بۆچی ئێستا کاتی دروستکردنی شاندێکی دیپلۆماسی کوردییە بۆ سەردانی پایتەختەکانی بڕیار لە دونیادا؟

سەردار عەزیز
  2019-10-12     1098

دروستکردنی شاندێکی دیپلۆماسی کوردی هەمەڕەنگ لە ئێستادا، نەک هەر کار و ئەرکێکی هەنوکەییە، بەڵکو دەرفەتێکی زێڕینە بۆ پرسی کورد و بە قازانج بۆ هەمو هێزە کوردییەکان دەشکێتەوە بەبێ جیاوازی، لە هەمانکاتدا ئامادەییەکی باش هەیە لە دونیادا.

 ئەم دیدەی ئێمە لە سەر ئەم بنەمایانەی خوارەوە بنەمای گرتوە:

یەکەم، نەیارییەکی زۆر هەیە بۆ هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سوریا. ئەم نەیارییە، تەنها لە پشتیوانیەوە بۆ کورد سەرچاوەی نەگرتوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بەرژەوەندی هێز و ناوەندە جیاوازەکانی دونیاوە هەیە. بێگومان هەر لایەک بەرژەوەندی جیاوازی هەیە، بەڵام کەم ناوەندی دەسەڵاتی جیهانی هەن بەرژەوەندییان لە دۆخەکەدا نەبێت. ڕوسیا بە ڕاستەوخۆ بەشێکە لە جەنگی سوریا و پلانی هەیە کە بۆ ماوەی درێژخایەن لە ناوچەکدا بمێنێتەوە. چین دەیەوێت بکشێت بۆ ناوچەکە و پشتێنەی ئاورێشمین بەوێدا تێپەڕێ. ئەمریکا وەک لایەنێکی جیهانی کە لە ژێر فشاردایە بە دوای ئەوەدا دەگەرێت کە چۆن هاوسەنگی لایەنەکان ڕابگرێت. لە سەروی هەمویانەوە ئەوروپاییەکان کە بەرژەوەندی و مەترسییان هەیە لە دۆخەکە. هەمو ئەمانە پرسن کە شاندی کوردی دەتوانێت سودیان لێببینێت و دیدی کوردی دەربارەیان داڕێژێت و دانوستانی لە سەر بکات.
دووەم، هێنانە ئارای خیتابی ئاشتی و  دیپلۆماسی لە ساتەوەختی جەنگێکدا کە نەیاری زۆرە، گوێگری زۆر دەبێت. ئەمە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت کە بۆ یەکەم جار کورد گوێی لێبگیرێت، جیاواز لە جارەکانی تر لە ڕابوردودا. ئەگەر ئەم هەوڵە نەبێتە هاتنە ئارای پرۆسەی ئاشتی دەستوبرد، ئەوا دەبێتە بنەمایەک  بۆ داهاتوو، کە بە پێی زانیاریەکان ئێستا تورکیا وەها بیردەکاتەوە کە ئەگەر کوردستانی سوریا لاوازبکات  پاش ئەوە کاتی ئەوە دێت بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی.  ڕێگەچارەی دیپلۆماسی، کە یانی پرۆسەی ئاشتی، لە زیاتر لە سەرچاوەیەکی ئەمریکیەوە ئاماژەیان پێدراوە، سەرۆک ترەمپ خۆی و  هەروەها جەنەڕاڵ مارک میللی.  
سێیەم، سیاسەتی جیهانی لە دۆخێکی وەرچەرخاندایە، سی ساڵی پاش جەنگی سارد کۆتایی هات کە ئەمریکا تیایدا باڵادەست بوو. لە وەرچەرخانی جیهاندا هێزی نوێ دێتە ئاراوە، ئەم ساتەوەختە بۆ نوێنەرایەتی کوردی بۆ ئیستا و داهاتوو گرنگە، چونکە ململانێی  هێزە جیهانییەکان بەشێکی زۆری لە سەر ناوچەکە دەبێت. کورد دەتوانێت قەیرانی لە گەڵ وڵاتاندا بگۆرێت بۆ دەرفەت و مەترسی. سیاسەتی نێودەوڵەتی هەمیشە گوێڕادێرە بۆ دەرفەت و مەترسی.

دەبێت شاندەکە چۆن بێت؟
 شاندی کوردی هەتا نوێنەرایەتی زیاتری کورد بکات، هێز و سەنگی زیاتر دەبێت. لە هەمانکاتدا دەبێت خەڵکی تری کوردستان لە خۆی بگرێت. دەبێت ئافرەتی تیادابێت وەک ئەندام، دەکرێت دۆستی کوردی بیانیشی تیادابێت، کەسێکی وەک بێرنارد کوشنەر بۆ نمونە. لە هەمانکاتدا دەبێت لە ڕوی تەکنیکیەوە چەند خەسڵەتێکی هەبێت: یەکەم، دەبێت تیمێکی ڕاوێژکاری بە توانای لە پشت بێت. شاندەکە دەبێت کەسی زمانزان و بە توانای تیادابێت کە بتوانێت لە گەڵ میدیای جیهانیدا بە باشی مامەڵە بکات.  دەبێت پلانڕێژی باشی کارەکە بکرێت: سەرەتا لە کوێوە دەست پێبکرێت، کە بەڕای من دەبێت لە واشنتۆنەوە بێت، پاشان بۆ برۆکسل، ئینجا مۆسکۆ پاشان پەکین.
پاشا ئەم دیدارانە دەکرێت لە جێگایەکی وەک کۆشکی ئەلیزێ کۆبونەوەیەکی گەورە سازبکرێت، کە لە ساتی ئێستادا ماکرۆن ئامادەیی دەبێت بۆ کارێکی وەها، یان لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، یان واشنتۆن.  
دەبێت ئەم هەنگاوە بە خێرایی بنرێت، چونکە وەک دەنگۆ هەیە کە ئەمریکا هەتا ١٣ی مانگی داهاتوو دەرفەتی بە تورکیا داوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×