کێشەی یەزیدیەکان لەگەڵ پارتی چیە؟

بەهادین نوری
  2019-08-06     1406
یەزیدیەکان دەبنە پێشڕەوی کورد بۆ دیموکراتیزە ؟
میللەتی کورد مێژوویەکی درێژی پڕ لە دەرد و مەینەت و ناخۆشی هەیە ، بەڵام هیچ کاتێک ئەو ناخۆشیە نەگەیشتۆتە ئاستی ئەو جینۆساید و کارەساتەی کەلەرۆژانی دوای ٣/٨/٢٠١٤ دا توشی کوردانی ئێزیدی بوو لەسەر دەستی تیرۆرستانی داعش ، لەسەردەمی حکومڕانی کورد لەم هەرێمەدا . ئەو رۆژە کە داعش شاری موسڵی داگیرکرد بەهەموو چەک و جبەخانەیەوە لە نوری مالیکی وەرگرت پارتی و یەکێتی ، هەر کەس لە ناوچەی خۆیدا ، میلیشیای خۆیان لەشەنگال و مەخمور و کەرکوک وجەلەولا دانا بۆ پاراستنی کوردستان . یەزیدیەکان لە شنگال بێخەم پشتێنیان لێکردەوە ، گوایە چەکدارانی پارتی سەنگەرەکانیان گرتووە . بەڵێ سوپای مالیکی وەک پایەیەکی لمین ڕووخا بەڵام کەس تەسەوری نەدەکرد کە چەکدارانی پارتیش بەهەمان شێوە بڕووخێنن و سەنگەرەکانیان جێبێڵن لە ژێر دەستی تیرۆرستانی داعشدا ، لە کاتێکدا کە مەفرەزەیەکی چەکداری پەکەکە توانی بەرگری لە بەشێکی لێقەوماوانی یەزیدی بکات و رزگاریان بکات لە تیرۆرستان و بیانبەنە قەد چیای شەنگال و دواتر بۆ جێگەی ئەمین . ئەمە روویدا و هەمووکەس دەزانێ کە بەشێکی گەورەی بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی پارتی کە فەشەلی هێنا لە پاراستنی خوشک و برا یەزیدیەکان .

زێتر لەوەش ، برایانی پارتی نەبە وشەیەک داوای لێبوردنیان لە یەزیدیەکان کرد ، نە یەک بەرپرسی سەربازیان سزادا نە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بۆ خەڵکی ئەم هەرێمە بڵاوکردەوە ، وەک بڵێیت هیچ ڕووی نەداوە !! بەمەش پارتی زەرەری زۆر گەورەی کرد ، یەزیدیەکانی لەخۆی ڕەنجاند . توانیویانە بە پوول و پارە چەند کەسێک ڕازی بکەن ، بەڵام ناتوانن جەماوەری خەڵکی سادە ڕازی بکەن . 

من داوا لە برادەرانی پارتی ئەکەم کە واقیعبینانە و بەلۆژیکی بڕواننە کێشە و سکاڵای یەزیدیەکان ، لەو ڕاستیە حالیبن کە خودی پارتی خەتابارە بەرانبەریان ، بەرپرسیارە لەو کارەساتە ترسناکەی بەسەریان هات . کارەساتی ٣/٨/٢٠١٤ وێنەی پارتی لای یەزیدیەکان بەجۆرێ ناشرین کرد کە زۆر زەحمەتە بۆ یەزیدیەکان بیانخاتە ناو سنوری دەسەڵاتی خۆی و میری سەربەپارتی بسەپێنێ بەسەریاندا . لەدوای دیاریکردنی حازم بە میری یەزیدیەکان بڵاوکرایەوە کە کەسانی ناڕازی میرێکی تریان هەڵبژاردووە و قسەدەکرێ کەمیری سێهەمیش هەڵبژێردرێ . شتی لەم چەشنە بە درێژایی مێژوویان لە نێو یەزیدیەکاندا نەبووە ، ئەمە مانای وایە دووبەرەکی و سێبەرەکی کەوتۆتە نێو یەزیدیەکان ، ئەمە رەنگدانەوەی ڕێڕەوی حیزبایەتی تەسکە لە نێو پارتی و یەکێتی و پەکەکەش . هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەم وەزعە دەگەڕێتەوە بۆ فەشەلی سەربازی پارتی لە ٣/٨/٢٠١٤ دا ئەگەر ٣/٨ پارتی بیتوانیایە شەنگال بپارێزێ لە داعش ئێستە ئەو خەڵکە هەڵوێستێکی دیکەیان دەبوو . مادەم فەشەلی هێنا دەبێ باجی ئەو فەشەلەی بدا . 

ئەگەر زۆرینەی یەزیدیەکان رقیان لە پارتی بێت و پارتیش بیەوێت بەزۆر خۆی بسەپێنێ بەسەریاندا ئەوە یەزیدیەکان بەشبەش دەبن ، بەشێک ، کە زێتر چاوی لە پوول وپارەیە پارتی هەڵدەبژێرێ چونکە پارتی پارەی زۆرە . بەشێکیتر دەچنە لای یەکێتی . بەشی سێهەم دەچنە لای پەکەکە . بەشی چوارەم دەچنە لای ڕژێمی بەغداو ، بەم چشنە یەزیدیەکان بەشبەشدەبن . ئاشکرایە کە ئەمەش زۆر زیانبەخشە چ بۆ خودی یەزیدیەکان و چ بۆ هەرێم و گەلی کوردستان .

پێشنیازێ لە منەوە بۆ چارەسەری وەزعی نێوخۆی یەزیدیەکان
هیچ گومانێ لەوەدانیە کە لە سەردەمی دێریندا بوونی میر بۆ کۆمەڵگەی یەزیدی شتێکی پێویست بووە ، چ وەک پاشایەک ئەو میرە هاتبێتە ئارا چ وەک میرێ لە لایەن تاقمێ کەسایەتی ئایینی و دنیاییەوە هەڵبژێردرابێ . ( هەڵبژاردنی گشتی وەک ئێستە لە هیچ وڵاتێ نەبووە ) . بەڵام ، وەکو هەموان دەزانن ، دنیا هەمووکاتێ لە گۆڕاندابووە ، لە گۆڕانیشدا دەبێ . ئەمڕۆ ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە زانست و تەکنیک زۆر پێشکەوتووە ، جیهانی گڵۆباڵ و دەرچوونی مرۆڤ بۆ فەزای دەرەکی . ئەمڕۆ شێوازی حوکمڕانی لە بنەڕەتەوە جیایە لەهی دووهەزار ساڵ یان ٥٠٠ ساڵ پێشتر ، لەباتی پاشاو دەسەڵاتی تاکە کەسی ئەوکاتە ئێستە هەڵبژاردن و پەرلەمان و دەستوور هەیە . خوشک و برا یەزیدیەکان کە لەهەرێمی کوردستاندا دەژین نابێ لە چوارچێوەی داب و نەریتی بەرلە هەزاران ساڵدا بمێننەوە . زۆر شتیان نوێ کردۆتەوە و گۆڕیویانە وەکو جل و بەرگ و خانوو بەرە و ئامرازی هاتوو چۆ...هتد . میرەکەش با بمێنێ بەڵام وەکو جاران نەبێ . با پیاوانی ئایینی کۆببنەوە و میری خۆیان هەڵبژێرن تایبەت بە کاروباری ئایینی خۆیان . لە لایەکیتریشەوە کاتی ئەوەیە کەسەرجەم هاوڵاتیانی یەزیدی لە ژن و پیاو مافی ڕوای خۆیانە کە ، وەکو هەموو گەلانی پێشکەوتوو ، ئەنجومەنی بەڕێوەبەرێتی خۆیان هەڵبژێرن هەتا ئەو ئەنجومەنە کاروباری ئیدارییان بەڕوەببات .


پاش ٢٨ساڵ لە حکومڕانی پارتی و یەکێتی لەم هەرێمەدا دیموکراسی هەر بەناو هەیە وبە ناوەڕۆک هێشتا سەوز نەبووە ، پەرلەمان زادەی هەڵبژاردنێکی پڕ لە تەزویر و ساختەکاریە ، جائەوە دەبێتە شەرەفێکی گەورە بۆ یەزیدیەکان ئەگەر بتوانن نموونەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و خاوێن پێشکەش بکەن و داوا لە خەڵکیتر بکرێ چاویان لێبکەن . با حیزبەکانیش لەم چوارچێوەیەدا لیست و کێبڕکێی خۆیان هەبێ بە شارستانیانە .


لە کۆتایی ئەم وتارەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە باشترین جێگە بۆ باس و تاووتوێی کێشەی نێوان پارتی و یەزیدیکان ، هەروەها وەزعی ئەمڕۆی خوودی یەزیدیەکان ، هۆڵی پەرلەمانی هەرێمە : بەڵام ئەوی بۆ من پاڵپێوەنەرنەبوو ئەوەیە کە بەتایبەتی ئەم پەرلەمانەی ئێستا زادەی هەڵبژاردنێکی خاوێن و ئازاد نیە ، بەڵکو بە پێچەوانەوە . لەگەڵ ئەوەش کەس ناتوانێ بڵێ ئەو پەرلەمانتارانەی ئێستە پیاوی باشیان تێدانیە . جا ئەو باشانە هیچیان پێدەکرێ ؟ با خۆیان وەڵام بدەنەوە !
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×