێک و لە پارچە جوگرافیایەکی تەسکدا، سەدان خێزان بەترس و خەمێکی قووڵەوە خۆیان حەشاردابوو. 
•ژێرزەمینەکانی ھەڵەبجە کە بۆ خۆپەنادان لە بۆردوومانە بێرەحمەکانی ئەودیو سنووری شارەوە دروستکرابوون، لەو رۆژەدا تاکە شوێنی کۆبوونەوەی چەند ماڵێکی گەرەک بوون، کە خەم و چارەنووسی ھاوبەش کۆی کردووبونەوە.
•ئەو پەناگا دەستکردە سادانە، نە دەیتوانی بەر لە بۆنی سێوی گازی کیمیایی بگرێت و نە بەرگەی بۆمبی فرۆکە وەحشیەکانی رژێمی بەعس دەگرت، بەڵام بۆ ئەو چەند کاتژمێرە بووبوویە سوپەر و قەڵغانی خۆپارێزیی و دڵئارامیی.
•لەو چەند کاتژمێرە سامناکەدا، ئەو ژێرزەمین و پەناگانە ھۆڵ و میوانخانە و ژووی حەوانەوە و مزگەوت بوون، تەنانەت ھەندێ جار دەبوویە شوێنی گەمەی منداڵان و بەبادانی خەم و ناسۆریەکانی ژنان و پیاوانی شار. 
•ئەو ژێرزەمینە چەند مەتریانە باس و خواسی ستەمی چەند ساڵەی رژێمی تێدا دەکرا، بەسەرھاتی جەنگێکی خوێناوی و بێمانای دوو دراوسێی تێدا دەکرا، سەرگوزەشتەی نەھامتیەکانی سەد ساڵەی گەلی کوردی تێدا دەکرا.
•لەو پەناگانەدا، نەخۆشێکت دەدی لە تاو ناسۆر و ئازار ناڵەی لێ دەھات، خوێندکارێکی پۆلی دوازدەت دەبینی بە ئومێدی نمرە و بروانامەوە سەری لەسەر کتێبەکەی دانابوو، دوو دەزگیرانت دەبینی کە لە شانزەی سێدا خەونی خانە و لانەیان دانابوو. 
•لە شانزەی سێدا سەرزەمینی ھەڵەبجە ھەناسەی لێ برابوو، شار بەرگی ترس و خەمی پۆشیبوو، باڵەخانە و خانوەکانی گەرەگەکانی کانی ئاشقان و مامۆستایان و پیرمحەممەد چۆڵەوانی لێ دەباریی و ھەموان یا لەو ژێرزەمینانەدا سەریان کز کردبوو، یاخود شاریان بەرەو چارەنووسێکی نادیار بەجێھێشتبوو. 
•ئەو ژێرزەمینانە دواجار ھەندێکیان بوونە گۆرستان و دوامەنزڵگەی شەھیدانی شار و سەدان ئازیز و ھەڵەبجەیی بێتاوان، مەرگ لە ئێمەی سەندنەوە و نە نوێژێکیان لەسەر خوێنرا و نە پرسەیان بۆ گێررا .
•ئەگەر لە شانزەی سێی دووھەزار و  نۆزدەدا بە کۆڵانەکانی شاردا گوزەر بکەیت و خۆت بگەیەنیتە ئەو ژێرزەمینانە، رەنگە ھێشتا ھاوار و پارانەوە و قیژەی ترسی ئەو چەند کاتژمێرە لە گوێتدا بزرنگێتەوە و دوور نیە ھێشتا یا ئەڵڵا و یا حافیز رەنگی دیوارەکانی گرتبێت. 
•ئەمرۆ ھەڵەبجەییەکان ژێرزەمینەکانیان تەنھا وەک یاداوەریەکی تاڵ وەبیر دێتەوە  و بە پانتایی کوردستاندا پژاون بە ئومێدی داھاتویەکی گەشتر سەرزەمینەکان ئاوەدان دەکەنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×