كاك مەسعود گێڕایەوە

ئه‌رسه‌لان بایز
  2019-06-11     3405
لەیەكێ‌ لەگەشتەكانمان‌و دانیشتنێكدا بەڕێز كاك (مەسعود بارزانی) بۆی گێڕاینەوە: دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعسی عێراق لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانانەوە دەرفەتێكی گونجاو بۆ سەركردایەتی گەلی كوردستان ڕەخسا تاكو لەدامەزراندنی حكومەتێكی دیموكراتی لەعێراقدا بەشدار بین. ئەوە بو سەركردەكانی كورد بەڕابەرایەتی بەڕێزان (مام جەلال‌و كاك مەسعود بارزانی) چونە بەغداو ماوەی چەندین ڕۆژو بگرە مانگ لەوێ‌ مانەوە. لەوێ‌ وەكو یەك تیم كاریان بۆ چەسپاندنی مافە ڕەواكانی گەلی كورد لەدەستوری نوێی عێراقدا دەكرد. لەڕاستیشدا هەوڵ و كۆششی ئەو تیمە نەك هەر سەركەوتوو بوو بگرە بەرهەمێكی گەورەشی لێ‌كەوتەوە. كە ماوەی چەندین ساڵە بەرەكەی دەچنینەوە.

لەو سەرو بەندەدا لە گەرمەی بگرەو بەردەو گفتوگۆ سەخت و توندەكانی نێوان تیمە یەكگرتووەكەی گەلی كورد لەگەڵ عەرەبەكان. ڕۆژنامەی (التأخی) وتارێكی توندی ڕەخنە ئامێزی بێ‌ سەروبەری لەسەر جەنابی (مام جەلال) بڵاوكردبۆوە. كاتێ‌ جەنابی كاك (مەسعود بارزانی) چاوی بە وتارەكە دەكەوێت زۆر ناڕەحەت و توڕە دەبێت و ئاگر دەكاتەوە. یەكسەر فەرمان بە دەوروبەرەكەی دەدات سەرنووسەری ڕۆژنامەكەی بۆ وەربگرن.

كاك (مەسعود) بێ‌ یەك و دوو بە توڕەبوونێكی بێ‌ ئەندازە بە سەرنووسەرەكە دەڵێ‌: دوای داخستنی ئەم تەلەفۆنە یەكسەر شڕوشیتاڵت كۆدەكەیتەوەو دەست بەجێ‌ نووسینگەی ڕۆژنامەكە جێ‌ دەهێڵی. كاك (مەسعود) لەسەر قسەكانی بەردەوام دەبێت: تۆ بە چ هەقێك بە چ عەقڵ و لۆژیكێك لەم بارودۆخە دژوارەدا ئەو جۆرە وتارانە لەسەر (مام جەلال) دەنووسیت…؟ (پیاوی گەورە هەر ئەوەی لێ‌ چاوەڕوان دەكرێت). ئێمە لێرە ڕۆژانە وەكو یەك تیم هیلاك و ماندوو شەونخونی دەكەین مەڵۆ مەڵۆ كۆی دەكەینەوە. لە هەوڵی چەسپاندنی خاڵێكی باشین لە دەستوری عێراقدا تۆش نەزانانە دەتەوێ‌ ئاگر بەربدەیتە خەرمانی ماندوو بوونەكەمان.

دیارە سەرنووسەرەكە بە هۆی هەقی و دروستی قسەكانی كاك (مەسعود) و توڕە بوونەكەی متەق لە دەمی نایەتە دەرەوە، دوای تەواوبوونی تەلەفۆنەكە بە شكستی و ناڕەحەتیەكی زۆرەوە كەل و پەل و جانتاكەی كۆ دەكاتەوەو دەست بەجێ‌ ڕۆژنامەكە جێ‌ دەهێڵێ‌.

دوای دوو ڕۆژ لە سەرگەردانی و بیركردنەوەی چۆنیەتی ڕاست كردنەوەی هەڵەكانی، دوای پێداچوونەوە بە هزری خۆی بیرۆكەی سەردانی (مام جەلال)ی دەكەوێتە بەر سێرەی خەیاڵی. هەر چۆنێ‌ بێ‌ خۆی دەگەیەنێتە بارەگای نیشتەجێ‌ بوونی (مام)، دوای داوای لێبوردن. ئیتر وەكو خۆی بەسەرهاتەكان بۆ (مام جەلال) دەگێڕێتەوە. (مام)یش یەكسەر پێی دەڵێ‌: كوڕم ئەوە من عەفوم كردی (لێبوردەیی پیاوی گەورە) بەڵام بۆچی وا دەكەن. ئێمە هەموومان بەیەكەوەش ناتوانین تەواوی مافەكانی گەلی كورد لە دەستوری عێراقدا جێگیر بكەین جا چ جای دووبەرەكی و لەیەكتر ترازانمان. كابرای سەرنووسەر هەر بەوە ڕازی نابێت دەڵێ‌: بەڵكو لای (كاك مەسعود)یش شەفاعەتێكم بۆ بكەیت. (مام)یش دەڵێ‌: خەمت نەبێت ئەوەشت بۆ دەكەم.

ڕەمزو پیاوە گەورەكان گیانی لێبوردەیی و هەست كردن بە لێپرسراوێتی گەورەیان لە ئەستۆیە. هەڵوێستی لێبوردەیی و خەمخۆریی یەكڕیزی گەلی كوردی ئەو دوو جوامێرە بۆ ئەو پانزە ساڵەی ڕابردوو خەرمانێكەو ئەبێ‌ هەموومان لێیانەوە فێربین.

هەقە ڕۆژنامەو گۆڤارو شاشەی تەلەفزیۆنەكانیش هۆكاری تەبایی و برایەتی ڕیزەكانی گەل بن نەك چاندنی تۆوی دوو بەرەكی و بەنزین بە ژیلەمۆداكردن و سوتاندنی خەرمانی دەیان ساڵەی بەری خوێنی شەهیدان.
 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×