​ ڕێز لە کێ بگرین؟

هاوڵاتییەک
  2018-12-28     2218

خوێنەری بەڕێز لەم بابەتەدا ئەمەوێت بەوە دەستپێبکەم، کە ئەمە شکات کردنێک نیە بۆ ئەوەی مافێکی پێوەر بگرمەوە یان شتێکی پێبگۆڕم تەنها ئەمەوێت ڕونکردنەوەیەک بێت بۆخەڵکی و بۆ ئەو کەسانەی لەدەسەڵات دان، بەزمانی خەڵک دەست ڕۆشتون، لەدواییدا تەنها چەند پرسیارێک ئەکەم!

 ئەم بەسەرهاتەم هەندێک دواخست لەبڵاو کردنەوە نەک کاکی دەست ڕۆشتو بمناسێتەوە بۆ تۆڵەسەندنەوە هەندێک کاتی زێڕینی خۆی پێبگرێت. ئەمڕۆ بەکاتێکی گونجاو ئەزانم بۆدەربڕینی، بەبۆچونی خۆم لەبەرئەوەی ڕەنگە ڕۆژانە ئەم سەرپێچیو، تەعەدا کردنانەیان هەبێت، ئێستا پاش ئەوەی ڕوداوەکە چلەی چووە دڵنیام کە نامناسێتەوە.

ڕۆژێک لەگەڵ هاوسەرەکەمدا لەسەر ئەو شەقامەی کە بەبەردەممی زانکۆی سلێمانی کۆندا  بەرەو ئەو فولکەیەی کەئەکەوێتە سەرو مزگەوتی قازی موحەمەدەوە ئەڕۆشتین بەئۆتۆمبێلێکی ئاسایی . کەنەلەهی بەرپرسان ئەچو نەلەهی مافیاکانی نەوت‌و دەرمان نە لەهی تازە هەڵتۆقیوان،  گەیشتینە ئەو ترافیکلایتەی کە جادەکە ئەکاتە چوار ڕیانێک لقێکی بەرەو ڕێگای ئەزمڕ لقەکەی تریشی بەرەو مامۆستایان، لقەکەی کەشی بەرەو فولکەی دەستەکە یاخۆد یانەی مامۆستایان،کاتێک ئێمە گەشتینە بەردەم ترافیکلایتەکە گڵۆپی سور داگیرسا، دەست بەجی وەستاین هیچ ئۆتۆمبێلێکی تر نەکەوتبوە پێش ئێمەوە لەلای چەپیشمانەوە ئۆتۆمبێلێکی تاکسی وەستا، بەڵام کاتێک لەئاوێنەکانی ئۆتۆمبێلەکەوە سەیری دوای خۆمان ئەکەم توشی شۆک بوم ئۆتۆبێلێکی لاندکرۆزەری ئاخر مۆدێل کە تەنهاو تەنها جامی پێشەوەی ڕوناکە دوکەس دیارن بەدەست و بەئیشارەت کۆکتێلێک هەڕەشەو توڕە بون‌و جنێویان تێکەڵ کردوە دور لە هەمو ئەتەکێت‌و  ئەخلاق‌و کلتورێکەوە، منیش لەبەرئەوەی  ناتوانم  سیگناڵی سور ببەزێنم هەربەدەست ئیشارەتی ئەوەم بۆکردن کەگڵۆپی سور ڕۆشنە ناکرێت بیبەزێنم، نەخێر ئەوان دابەزینو  دیار بو بۆ ئەوەبو لەئۆتۆمبێلەکەم دامبەزێنن لەو شوێنەدا بە بەرچاوی خەڵکەوە دەستی نامەردانەیان بوەشێنن بۆشکاندنی شکۆی  من‌و هەمو ئەو هاوشاریانەش کەڕێبوارن یان لەئۆتۆمبێلەکانیانەوە لەدیمەنی شانۆی ناچیزەی  دەستداران ئەڕوانن . تا کەسیتر زاتی ئەوە نەکات لەسەرڕێگایانا بوەستێ یا پێیان بڵێ بەری چاوتان کلی پێوەیە . خواو ڕاستان کاکەی پۆلیسی هاتوچۆ تەڕدەستانەو لێهاتوانە فریا کەوت، دیار بوو ئەزمونی زۆری هەبو لەو بوارەدا، ئیشارەتیکی دامێ بۆ ئەوەی بچمە بەردەم تاکسیەکەی لای چەپـم وەستابو، ئیتر نازانم کاکەی پۆلیس بەزەیی بەسەری سپیم داهاتەوە یاخود هۆکەی چیبو لای من ڕون نەبوو .بەڵێ ڕیگامان بۆچۆڵکردنو ئەوان تێپەڕین کەپێنچ ئۆتۆمبێلی لانکرۆزەری جام ڕەش بون ئۆغریان فەرموو ، من بەجۆرێک شڵەژابوم و کاری تێکردبوم خۆزگەم بە مەرگ ئەخواست ، ئاوی دەریای ئیجەم لە خاکی نیشتمان لەلا پیرۆزتر ئەهات بەخەیاڵا، مردنم لا پەسەند تر بوو لەوەی کە لەشارێکدا بژیم ئاوا کلتورو یاسای تیا ئەتکو لاقەبکرێ، شکۆی ئینسان تیایدا بکرێتە نێچیر بۆ بەردەمی حیمایەی بەرپرسان، ئەوی کە کەمێک دڵی دامەوە قسەی پۆلیسەکەی هاتووچۆ بو، کە پڕ بەدڵ سوپاسی ئەکەم.

من لێمپرسی - ئەرێ کاکە ئەم پیاوە دەسەڵاتدارە کێ بو ؟ پۆلیسەکە وتی خاڵەگیان خۆت نیگەران مەکە خەفەتی پێمەخۆ جەنابت ڕەنگە لەژیانتا  تەنها ئەمجارە کەوتبیتە هەڵوێستێکی واوە، ئیهانە کرابیت ئەی من بڵێمچی ڕۆژانە چەند جار بەم جۆرە ئیهانە ئەکرێم، یاسا تەنها بۆ منوتۆیە، ئەمانە لەسەرو یاساوە خۆیان ئەبینن.

بەڕاستی قسەی کاکەی پۆلیس تەواو هێوروهێواشی کردمەوە، هەرچەندە ئەو زامە ساڕێژ بونی نیە، هاوسەرەکەشم یارمەتی دام وتی گوێی مەدەرێ پەڕۆیەک لەوکوڕە گەنجە دادڕە بەسەرماو بە گەرما لەبەر هەتاو لەبەر باران  بۆ خزمەت کردن لەوێدا وەستاوە ، و پێویستیشی بە بژێوی ژیانە، دەسەڵاتیشی نیە ئاخۆ وەک خۆی ئەڵیت ڕۆژانە چەند نەخوێندەوارو تازە پیاکەوتو ئاوا ئەویشو  یاساش ئەشکێنن .

ئیستا ئەڵێین ئایا ئەو نابەرپرسە ئەبێت بۆ چکارێکی گرنگ وا بەهەڵەداون چوبێت، یان چ پارچەیەکی نیشتمان هەڕاج ئەکرێ بەڕێزیان ئەیانەوێ فریای مەزاتەکەی بکەون تا پشکی خۆیان بڕفێنن، ئەی باشە ئەگەر بۆ جیبەجێ کردنی کارێکی گرنگ ئەڕۆیت ئەوا ماتۆڕسایکلو ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن هەیە، ئەتوانن بە دەهۆڵو زوڕنا ببورن بە لورەلورو شوت لێدان بکەونە پێشو دوات تا فریای خاکی ئەو نیشتمانە بکەویت کە درێغیتان نەکردوە لە تاڵان کردنو فرۆشتنی. خۆ ئەگەر ئەم کردە نا شارستانیە خەتای جەنابت نیە حیمایەکانن، لە خۆیانەوەیە، ئەی جەنابت چۆن ڕێگا ئەدەیت، کە ئەمەیان ئەگەرێکی مەحاڵەو هەر دەسەڵاتدارەکان خۆیان بەرپرسن  

هەربەڕێزێک ئەم بابەتەی بەر چاو ئەکەوێت لێی ئەپرسین

ئەگەر ئەوانەی ئاوا یاسا شکێنی ئەکەن ئەی چۆن ڕێز لەخۆیانو ئینجا خەڵک ئەگرن ؟

ئایا گڵۆپی سور و سەرجەم یاساکان هەر بۆهەژارانو دەست کورتو ئەوکەسانەیە کە نەدزیو گەندەڵی ئەکەنو نەنیشتمان ئەفرۆشنو نەهەرگیز ئەبنە مافیاو قۆڵبڕ؟

ئایا لەکاتێکدا لەبەردەم خەڵکیدا ئەکەونە قسەو جڤین، ئەو ناشیرینیانەی خۆیانیان بیر ناکەوێتەوە، یاخود گەلێک بە گێل ئەزانن ؟

بڕوا بکەن ڕەنگە زۆرجار جێی خۆیبێت پرسیار لەخۆمان بکەین بەرامبەر بەدەست ڕۆشتوانی ئەم وڵاتە

ئەپرسم ئێمە ڕۆژانەو بەردەوام ئەم دیمەنانەو دەیانو سەدان دیمەنی ناشیرینترو قێزەون تر لەیاسا شکێنی لەگەندەڵی و لەتاڵانو بڕۆ و لەخیانەت ئەبینینو لەبەرچاومانە ئەی بۆ ڕازین ئەی بۆ هەر هیچ نەبێت بەدرۆیان ناخەینەوە کاتێک لەسەر شاشەکانەوە لەبەردەم مایکەکاندا درۆمان بۆهەڵئەڕێژنو باسی بەها پیرۆزەکانو نیشتمانو نەزاهەتو دەستپاکیمان بۆئەکەن یاخود ڕاگەیاندنە درۆزنو دەربارەکان بۆزومی کامێراکانیان ناخەنە سەر ئەودیاردە پیسو بۆگەنانە بۆ ناپرسن کێ ڕێز لەکێ ئەگرێ کێ ڕێز لەیاسا ئەگرێو کێ یاسا ئەنێتە ژێر پێڵاوەکانی هەر بۆیە ئێمەی هاوڵاتی سادە سەرمان لێشێواوە نازانێن ڕێز لە کێ بگرین لە یاسا یا لەو یاساناسانەی یاسایان کردوە بەسەنگەر بۆگیرفانیان هەمو یاسا شکێنیەکانیان قبوڵە نە ڕێز لەوسوێندە ئەگرن کە خواردیان بۆ یاسا پارێزی و نەڕێز لەو وانانەش ئەگرن کە خۆێندیان ونە ڕێز لەو زانایایانەش ئەگرن کە دانەری یاسای  مرۆڤانە بون .

ئیستا بەجۆرێک سەرمان لێشێواوە نازانین ڕێز لەیاسا بگرین یان ڕێز لەیاساشکێنان؟

 

 

                          هاوڵاتیەک         

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×