یاریی گەورەکان، جەنگی کەناڵەکان

هونەر تۆفیق
  2018-12-28     2562

 
هەمیشە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕەپانی جەنگە ناڕاستەوخۆکانی زلهێزەکان بوە. یەکێک لەهۆکارە سەرەکیەکانی کۆبونەوەی ئەو جەنگانە لەناوچەکەدا، هەڵکەوتەی جوگرافی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە سەرەڕێگای ئابوریی جیهانیدا. 


جوڵەی ئابوریی جیهان جگە لە بانکەکان، لە رێگای گواستنەوەی کاڵا و وزە (نەوت)ەوە لە کەناڵە دەریاییەکانەوەیە. سێ لە هەستیارترین گەروە دەریاییەکان دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. گەروەکانی هورمز، باب مەندەب، سوێس کە (40%)ی بەرهەمی نەوتی جیهانی لێوە دەگوازرێتەوە بۆ کیشوەرەکانی جیهان، دەکەونە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

 بوئرەی جەنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەوری ئەو گەروە دەریاییانەدان کە هەمو جۆرە هێز و جەمسەرە ناکۆکەکانی دنیای تیادا کۆبونەتەوە. 



 یەکەم: هورمز جگە لە ئێران لە رۆژهەڵاتەوە و وڵاتانی نیمچە دورگەی عەرەبی لە رۆژئاواوە کە هەمیشە لەناکۆکیدا بون لەسەر سەروەریی کام لایان بەسەر گەروەکەدا، هێزە جیهانیەکان لە ئاڵۆزیەکانی هورمزدا بەردەوام لە کێبڕکێدان. تورکیا بۆ دروستکردنی پێگەی خۆی لە هورمزدا پشتیوانی قەتەر دەکات. ئیسرائیل کتوپڕ دەچێتە عومان و پرۆتۆکۆلی هاوبەشی سەربازی لەگەڵ سەڵتەنەتی عوماندا مۆر دەکات. میسر دەبێتە هاوپەیمانی ئیمارات و سعودیە. ئەمەریکا و بەریتانیا لەبەرەی عەرەبەکانن، روسیاش بەهەمو توانایەوە پشتیوانی ئێران دەکات. رەنگدانەوەی ئەم ناکۆکیانە لە عێراق و سوریادا دەبینرێت کە بە شێکە لە یەکلاکردنەوەی جەنگی گەروەکان. 


دوەم: باب مەندەب لەنێوان یەمەن لە رۆژهەڵاتەوە و جیبۆتی و سۆماڵ لە رۆژئاواوە. سعودییەکان پشتیوانی لە هێزە سونیە توندڕەوەکانی یەمەن دەکەن، ئێرانیەکانیش هاوکاری حوسیەکانن. ئێران لە بەری رۆژئاوای باب مەندەبەوە پشتیوانی حکومەتی جیبۆتی دەکات تەنانەت تەلاری حکومەت و پەرلەمانی جیبۆتی لەسەر ئەرکی ئێران دروستکراوە. فەرەنسیەکانیش وەک کۆنە پێگەی سەربازی خۆیان کەنارەکانی جیبۆتی دەپارێزن، ئیسرائیل لە رێگەی ئەسیوبیاوە فشار لە جیبۆتی دەکات کە گوێڕایەڵی بێت، روسیاش پشتیوانی ئەریتێریایە بۆ ئەوەی هێزی فشار و هەڕەشەی بەسەر جیبۆتیەوە بێت. ئەمەریکاییەکان لە رێگای سعودیە و میسرەوە کۆمەکی سونەکانی یەمەن دەکەن دژ بە ئێران، لە جیبۆتیش لە بنکە فەرەنسیەکاندا چاودێری سیاسەتی وڵاتەکە دەکەن. لە سۆماڵەوە تورکیا پێگەی خۆی قایم دەکات. ئەردۆغان سەردانی ئەو وڵاتە هەڵوەشاوە دەکات. ئیسرائیل پشتیوانی سۆماڵیلاندی جودابو لە سۆماڵ دەکات. کۆریای باکور چەک و تەقەمەنی بە چەتە دەریاییەکانی سۆمال دەدات، سعودیەش پشتیوانی هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکانی ئەو وڵاتەیە. 



سێیەم: سوێس. ئێران لە رێگای حەماسی فەڵەستینیەوە پێگە و نفوزی خۆی و حیزبوڵای لوبنانی لە سینا و غەزەدا قایمکردوە. ئیسرائیل فشار لە میسریەکان دەکات سینا بپارێزن، سعودیە هەردو دورگەی تیران و سەنافیر لە باشوری سینا لە میسر دەکات، تورکیا لەگەڵ ئیسرائیلدا لەناکۆکیدایە لەسەر حەماس، ئەمەریکا پشتیوانی میسریەکان دەکات، روسیا لە سوریاوە چاودێرە و پێگە سەربازیەکانی لە دەریای سپی ناوەڕاستدا قایم دەکات و کۆمەکی حیزبوڵا و ئێران دەکات لە لوبنان و فەڵەستیندا. 


شەڕی گەروەکان لەم وێنە ئاڵۆزە جیهانیەدا لەلایەکەوە دڵخۆشکەرە کە هەیمەنەی تاکلایەنەی هێزێکی جیهانی بەسەر رێڕەوە ئابوریەکانی جیهانەوە نەهێشتوە. بە کۆتایی سەردەمی کۆڵۆنیالیزمی ئەمەریکی دادەنرێت لەناوچەکەدا. لەلایەکی ترەوە وێنەیەکی ترسناکە بەوەی جەنگەکانی سوریا و عێراق و یەمەن و... هتد درێژکراوەی ئەو ناکۆکیانەن لە گەروەکانەوە گەیشتون بەو وڵاتانە. تا سیستەمێکی جیهانی نوێ لەپاش فەشەلی سیستەمە جیهانیە نوێیەکەی ئەمەریکا کە لە پاش هەرەسی سۆڤیەتەوە راگەیەندرا و کۆتاییەکەی لە (١١)ی سێپتەمبەری (٢٠٠١)وە دەستی پێکرد، هێشتاکە جێگرەوەیەکی شیاوی بۆ دروست نەبوە، تا ئارامی و ئاسایش بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×