رۆژاڤا، سنورێک لەئاگر

هونەر تۆفیق
  2019-10-12     1071
رۆژاڤا، سنورێک لەئاگر.. لەسیڤەرەوە ١٩٢٠ یا ئەدەنە ١٩٩٨
لەپاش شکستی سەڵتەنەتی عوسمانی لەجەنگی جیهانی یەکەمدا، بەپێی ئەو نەخشەیەیەی سایکس - بیکۆ ١٩١٦ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کێشابو، بەشێکی زۆری ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی عوسمانی بۆ بەریتانی و فەرەنسیەکان مایەوە.

لەبەشە فەرەنسیەکەیدا کێشەی سنوور لەنێوان تورکیای میراتگری عوسمانیەکان و سوریای فەرەنسیدا بەردەوام بو، وەک کێشە ویلایەتی موسڵ لەنێوان بەریتانی و تورکیادا لە عێراقدا.

فەرەنسیەکان لە سیڤەردا ١٩٢٠، داوای زەویەکانی عوسمانی تا شارەکانی ماردین ، ئورفە، چەچان، قارتاشیان لە تورکیا دەکرد. تاساڵی ١٩٢٣، پێکهاتنی لۆزان، فەرەنسیەکان حوکمی ئەو ناوچانەشیان خستبوویە ژێر دەستەڵاتی خۆیانەوە، کردبوویان بەسنووری باکووری سوریا.

لە لۆزاندا ١٩٢٣ ، لەو ناوچانە کشانەوە بۆ ئەم سنوورەی ئێستای نێوان سوریا و تورکیا ، بەڵام بەبوونی ویلایەتی ئەسکەندەرونەوە .

ئەسکەندەرونە سەر بەسوریابوو تا کشانەوەی هێزەکانی فەرەنسا لە سوریا ١٩٣٩ . لەپاش کشانەوەی هێزەکانی فەرەنسا ، وەک ئێستا فەراغی ئەمنی لە سوریادا دروست بوو ، سوپای تورکیا بە دەرفەتی زانی ، لیوای ئەسکەندەرونەی داگیرکرد .

سوریا ، لیواکەی بە بەشێک لە خاکی خۆی لەقەڵەم ئەدا و بە ناوچەیەکی داگیرکراو لەلایەن تورکیاوە وەسفی دەکرد تا ڕێکەوتنی ئەدەنە .

ناکۆکی سوری - تورکی لە سەر سنوور بە ڕێکەوتنی ئەدەنەشەوە هەر بەردەوام بوو .
ڕێکەوتنی ئەدەنە ، لەپاش ئەو فشارە توندانەوە دروست بوو کە تورکیا تا ئاساتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی و هەڵگیرساندنی جەنگ لەدژی سوریا بەبیانووی بونی بنکەی پارتی کرێکارانی کوردستان و سەرکردەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان لەو وڵاتەدا .

سەرۆکی میسر - حوسنی موبارەک ، بۆ ئەوەی جەنگەکە بەرپا نەبێت، نێوەندگیری لەنێوان دیمەشق و ئەنکەرەداکرد ، بۆ ڕێککەوتن و چارەسەری ئەو پرسە . ئەسەد نامەیەک بۆ ئۆجەلان دەنێرێت کە ئامادەیە رووبەڕووی تورکیا ببێتەوە بەڵام ئەو تەسلیم بە تورکیا نەکاتەوە . ئۆجەلانیش سوپاسی ئەسەد دەکات ، بۆ ئەوەی جەنگەکە نەقەومێت ، لە ١٩٩٨ دا سوریا بەجێدێڵێت و بەدوایدا بە چاودێری ئێران و میسر ، لەنێوان تورکیا و سوریادا ڕێکەوتنی ئەدەنە مۆر دەکەن .

خاڵە سەرەکیەکانی ڕێکەوتنی ئەدەنە بریتی بوون لە :
- دانپێدانانی سوریا بە لیوای ئەسکەندەرونە ( ویلایەتی هاتای ئێستا ) کە بەشێکە لەخاکی تورکیا .
- پشتکردنە پەکەکە و یارمەتی نەدانی ئۆجەلان .
- ڕازی بوون بە دەستکراوەیی تورکیا ، تا قوڵایی پێنج کیلۆمەتر بۆ ناوخاکی سوریا بۆ ڕاونانی پەکەکە .
سوریا بەو خاڵانە ڕازی بوو .
لەپاش شەڕی ناوخۆی سوریاوە ، ئیتفاقیەی ئەدەنە لە ڕاستیدا هەڵوەشاوەتەوە . چونکە تورکیا بەند و خاڵەکانی لەزۆر لاوە پیشێل کردووە .
بەڵام ئێستاکە زیاتر لە بڕگەی چوونە ناوەوەی پێنج کیلۆمەترەکە کە ڕوسەکان و ئەمریکاییەکان ، تەنانەت یەپەگەش پێ ی ڕازین و داوا دەکەن تورکیا پابەندی بێت ، ئەردۆغان قوڵتر تا ٣٢ کلم بە درێزی ٤٨٠ کلم لە دێرەکەوە تا جەرابلوس داوا دەکات . بەدوو بیانوو :

یەکەمیان : ڕاونانی هێزەکانی یەپەگە
دووەمیان : جێکردنەوەی ملیۆن و نیوێک ئاوارەی سوری لە تورکیادا . ئەم ئامانجەیان کە جۆرێکە لە پرۆژەیەکی بازرگانی و بەرهەمهێن ، لەدیدی ئەردۆغانەوە چاکەیەکە لەگەڵ ئەوروپادا دەیکات . چونکە داوا دەکات ڕەزامەندی لەسەر ئەو ناوچە بەناو ئامنە بدەن ، بۆ ئەوەی ئەو ئاوارانە، روونەکەنە ئەوروپا . وەکو تر داوای بڕی ١٠٠ ملیار ئیرۆش لە ئەوروپا دەکات بۆ نیشتەجێکردنی ئەو ئاوارانە لەو هێڵەدا .

لە دیدی ئەوروپاوە ، جگە لەوەی ئەو پرۆژەیەی ئەردۆغان ئیستفزازە بۆ ئەوروپا ، وەکوترپێیان وایە چارەسەری قەیرانی ئاوارەکانیش ناکات . بەڵام ئەردۆغان پێداگری لەسەر ئەو پێشنیارە دەکات و هۆکاری سەرەکی جەنگەکەشی لە دژی رۆژاڤا لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە یان ١٠٠ ملیارد ئیرۆکەی بدەنێ ، یان دەرگا بۆ ئەوارەکان دەکاتەوە ڕووبکەنە ئەوروپا .

لە ئێستادا ڕوسەکان و ئەمریکاش ، بەپێ ی ئیتفاقیەی ئەدەنە ، چاوپۆشی لەهێرشەکەی ئەردۆغان دەکەن تا قوڵایی پێنج کیلۆمەتر ، لەو پێنج کیلۆمەترە بەدواوە ، بە هێڵ بەزێنی حساب دەکەن و جەنگەکە پێ دەنێتە قۆناغیکی ترەوە کە دەکاتە بەزاندنی سەروەری خاکی سوریا . تورکیا وەک داگیرکەر حساب دەکرێت . کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش مامەڵەی داگیرکەر لەگەڵ سوپای تورکیادا دەکات لە سوریادا .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×