ریفۆرمیست‌و ئایدۆلۆژیای ریفۆرمیستی

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2019-06-07     1053
ریفۆرمیست پێناسەی کەسێکە خوازیاری گۆڕانکارییە لەبوارەکانی سیاسی، یاسایی، کۆمەڵایەتی‌و ئابوریی بەئاراستەی بەرە پێشەوە بردن‌و گەشەی کۆمەڵگەو کەم کردنەوە یا نەهێشتنی  ئەو تەنگوچەڵەمانەی کۆمەڵگە بەگشتی ڕوبەڕویان بۆتەوەو دۆخێکی تەواو چەقبەستووی بێ چارەسەری هێناوەتە کایەوە.

لەئایدیۆلۆژیای ریفۆرمیستی، هەموو جوڵەو چالاکی‌و هەوڵێک لەژێر هەژمون‌و لەچوارچێوەی یاساو دەستورو دور لەیاساشکێنی ئەنجامدەدرێت. 

لایەنگرانی ئەم هزرە تەنانەت پێیانوایە ریفۆڕم کردن لەبواری یاسا، دەبێ بەگوێرەی پێداویستیە یاساییەکان‌و هەلومەرجەکان‌و بەشێوەیەکی ڕاست‌و دروست‌و دور لەهەڵەو مەزاجە شەخسیەکانەوە هەنگاوی بۆ بهاوێژرێ. 

هەڵگرانی ئەم بیرە پێیان وایە ئامانجی سەرەکی و هەرە گرینگی ڕیفۆرم لەهەر کۆمەڵگەیەکدا شڵەقاندنی گۆمی مەنگی و دۆخی خەواڵوویی گشتیە و پێویستە  ئەم ئارمانجانە لەخۆ بگرێ:
- رێکخستنەوەی سەرلەبەری کاروباری کۆمەڵگە و نەهێشتنی کەموکورتیەکان.

-  تێکۆشانی بێوچان بۆ نەهێشتنی گەندەڵیە دارایی و ئابوریەکان.

- هەوڵدان بۆ دامەزراندنی جڤاکێکی مەدەنی و یاسایی و شارستانی.

- پیادە کردنی لانی کەمی بنەماکانی دیموکراسی

- پێشخستنی پیشەسازی .

- دادپەروەری گشتی ( نەک تایبەت بە گرووپێکی دیاریکراو).

- گرینگیدان بە زانست و زانستخوازی و مەڵبەندەکانی زانست و بەرهەم هێنانی زانست و تێڕوانین و ڕوانگەی تازە و سود وەرگرتن لە نوخبەی خوێندەوار و خاوەن بیری تازەگەری ( شایستە سالاری) نەک حزب سالاری، لە پێناو دۆزینەوەی ڕێکارە زانستیەکان بە مەبەستی گەشەی کۆمەڵگا و نەهێشتنی گیروگرفتە کلاسیکیەکانی هەڵقوڵاو لە هزرە کلاسیکیەکان و پاشاگەردانی وێرانکەر.

- ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ بە کردار، نەک بە دروشم ( مرۆڤ سالاری)
- دوورکەوتنەوە لە تووندو تیژی و سود وەرگرتن لە ئامرازو ڕێکارە یاسایی و مەدەنیەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە دوورو نزیکەکان.

- ھێنانەکایەی دۆخێکی پڕ لە متمانەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کارکردن و ھەوڵدانی بەرفراوان بەم ئاراستەیەدا.

- دابین کردنی لانەکەمی کەشی یەکگرتوویی نیشتتیمانی و دوورکەوتنەوە لە پەرتەوازەیی.

- رێگەگرتن لە زەق بوونەوەی بەرژەوەندی تاکە کەسی، تاکەگرووپی و کارکردن لە پێناوی گەڵاڵە کردنی پەیمانی کۆمەڵایەتی لە نێوان چین و توێژە جیاجیاکانی  کۆمەڵگەدا.

- رێگەگرتن لە قورخ کردن و ھێشتنەوەی سەرچاوەکانی دارایی و ئابوری لە دەست توێژێکی سەردەستەو نوخبەیەکی دیاریکراوی ھەژمونگەراوە.

- دیاریکردنی ئەرک و ماف و بەرپرسیارەتیە گشتیەکان  و لێپێچانەوەی یاسایی و ئیداری.

چەمکی ریفۆرم یا گۆڕانکاری لە ناواخن و پراکتیکدا پێچەوانەی چەمکی شۆڕش و نانەوەی ئاڵۆزی و گرژی و تووندوتیژی سیاسی و جڤاکی و فەوزاو 
دەرەنجامەکانی پاشاگەردانیە.

تەنانەت بۆ زیاتر برەودان بە پرسی ریفۆرم دەشێ سوود لە چەمکی  سۆسیالیزم وەربگیرێ و ببێ بە بنەمایەک بۆ   بونیادنانی کۆمەڵگایەک کەوا تیایدا مەفاھیمی موڵکداری ھابەش،بەرھەمھێنان و دابەشکردنی داھات بە شێوازی یەکسان بەسەر ئەندامانی جڤاکەوە  لەچوارچێوەی یاساو رێسادا ببن بە بنەمای دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەرانی خاڵی لە جیاکاری و رێگەنەدان بە دروست کردنی کەلێنە گەورەکانی کۆمەڵایەتی، لە روو ی خۆشگوزەرانی و داھات و سەرمایە و بەرگرتن لە زیاتر ھەژارکەوتنی توێژە کەم دەرامەتە پەراوێز خراوەکانەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×