خۆپیشاندانەکانی عێڕاق

ڕوناک شوانی
  2019-11-08     1015
شتێک هەیە ناوی ماف، خۆپیشاندانەکانی بەغداو شارەکانی تری عێڕاق بۆ بەدەستهێنانی مافێکی داگیرکراوە، مافی هەزاران گەنجی بێکار، مافی خەڵکگەلێ لەسادەترین بنەماکانی ژیان بێبەش کراون، ئەوانەی بێبەشیان کردوون بەرپرسگەلێکن، بەدزینی قوتی خەڵک، لە ڕێگەی دەستگرتن بەسەر ماڵ و زەویوزارێک، کە موڵکی ئەوان نیین و بەخۆڕایی یان بەپارەیەکی کەم پێیان بەخشراوە، بەبازرگانیکردن بەداهاتێک، کە داهاتی وڵاتە و بۆ هەموو خەڵکە، بەڵام دەچیتە گیرفانی چەند کەسێکەوە، کەسانێک لەژێر ناوونیشانی سەرۆک، سەرۆکی حیزب، ئەندام پەرلەمان، وەزیر، بەرپرسی حیزب و دەستوپێوەندەکانیان، خاوەن کورسیگەلێکی داتاشراو، ماستاوچی و مشەخۆرەکان، بەناو ڕۆشنبیرو قەڵەم بەدەستەکان، بەرپرسی هەزاران ڕێکخراوی بێبەرهەم و مشەخۆر، کە بەشێوەیەکی ناڕەوا بوونەتە خاوەن سەروەتێکی بێشومار.

ئەمانە هەناسەیان لە خەڵک بڕیوە، پشوویان لێ بڕیون و دواجار بەوپەڕی وشیارییەوە ڕژاونەتە سەر شەقام، ڕەنگە لە سەرەتادا بێبەرنامە و پلان بوون، بەڵام هەنگاو بەهەنگاو فۆرمیان وەرگرت، ئێستا پێگەیشتوون و بەژیریی و بەرنامەوە خۆیان ڕێکخستووە، لە کچ  وکوڕگەلی فێرخواز و مامۆستا، کرێکار و شوفێری توکتوک، دوکتۆر و برینپێچ، هونەرمەند و رۆشنبیر، خوێندەوار و نەخوێندەوار، ژنی ماڵ و فەرمانبەر و هەموو چینەکانی کۆمەڵگەن، کارلەسەر دابین کردنی خزمەتگوزاری، خواردن و خواردنەوە، شوێنی حەسانەوە و چارەسەرکردنی بریندار و بەرکەوتووانی گازی فرمێسکڕێژ، بگرە ئارایشگە و شوینی حەوانەوە لە مەیدانەکانی خۆپیشاندانەکاندا دەکەن. پایەکانی حوکمی گەندەڵیان هێناوەتە لەرزە و دەسەڵاتدارانیان شپرزە کردووە. 

ئەوەی بەرپرسان لە یادیان کردبوو ئەوەیە، کە سەردەم سەردەمی تەکنەلۆژیای زیرەکە، خەڵک زۆر لەوە وشیارترن بەهەڕەشە و بەڵێنی بێ بنەما بێدەنگ بکرێن، گەنجی ئەم سەردەمە لە ڕێگەی تەلەفۆنەکەیەوە دەستی بەوپەڕی جیهان ڕا دەگات، وشیارە و دەزانێت چی لە دنیا دەگوزەرێت. ئەوانەی لە مەیدانی تەحریری بەغدا و مەیدانە سەرەکییەکانی شارەکانی تر کۆبوونەتەوە، لە ڕێگەی فەیسبووک و تویتەرەوە کۆکراونەتەوە، سەرتاپای دەسەڵات، بەهەموو حیزبەکانەوە و دەستێوەردانی وڵاتانی دەوروبەر، بەتایبەتیش ئێران ڕەتدەکەنەوە، هیچ نەخشەڕێگا و چارەسەرێکی کاتی، بەڵێن و بەیاننامە، تەنانەت توندوتیژیی و کوشتنیش پاشەکشێیان پێ ناکات.

ئەمە شۆڕشی خەڵکە و بەڕادەیەک گەشەی کردووە، کە بەمانگرتنی گشتیی گەیشتووە، خۆی بە بەندەرەکانی باشووری عێڕاق گەیاندوە و هەڕەشە لە ناردنەدەرەوەی نەوت و داهاتی گشتی عێڕاق دەکات، بۆیە ترسی جیددی خستۆتە دڵی دەسەڵاتداران بەپەرلەمانیشەوە. کۆی کێشەکانی عێڕاق لە کوردستانیشدا هەن و تەنانەت زەقتریشن، ترساندنی خەڵکی کوردستان بە گۆڕینی دەستووری عێڕاق و لە دەستدانی ئەزموونی هەرێم(کە زۆر ترسناک و جیددییە) خەڵک ڕاناچڵەکێنێ، چونکە دەمێکە خەڵکی کوردستان لە شێوازی حوکم و بەڕێوەبردن و گەندەڵیی یەک بەیەکی بەرپرس و حیزبەکان بێزارن، خۆیان بەخاوەن ئەزموونی هەرێمی کوردستان نازانن، چونکە لە دەستکەوتەکانی ئەو ئەزموونە بەهرەمەند نەبوون.   
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×