بۆ ھێزەکانی ئۆپۆزسێۆنی پێشو، ھەمو کەسایەتی‌و چالاکوان‌و ڕۆشنبیرەکان

حاكم شێخ له‌تیف
  2019-05-24     1681
لەبەر خاتری شاشوارو چالاکوانە سیاسیەکانی ھاوڕێی نا، بەڵکو لەبەر ئەو پڕەنسیپانەی خۆتان چەند ساڵە بەگوێی خەڵکیدا دەدەن کە پێویستە:

١-داداگا سەربەخۆبێت و بەکارنەھێنرێ بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەو تۆڵەی سیاسی

٢- دامو دەزگاکانی ئاسایش بێلایەن و پڕۆفیشناڵ بن و بۆ ئامانج و مەبەستی سیاسی و حیزبی بەکار نەھێنرێن

٣- ئازادی بیرو ڕاو ئازادی کاری سیاسی بۆ ھەموان ھەبێت

٤- مافی تۆمەتباران لەھەموو ڕویەکەوە لەکاتی لێکۆڵینەوەو ڕوبەڕوبونەوەی تاوان مافین پارێزراو بێت 

ئێستا بەوازیحی دیارە کە کێشەی شاسوارو ھاوڕێکانی سیاسیەو بەتایبەتیش تۆڵەی ئەو قسەیەی لێ دەکرێتەوە کە وتی سەرانی ئەم حیزبانەئەگەر چاکسازی نەکەن بەچارەنوسی مفەوەز شەماڵ دەچن، ئیتر بێدەنگی ھیچ پاساوێکی نیەو دەچێتە خانەی ترسنۆکی‌و ڕاستگۆ نەبون لەگەڵ پڕەنسیپەکان.

لەگەڵ بۆچون‌و تەوەجوھاتی شاسوار ببین یان نەبین شتێکەو ئەم کەیسە بەمشێوەیەی ئێستا شتێکی ترە، شاری ڕۆشنبیری ئەوەنیە بەدروشم ناو بنرێت شاری رۆشنبیری، بەڵکو ئەوەیە خەڵکەکەی بەتایبەتی خەڵکە ڕۆشنبیرەکەی ھەڵوێستیان ھەبێت لەکاتی لادانی دادگاو پۆلیس‌و ئاسایش‌و سەرجەم دامو دەزگاکانی ترو ناچاریان بکەن ڕێزی قانونەکانی ھەرێم بگرن، ھەڵوێستیان ھەبێت لەسەر سوکایەتیکردن‌و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی مافەکانی تۆمەتبار، با ئەو کەسە لەتۆ جیاواز بێت لەھەمو ڕوەکانەوە یان تەنانەت نەیاریشت بێت.

ئەو پێشێلکاریانەی ئێستا بەرامبەر بەکەسێک دەکرێت دەرگا دەکاتەوە بۆ ئەوەی لەداھاتو بەرامبەر بەھەر ھەرکەسێک بکرێت، بەداخەوە ئێمە لەگەڵ ھەرکەسێک جیاواز بوین لەڕوی سیاسی نەک ھەر بێ دەنگ دەبین بەڵکو زۆرێک ھەن خۆشحالیش دەبن کە دەبینن نایاسایی لەگەڵ دەکرێت تا سەرنجام دەگاتە سەر ھەمومان، لەدوای ڕاپەڕینەوە بەم لۆجیکە کارمان کردوە بۆیە بەم ڕۆژە گەیشتوین بۆیە ئیتر دەبێ ھەڵوێستمان ھەبێ یان با ھەموومان بگرن‌و پێشێل کاریمان لەگەڵا بکەن و دامو دەزگاکان بەکار بھێنن لەدژمان بۆ تۆڵەی سیاسی یان شەخسی؟ یان ئەم مەھزەلەیەی بەناوی قانون و قەزاوە دەکرێت بوەستێنرێت.

ئێستا ئەوەمان لەگەڵا بکەن باشترە لەسبەینێ 
ئەمڕۆ ھەڵوێستمان ھەبێت باشترە لەسبەینێ
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×