دیاردەی تاڵان

لەشکر قادر ڕەسوڵ
  2019-11-15     1178
١. تاڵانکاری کۆڕەفتارێکە، بکەری تاڵانچی بەئامانجی بەدەستھێنان یاخود دزین و داگیرکردنی ئەو شتانەی کە هی خۆی نین و موڵکی گشتین یاخود ھی خەڵکی ترن کردەکە ئەنجام دەدات. کارەکتەری بەشداربوو لەم دیاردەیە دەبێتە کارەکتەرێکی تاوانبار و بەڵتەچی لە یاسا دەرچوو.

٢. بەگشتی دیاردەی تاڵان کاتێک ڕوودەدات کە بارودۆخی کۆمەڵگایەک لەبەردەم ناجێگیری و نەبوونی یاسا و لاوازی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتیدا بێت، کاتێک سیستەمی ژیانی ئاسایی شوێنی تاڵانکراو شێواو بێت و فەراغی سیاسی و یاسایی ھەبێت،  کاتێک لێپرسینەوەی دەسەڵات نامێنێ. ھەموو ئەمانە ڕێگەخۆشکەرن بۆ دروستبوونی ئەم دیاردەیە و ھەلومەرجی بەشداریکردنی تاک خۆشتر دەکات بۆ تاڵانکردن، لەدەرئەنجامی ئەوەش ئەگەری سەرهەڵدانی دیاردەی تاڵانکاری دەبێتە دیاردەیەکی حەتمی.

٣. دیاردەی تاڵان، دیاردەیەکی تەواو ناشارستانیە و  بەشێوەیەکی ڕەها پێچەوانەی ھەموو بەهایەکی ئەخلاقی و ژیاریی و ئینسانیە. ئەم کولتوورە زیاتر پەیوەستە بە کولتووری خێڵ و عەقڵی دەشتەکی. لەقۆناغی سەرەتادا سەرچاوەی ئابووری خێڵ دزی و ڕێگری و تاڵانی بووە، جۆرێک لە بەھا و پێگەی کۆمەڵایەتی بە بکەری تاڵانچی دراوە، لەکۆڕ و کۆبونەوەکان بەشانازیەوە باسی زەبروەشاندن و فێڵ و تاڵانیان کردووە. ئەم کولتوورە خێڵگەراییە تاکو ئێستاش لە فەرھەنگی حیزبی کوردی ئامادەیی ھەیە. حیزبی کوردی نەیتوانیوە و ناتوانێ ببێتە مۆدێلێکی نوێ و مۆدێرنی سیاسی، بەڵکو لەناو پڕۆسەیەکی دۆگمایی-خێڵگەراییدا چەقی بەستووە. 

٤. حیزبی کوردی هێشتا زۆرێک لە بەهاکانی دەشتەکی لەخۆیدا هەڵگرتووە هەرچەندە ئەوانە بەهاگەلی شێواون و لەژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دونیای تازەدا ھیچ ئەرک و پێگەیەکیان نەماوە بەڵام وەکو " گرێیەکی دەروونی" وەکو ” ئەخلاقی بۆماوەیی” هێشتا لەناو ڕەفتاری گروپ و نوخبە سیاسیەکانی ئێمە ئامادەیە بەبێ گوێدانە ئەو شەرمە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەی کە بەدوای خۆیدا دەیهێنێ. 

٥. دەسەڵاتی سیاسی دونیای ئێمە خۆی ھەڵگری کولتووری تاڵانکاریە و بۆ مەبەستی جیاجیاش خەڵک هاندەدات کردەی بەکۆمەڵ و ڕەفتاری تاڵانکاری ئەنجام بدەن. دەسەڵات هەوڵیداوە لەنێو کۆمەڵگەدا دیاردەی تاڵانکردن ببێتە بەشێک لە ئەخلاقی خەڵک و ئەندامانی کۆمەڵگە، ئەمەش بۆ کۆمەڵێک مەبەست و ئامانجی سیاسی خۆی. تەنانەت لەنێو پارتێکی ”ئینتەر ناسیۆناڵ” و ”دیموکرات” دیاردەی خێڵگەرایی و ئاکاری خێڵەکی ڕەگوڕیشەی ھەر ماوە بەمەبەستی جۆشدانی جەماوەر و کۆکردنەوەی هێز لەدەوری خۆی. 

بۆنموونە: لەسەروبەندی شەڕی ناوخۆدا کاتێک هەر لایەنێک بەسەر نەیارەکانیدا زاڵ دەبوو هەرچی کەلوپەلی نێو بارەگاکان بوو بەسەر شان و لەنێو لۆری لایەنەکانی دیکە دەبینرا و موڵک و ماڵیان بەتاڵان دەبردن.

تاکو ئێستاش ئەم دیاردەیە بە فۆڕمی جیاواز بوونی ھەیە و بیست و ھەشت ساڵی دوای ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئەزموونی سیاسی و کولتووری حیزبی کوردی نەیتوانی دیاردەی تاڵانی و شڕەخۆری و ڕاووڕووت لەزەینی تاکی کورد و ژیانی سیاسی و ئیداری ئێمەدا بسڕێتەوە.

٦. ئەگەر تاڵانکاری لەلایەن دەسەڵاتەوە تاکو ئێستا تەنها ڕەهەندی ئابووری لەخۆ گرتبێ لەجۆرەکانی: تاڵانی نەوت و داهات و موچە و قووتی خەڵک ...ھتد لەڕێگای فەسادی سیاسی و ئابووری وکارگێڕی ئەو نوخبە سیاسیەی کە پێگەیان لەناو دەسەڵاتدا هەیە، ئەویش بە هەلوەرگرتن لە دەسەڵاتی دارای و سیاسی بەشێوەیەکی ڕێکخراو و بەنهێنی، کەلەفەرھەنگی زمانەوانی ئێمەدا بە "گەندەڵی-corruption" ناوزەند دەکرێت. 

ئەوا لەمرۆدا فۆڕمێکی ترسناکتری تاڵانی سەریھەڵداوە، دەسەڵات خەریکی تاڵانی فیکری و پەروەردەیی و ھونەری و میدیایی و...ھتر لەکۆمەڵگەی کوردیدا، خەریکی بێبەھاکردنی تاڵانکاری و خاڵیکردنەوەی مانایە لەھەموو کایەکانی ژیان بۆ ئەوە مەبەستەش ھەموو ھێز و ئامرازەکانی خستۆتەگەر بۆ ئەوەی ئاستی ھوشیاری دەسەڵاتی مەعریفی ھاوڵاتیان لەئاستێکی چەقبەستوو و دیاریکراودا بمێنێتەوە و وەچەرخان و گۆڕانکاری گەورە لەدونیای ئێمەدا ڕوونەدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×